خەبات: رۆشنا عەلی:- منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت وەك منداڵانی ئاسایی دەتوانن لە قوتابخانە ئاساییەكان بخوێنن و تێكەڵ بكرێن، وەزارەتی پەروەردەش چەند رێوشوێنێكی بۆ وەرگرتنی ئەو منداڵانە داناوە، پرسیاری سەرەكیش ئەوەیە ئایا كێشەو گرفتەكانی ئەم تێكەڵكردنە چین و ئەو مەرجانە چین كە دانراون بۆ وەرگرتنیان؟ ئایا مامۆستای منداڵانی ئاسایی دەتوانن كاریگەری لەسەر بەرەو پێشبردنی ئەم منداڵانە دروست بكەن یان ئەم منداڵانە لەو قوتابخانانە پێویستیان بە كەسی دووەمە، جگە لە مامۆستا؟ و ئایا گرفتەكانی تێكەڵكردنیان چین ؟ لاپەڕەی پەروەردە ئەم بەدواداچوونەی ئامادەكردووە:

سەرەتا دەربارەی ئەوەی ئایا منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لەهەر قوتابخانەیەك كە بیانەوێت دەتوانن بخوێنن؟ مامۆستا سۆران لەمبارەیەوە بۆ خەبات گوتی: ئێمە وەك بەشەكەی خۆمان خوێندنی نائاسایی لیژنەیەكی باڵامان هەیە و سەردانی هەموو قوتابخانەیەك دەكەین ، لەگەڵ بەرێوەبەری قوتابخانەكان و دەستەی مامۆستایان دادەنیشین هەر قوتابخانەیەك لە سێ حاڵەت تا دەحاڵەتی لێیە، ناوەكان دەست نیشان دەكەین و ئەگەر پێمانبكرێ دەیانگوازینەوە ئەو قوتابخانانە ی خۆمان دەستنیشانمان كردوون ئێستا پرۆژەیەكمان لەبەر دەستە بۆ 30 قوتابخانە، ناوشاری هەولێرمان دابەش كردووە بۆ باكور و باشور رۆژهەڵات و رۆژ ئاوا لە هەر لایەكی قوتابخانەمان داناوە بۆ ئەوەی لە رووی جوگرافی قوتابی لە گەڕەكەكەی خۆی بخوێنێت.

دەربارەی ئەوەشی كە ئایا هەمان مامۆستای ئەو قوتابخانانە وانەیان پێدەڵێنەوە ئایا هیچ سوود لە مامۆستایانی پەروەردەی تایبەت وەرگیراوە ؟مامۆستا سۆران گوتی: لە ئێستادا 30 مامۆستامان ناویان گەڕاوەتەوە دەرچووی بەشی پەروەدەی تایبەتن و لەو قوتابخانانە دامان ناون كە زۆرترین منداڵی خاوەن پێداویستییان لێیە و نزیكەی 80 مامۆستای تر دادەمەزرێنین دابەشی دەكەین بەسەر پەروەردەكانی دەوروبەرو دەشتی هەولێر و شەقڵاوە بۆ ئەوەی لە هەموو شوێنێك قوتابخانە هەبێـت 30 مامۆستامان ناویان گەڕاوەتەوە لە پەروەردەی تایبەت و رەزامەندی بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێرمان وەرگرتووە بیگەیەنینە 80 وانە بێژ و بۆ ئەوەی هەموو پەروەردەكان سوود مەندبن و لە هەندێك قوتابخانە دوو مامۆستامان داناوە لە هەندێ قوتابخانەش كەس و كاری قوتابییەكان چاودێرێكیان دیاریكردووە ئەگەر پێویستییان بە دەستشۆرو بێت دەیانبەن و هاوكاریان دەبن.

دەربارەی خراپترین حاڵەتی ئەو قوتابیانەی كە وەرگیراون چین؟ بەڕێوەبەری خوێندنی نائاسایی گوتی: زۆربەی زۆری حاڵەتەكان خراپن، ئێمە لەگەڵ ئەو 30 مامۆستایە كۆبوونەوەمان كرد و داوامان لێكردن بە زووترین كات حاڵەتەكان دیاریبكرێن بۆ ئەوەی بزانین ئایا دەتوانین ئەو قوتابیانە بهێنینە سەر رێچكە بە پێی ئەو حاڵەتەی هەیانە ،چونكە قوتابی هەیە ساڵی یەكەم تەنها پێویستی بەوەیە فێربێت چۆن قەڵەم بگرێت و چۆن دانیشێـت حاڵەتی ئۆتیزم ئێستا یەكێكە لەو حاڵەتانەی كە زۆر زیادی كردووە كێشەی گەورەمان ئۆتیزمە.

دەربارەی ئەركی ئەو مامۆستایانەش كە بەچ جۆرێك وانە دەڵێنەوە لە قوتابخانەكان ئایا هەر چاودێر دەبن یان وانە دەڵێنەوە بەڕێوەبەری خوێندنی نائاسایی گوتی: پاش ئەوەی مامۆستاكان ناویان گەرایەوە گروپێكمان داناو كۆبوونەوەمان بەو مامۆستایانە كردووە كە چۆن بتوانن وانە بە منداڵان بڵینەوەو چۆن هۆیەكان بەكاربهێنن لە بابەتەكانی بیركاری و زانست وانەیان پێدەڵێنەوە ، بەڵام لە بابەتەكانی تر لە ژووری خۆیان مامۆستاكانی قوتابخانەكە وانەیان پێدەڵێنەوە ئەو مامۆستایانە تەنها ئەو دوو وانەیەیان پێدەڵێنەوە تەنها تایبەتن بەو قوتابیانە.

دایكی یەكێك لەو منداڵانەی كە خاوەن پێداویستی تایبەتە بۆ خەبات دەدوێ

دەربارەی ئەوەشی كە هەندێ حاڵەتی توندو تیژ هەیە لە قوتابخانەكان و منداڵی توند رەفتار وەرگیراون كە زیانی بۆ قوتابییەكانی تر و رەنگە مامۆستاش هەبێت، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەوانە دەكرێت وكێشە دروست نابێت؟ مامۆستا سۆران گوتی: ئەوانە حاڵەتی ئۆتیزمن شەلەل دەماغ و ئۆتیزم سەربە وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتییە بەڵام ئێمە وەك ئەركێكی مرۆیی ئەوانەی حاڵەتەكانیان سووكە وەریاندەگرین بۆیە ئەو منداڵانەی كە بەو جۆرەن ئەكرێت بیانێرنە سەنتەرەكانی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی هەندێك لەو حاڵەتانە وەرناگیرێن بۆنموونە حاڵەتمان هەبووە منداڵەكە شەربەتی كردووە بە قوتابیەكانی ترا و ئاشكرایە ژینگەی قوتابخانەی تێكداوە دەزانین كە ئەم منداڵە رەنگە مەترسیدار بیـَت و دەبیـَت بیانێرینە سەنتەرەكانی كاروباری كۆمەڵایەتی.

*زۆرن ئەو كەیسانە؟
تاك تاك كەیسمان هەیە كە گواستوومانەتەوە بۆ ئەو سەنتەرانە سێ بۆ چوار كەیسە.

دەربارەی ئەوەشی كە ئایا ئەم تێكەڵكردنە چارەسەرێكی گونجاوە بە بۆچوونی ئەوان؟
مامۆستا سۆران گوتی: بە بۆچوونی ئێمە و بەپێی ئەو ئەزموونەی هەمانە ئەوە زۆر گونجاوترە ، لەبەر ئەوەی قوتابخانەیەكی پەروەردەی تایبەتمان هەبوو لە دەشتی هەولێر ساڵی یەكەم و دووەم بەردەوام بوو هەرچەند مامۆستاكانیش پسپۆری خۆیان بوو وەك ئێستا سەركەوتوو نەبوو، لەبەر ئەوەی هەریەكەو بەجۆرێك نەخۆش بوو كەس نەبوو هاوكاریان بكات لە كاتی هاتنە دەرەوە ، ئێمە ئێستا بەو قوتابخانانە ئەو منداڵانەی كە كێشەی درەنگ وەرگرتنیان هەیە لە تەنیشت ئەو قوتابیانەمان داناون كە هەستی مۆرڤایەتییان هەیە و قوتابی زیرەكن ئێستا شكور بۆ خوا رۆشنبیری زیادی كردووە ئەگەر منداڵێك خاوەن پێداویستی تایبەت بێت ئەوانی تر پێی پێبكەنن یان برینداری بكەن ئێمە ژینگەیەكی وامان دروستكردووە لەو قوتابخانانە تا ئێستا كێشەمان نەبووە ، بەڵام بۆ ئەمساڵ لەوانەیە تاك تاك كێشەمان هەبێت لەبەر ئەوەی قوتابییەكی زۆر داواكاری پێكەشكردووە و قواتابخانەیەكی زۆریشمان زیاد كردووە بە پێی ئەو ئامارەی ئێستا لەبەر دەستمانە نزیكەی 40 قوتابخانەمان هەیە و بە نیازیشین زیاتری بكەین كە دەبێتە 130 قوتابخانە.

دەربارەی ژمارەی قوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش گوتی: بەپێی ئاماری پارساڵ نزیكەی 3000 قوتابیمان هەبووە ، ئەمساڵ رێژەكە زۆر زیادی كردووە و بەرز بۆتەوە بۆ 4000كە داواكاریان بۆ ئەمساڵی خوێندنی 2022-2023 پێشكەشكردووە.

لەگەڵ دایكی یەكێك لەو منداڵانە قسەم كرد كە منداڵەكەی خاوەن پێداویستی تایبەتە و لە قوتابخانەی ئاسایی دەخوێنێت پرسیم كێشەی منداڵەكەت چییە؟ گوتی: مناڵەكەم مێشكی درەنگ گەشەی كردووە لە رۆژێكا دوو سێ جار خوێن لەلوتی هات دكتۆر وتی ئاو لە مێشكی هەیە بۆیە ئێستا لە ژێرچارەسەرە و دكتۆر گوتی ئیشەڵا بە شەش مانگ تا ساڵێك وەك مرۆڤێكی ئاسایی لێ دیت تەمەنی هەشت ساڵ و نیوە لە تەمەنی دوو ساڵیەوە ئاو چۆتە مێشكی و ئێمە نەمانزانیوە، قسەی نەدەكردو درەنگ پێی گرت و ئێستاش لە قوتابخانەیەكی ئاساییە و هیچ بەرەو پێش نەچووە تەنها فێرە قسەكردن بووە و هەندێك هەڵس و كەوت ، ئەمساڵا پۆلی دووە زۆر گوێ رایەڵە دكتۆر گوتی دەبێت زۆر لە ناو منداڵ بێـت بۆ ئەوەی زیاتر شت لە ناو منداڵ فێربێت.

*هاوكاری ئەكەن منداڵەكانی تر یان بێزاری ناكەن؟
زۆر زۆر هاوكاری دەكەن نەخێر بێزاری ناكەن.

*مامۆستاكان هیچ شتێكیان وەك هاوكاری و تایبەت بۆ فێربوونی بۆ كردووە؟
مامۆستاكان هاوكاریان كردووە لەبەر ئەوەی ساڵێك دواكەوتووە دەریان چاندووە وتوویانە بانەبێتە دوو ساڵا تا ئێستا نازانێت بخوێنێتەوەو بنوسێتەوە پیتەكانیش نانا سێتەوە من مەبەستمە تێكەڵاو ببێت لە قوتابخانە ، خۆی هەشت ساڵە مێشكی سێ ساڵە دەمەوێ هەڵس و كەوتی گەورە وەربگرێت دوو خوشكی خۆی لە قوتابخانەكەیە یەكێكیان لە تەنیشتی دادەنیشێ یارمەتی ئەدات چی بوێـت وەك دایك یارمەتی دەدات بۆ توالێت و ئاوخواردن، ئەو قوتابخانەیە تەنها منداڵەكەی منی لێیە.