د.سامان سۆرانی
لە فەلسەفەدا چەمکی نیشتمان بریتیە لە شوێن و بارەگای نیشتەجێبوونی مرۆڤ، ئەمەش گڕیدراوە بە هەستی ئینتیمای مرۆڤ، تەنانەت ئەگەر مرۆڤ لەو شوێنەش لەدایك نەبووبێت، لە زماندا دەووترێ نیشتمانی خەڵك خودی خەڵکەکەیە، واتە جێگیربوونیانە، پاش گەشتکردنیان.
بەو شێوەیە چەمکی نیشتمان یەکێکە لەو چەمکانەی، دوو ڕەهەندی هەیە: ڕەهەندی یەکەم، ڕەهەندێکی ماددیە و گرێدراوە بە ژیان لە شوێنێکی دیاریکراو. ڕەهەندی دووەم، بەستراوەتەوە بە ویژدان و هەست و سۆزی مرۆڤ بۆ خاکەکەی.
لێرەدا بۆمان دەردەکەوێ، چۆن دەکرێ لە ڕووی فەلسەفییەوە لەناو چەند دەقی جیاجیا مامەڵە لەگەڵ چەمکی نیشتمان بکەین. بەو پێیە لە فەلسەفەی سیاسیدا کار بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەی شار کراوە، لە ڕێگەی ئەوەشەوە مرۆڤ بەرەو ژیانێکی سەقامگیر هەنگاوی ناوە.
پێویستبوونی مرۆڤ بە نیشتمان زەروورەتی هەبوونی دەسەڵاتێکی سیاسی دەخوڵقێنێ، کە حوکمی مرۆڤەکان بکات و کاروبارەکانیان ڕاپەڕێنێت. ئەوەش بووە بە مایەی درووستبوونی گڕیبەستی کۆمەڵایەتی و گرێدراوە بە چەمکەکانی تر، بۆ نموونە چەمکی هاوڵاتیبوون.
چونکە ئینتیما بۆ نیشتمان دەچێتە ناو خانەی هەست و سۆزەوە، دەبینین لە فەلسەفەی ئەخلاقدا نیشتمان چۆتە ناو خانەی بەهاکان و لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، ئەوەی پێی دەوترێت زانستی بەهاکان (Axiologie)، ئەگەر چی لە ڕووی فەلسەفییەوە نیشتمانپەروەری ئاڵۆزترین چەمکە، دەبینین لەناو سیاسەت و ئایدیۆلۆژیادا نیشتمانپەروەری یەکێکە لەو چەمکە نیشتمانیانەی، کە زیاتر باوە، هەرچەند ئەوەش بابەتێکە ناکرێ پێوانە بکرێت.
کاتێ دەتوانین دوا قسەی خۆمان لەسەر ئەو چەمکانە بکەین، کە گرێدراون بە هەستەکان و بە دڵسۆزی، ئەگەر ئەو چەمکانە ببن بە کردار و ئێمەش بە کردەیی بیانبینین، ئەو کاتە دەتوانین بڵێین فڵانکەس بەڕاستی نیشتمانپەروەرە و فیسارکەس خاکی خۆی خۆش دەوێت و خۆی گرێداوە بە چارەنووسی نیشتمانەکەی و بە پیرۆزییەوە دەڕوانێتە بەرژەوەندییە باڵاکانی و ئامادەیە لە پێناویدا گیان و ماڵی بکات بە قوربانی.
چەمکی هاوڵاتیبوون لە فەلسەفەدا بریتیە لەو پەیوەندییەی، کە بە پێی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی، تاك بە نیشتمانەوە گرێ دەدات و دیالکتیكی ماف و ئەرك لە نێوانیاندا درووست دەکات، هاوڵاتیبوون لەناو چەمکەکانی دەوڵەتی هاوچەرخدا بریتیە لە پێدانی هەموو مافێ بە تاك، چونکە ئەو هاوڵاتیە لە وڵاتێکی دیاریکراو هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتەیە و دیارترین مافیش بریتیە لە مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری.
وەکو هاوڵاتییەك تاك بۆی هەیە بەشداربێت لە هەموو ئەو بابەتانەی، کە پەیوەستن بە نیشتمانەکەی، بۆیە دەبێت تاك پابەندی یاساکان بێت و پێشێلیان نەکات، دیارە مرۆڤ پێویستی بەوە هەیە باس لە ڕەوشتە باشەکانی نیشتمانی خۆی بکات و ئەو ڕەوشتە باشانە ببن بە بەشێ لە داستانێکی گشتگیر و پەیوەست بن بە ڕابردوو و بە ئایندەیەك، دوور لە خەمی تەسكی ژیانی تاکەکەسی و کێشەکانی ژیان، جگە لە قسەکردنیش سەبارەت بە هەل و مەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی، کە کاریگەرییان هەیە لەسەر کەمکردنەوەی هەڵقوڵانی نیشتمانپەروەری و نیشتمانسازی.
فەلسەفەی “شتێك” بریتیە لە خودی ئەو شتە و مەبەستی هەبوونی ئەو شتەیە، واتە فەلسەفەی شتێك گەڕانە بە دوای بوون و هۆکار و کاریگەری ئەو شتە، لەبەر ئەوەی نیشتمان ئایندەیە و ئینتیما، وەکو پەیوەستبوونێکی ڕۆحی و مەعنەوی بە نەتەوەو نیشتیمانەوە، ئەو هەستە نەگۆڕەیە، فاکتەرێکە لە فاکتەرەکانی بونیادنانی کۆمەڵگە.
کەواتە ئینتمای مرۆڤ بۆ کۆمەڵگە هاندەر دەبێت، کە مرۆڤ کۆمەڵگەکەی بپارێزێ و بەردەوام خەمخۆری پەرەپێدان و گەشەسەندنی بێت، هەرێمی كوردستان، کە لەسایەی سەرکردایەتی حەکیمانەی کوردستان وئیدارەدانی سەرکەوتووانەی حکومەت پەرەی سەندووە و بەردەوام گەشە دەکات. كوردستان لانەی باب و باپیرانمانە و ئینتما بۆ ئەم نیشتمانە تەنها دروشمێك نیە، هەڵکرێ، بەڵکو مێژوو و شارستانیەت و قووڵییە و کۆگایەکی کەلتووری و کۆمەڵایەتیە بۆ بەهاکان.
کاتێ کار لەسەر پاراستنی ئینتیمای خۆم بۆ نیشتمان و خاكەکەم دەکەم، دەتوانم چەمك و مانای نیشتمانپەروەری دەستەبەر بکەم، کە لە هەمان کاتدا گرێدراوە بە دەستەبەرکردنی چەمکی هاوڵاتیبوون، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ سەرجەم ئەو پرنسیپ و ماف و ئەرکانەی، کە هاوڵاتی هەرێمی كوردستان جیا دەکاتەوە لە هاوڵاتیانی شوێنەکانی تر.
هەرێمی كوردستان بەشێکە لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، بۆیە پێویستە لەسەر دەسەڵاتی هەرێم بەمەبەستی بەهێزکردنی ئینتیمای هاوڵاتیانی كوردستان بەردەوام بێت لەسەر جێ بەجێکردنی دادپەروەری و یەکسانی و نەهێشتنی جیاکاری و کاربکات بۆ بەهێزکردنی شەفافیەت و دەستپاکی و زامنکردنی ئەوەی، هەموو هاوڵاتییەك بتوانێت مافە ڕەواکانی پەیڕەو بکات.
یەكیكی تر لە دیاردەکانی ئینتیمای نیشتمانی بریتیە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێم و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی و ئیداری و ئەخلاقی و پاراستنی ئازادی بیروڕا و دەستەبەرکردنی ئاسایشی هزری و پاراستنی یەکگرتوویی و یەکڕیزی کۆمەڵگە، کەواتە نیشتمان وەکو کەرەستەیەکی سەرەکی و پێویست بۆ ژیانی مرۆڤ، کەرەستەیەکی شارستانی بەردەوامە.
مانا و ئاسۆی نیشتمان کامڵ نابێت، ئەگەر هاوڵاتی بوونی نەبێت. مەبەستمان ئەو هاوڵاتییەیە، کە کار بۆ قووڵترکردنی بوون و ئەزموونی مرۆڤایەتی دەکات، ئینتیما بۆ نیشتمان پابەندبوون و بەرپرسیارێتییە، دەستکەوتێکی بەردەوامە لە زۆرێ لە بوارەکان، بەمەبەستی پەیوەستکردنی دەستکەوتەکانی ڕابووردوو بە دەستکەوتەکانی ئێستا، تا دەگاتە ئایندی نیشتمانی نوێ، کە تیایدا هەموو ڕۆڵەکانی نیشتمان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرن و ڕۆڵ دەگێڕن و ئەرك و مافەکانیان پەیڕەو دەکەن.
گەلی كوردستان لە خەباتی دوور و درێژی خۆیدا پێویستی بە وەرچەرخانێکی جۆری و مێژوویی هەیە، تا بتوانێ وەڵامێکی کارا بداتەوە بە ئالنگارییەکان، دەتوانین بە ڕاشەکاوی بڵێین، گەلی كوردستان پێویستی بەوە هەیە، زیندوویی هزری خۆی مومارەسە بکات و خۆی لە ئاڵۆزی و حەساسییەتی حزبی و هەوەسی شەڕخوازی و کاڵفامی ڕۆشنبیریی و ئەو پەتایانە بەدوور بگرێت، کە ڕێگرن لەبەردەم پرۆژەکانی پێشەکەوتن و خۆشگوزەرانی، یان لە حزووری دادپەروەری و بەشداریکردن لە بڕیارە چارەنوس سازەکان.
ئاشکرایە، کەوا کۆمەڵەکانی مرۆڤایەتی لەگەڵ یەكتر خاڵی هاوبەشیان هەیە و کار بۆ داڕشتنی چەمكی نیشتمانی خۆیان دەکەن و بەکرداری لە بوارە جیاجیاکان دەتوانن بەردەوام شوێنەوارە ڕاستەقینەکانی نیشتمان پێكبهێنن، شانازیکردنی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە ئینتیمایان بۆ خاك و نیشتمان لە دەستکەوتەکانی نەتەوەی كوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە، و واقیعی هاوڵاتیبوون لە ژیانیان ڕەنگی داوەتەوە.
ئینتیما بۆ کوردستان و شانازیکردن بە قارەمانێتی پێشمەرگە، پەروەردەیەكە لەناو خانەوادە دەچێنرێ و بەروبوومی لە بوارە جیاجیاکانی ژیان پێ دەگات، بۆیە پێویستە پێوەرەکانی ئینتیما لەسەرجەم قۆناغەکانی خوێندن گەڵاڵە بێت و بەو شێوەیە تاك هەست بە بەرپرسیارێتی پاراستن و بەرگری کردن لە نیشتمان دەکات.
ئەرکی میدیاکانی كوردستان و ماڵپەڕەکانی ئینتەرنێت و پۆرتاڵەکانی گەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە ئینتیما بۆ خاك و خۆشەویستی نیشتمان لە ناو لاوان بەهێز بکات، پەروەردەی تەندروست بنەمای سەرەکییە بۆ پەرەپێدانی مرۆڤ و پێشکەوتنی مرۆڤ لە ڕووی هزری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، کۆمەڵگەی كوردستانی پێویستی بە بەرنامەی کار و نمایشکردنی ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان هەیە، تا بەشداربن لە پەرەپێدانی چەمکی ئینتیمای نیشتمانی.
دواجار كوردستان نیشتمانە و ڕوحی کوردستان تێکەڵبووە بە خۆشەویستی خاك و مرۆڤ. کوردستان دڵێکی گەورەیە بۆ هەموو نەوەکانی، ئەو کەسەی ئینتیمای بۆ ئەم نیشتمانە هەیە، پێویستە لەسەری ڕێز و خۆشەویستی دەربڕی بۆ نیشتمان و هاوڵاتیبوون، هەرێمی كوردستان خاوەندی توانایەکی زۆری مرۆییە و لە سەرچاوەی سروشتی کەم کورتی نیە، بۆیە پێویستە لەسەرمان پێکەوە کار بۆ درووستکردن وپەرەپێدانی ئێستامان بکەین و بە خەبات و بونیادنان زاڵبین بەسەر کێشمەکێش و ئالنگارییەکانی بەردەممان، تا پێکەوە بگەین بە سێکوچکەی بەهاکان، کە بریتیە لە (دادپەروەری و ئازادی و یەکسانی)، ئەم سێکوچکەیە مانایەکی ڕاستەقینە بە چەمکی هاوڵاتیبوون دەدات.
دکتۆرا لە فەلسەفە، زانکۆی هایدلبێرگ، ئەڵمانیا