خەبات: عەلی بانیشاری:- كاتێك سەردانی بازاڕەكەمان كرد كاتژمێر 9:10 خولەكی سەر لەبەیانی بوو، ئەو كات بەشێك لە دوكانەكان نەكرابوونەوە و كڕیارێكی كەم لە بازاڕەكە دەبینرا، بەڵام كە كاتژمێر بوو بە 10:00- 10:30، خەڵكی پۆل پۆل لە شەقامی 100 مەتری و 40 مەترییەوە لە ئۆتۆمێلی تایبەت، پاس و تەكسی دادەبەستن و روویان لە بازاڕەكە دەكرد. ((بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر))، یەكێكە لە بەناوبانگترین بازاڕەكانی پایتەختی باشووری كوردستان، كاتێك لە 2018 سووتا بەشێك لە خەڵكی پێیان وابوو جارێكی تر ناكەوێتەوە سەرپێ، بەڵام ئێستا لە جاران زیاتر قەرەباڵخترە و جمەی دێت لە كڕیار. وەكو دەگوترێت ((بازاڕی لەنگە شوێنی هەژارانە، بەڵام خەڵكی دۆڵەمەندیش رووی تێدەكات)).
كارزان عابید، هاوونیشتیمانیەكی دانیشتووی شاری هەولێرە و سەردانی بازاڕی لەنگەی كردووە بۆ ئەوەی قەمسەڵەیەكی باش بكڕێت. پرسیاری ئەوەمان لێكرد بۆ جلوبەرگی بالە دەكڕیت؟ لە وەڵامدا گوتی: چەندین ساڵە لێرە جلوبەرگی زستانە دەكڕن، بۆ یەكجاریش پەشیمان نەبووم لەوەی كە كڕیوومە، چونكە لەم بازاڕە بە نرخێكی كەم باشترین جلوبەرگت دەست دەكەوێت.
ئەو دەشڵێت: پێشتر قەمسەڵەی نوێم كڕیووە، بەڵام دوای یەكجار لە شۆردن كەڵكی ئەوەی نەبووە جارێكی تر بیكەمەوە بەرم. كارزان گوتیشی: زۆرینەی هاوڕێكمان لەم بازاڕە جلوبەرگ دەكڕن و زۆرجاریش پێكەوە دێین و تا ئێوارە دەمێنینەوە و بە دوكانەكاندا دەگەڕێین بۆ ئەوەی جوانتر و باشترین پارچە جلوبەرگ بكڕین.
شەوقی زرار، یەكێكە لە دوكاندارەكانی بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر و ماوەی پێنج ساڵە جلوبەرگی بالەی پیاوان دەفرۆشێت. ئەو دەڵێت: لەم وەرزەدا زیاتر خواست لەسەر قەمسەڵەیە و لە وەرزی هاوینیشدا بلوز. دەشڵێت: جلوبەرگی بالە واتە زستانە. شەوقی زیاتر قەمساڵەی كۆری دەفرۆشێت، چونكە وەك خۆی دەڵێت (( نرخەكەی لەچاو جلوبەرگی بالەی وڵاتانی دیكە هەرزانترە)).
دوكاندارەكانی بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر، زیاتر جلوبەرگی بالەی وڵاتانی توركیا، سوید، نەرویج، كۆریا، چین دەفرۆشن. ئەوان جلوبەرگ لە بازرگانە گەورەكانی هەولێر و بەغدا بە ((كیلۆ، بالە، هەڵچڕاو)) دەكڕن و دانە بە دانە لە یەكتری جیادەكەنەوە و پاشان لە بازاڕدا ساغی دەكەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی لایان گرنگە هەرزانی نرخی جلوبەرگ و كوالێتییەكەیەتی، چونكە ئەو كڕیارانەی روو لە بازاڕەكە دەكەن تەنیا ئەو دوو ئامانجەیان هەیە. شەوقی دەشڵێت: بەشێك لەو جلوبەرگانەی لە بازاڕی لەنگە دەفرۆشرێن نرخی 10 هێندە كەمترە لەو جلوبەرگانەی لە مۆڵ و بازاڕەكانی دیكە دەفرۆشرێن، هەر ئەوەش وایكردووە خەڵكی لە سەرجەم چین و توێژە جیاوازەكان روو لە بازاڕەكە بكەن.
زیاتر گوتی: قەمسەڵەمان هەیە نرخەكەی 30 هەزار دینارە، كەچی هەر هەمان جۆری جلوبەرگ لە مۆڵەكان بە 200 دۆلارە. هێمای بۆ ئەوەشكرد، بێ لە شاری هەولێر، هاووڵاتیانی دهۆك و ئاكرێ و شوێنەكانی دیكەش لە دوكانەكەی جلوبەرگ دەكڕن.
سەرباز سابیر، یەكێكیترە لە دوكاندارەكانی بازاڕی لەنگە، بەڵام دوكانەكانی تایبەت بە جلوبەرگی بالەی ئافرەتان. لەو كاتەی ئێمە گفتوگۆمان لەگەڵی دەكرد، ژمارەیەك ئافرەت ئەو پارچە جلوبەرگانەیان تاقی دەكردەوە كە لە دوكانەكەیدا هەڵیواسیبوون. ئەو دەڵێت: زۆرینەی كڕیارەكانمان خەڵكی عەرەبن. سەرباز ماوەی حەوت ساڵە دوكانی لە بازاڕی لەنگە داناوە و بە كەسێكی رووخۆش لەگەڵ كڕیارەكانی ناسراوە.
گوتیشی: نرخی جلوبەرگەكانمان لە 5000 دینارەوە دەستپێدەكات بۆ 20 هەزار دینار و تا پارچە باشتر بێت نرخەكەی گرانترە. ئاماژەی بەوەشدا، بازاڕەكە شوێنەكە بۆ خەڵكی هەژار و ئەوەی بیەوێت دەتوانێت بە 10 هەزار دینار چەند پارچە جلوبەرگێكی زستانە بكڕێت و تا كۆتایی وەرزەكە لەبەری بكات.
سەرباز باسیلەوەشكرد، كڕیاری ئەوان زیاتر لە سەرەتای وەرزی زستان و هاویندایە و 50 رۆژ پێش ئەوەی هەر وەرزێك كۆتایی بێت، خواست لەسەر جلوبەرگی ئەو وەرزە نامێنێت. زیاتر لەو بارەیەوە گوتی: كە گەیشتینە مانگی شوبات كڕیاری جلوبەرگی زستانە نامێنێت و هاووڵاتیان زیاتر بۆ جلوبەرگی هاوینە دەپرسن.









