خەبات: سه‌نگه‌ر حوسێن:- خانمه هونه‌رمه‌ند په‌روین شازاده دوای 36 ساڵ له كاری هونه‌ری، گله‌یی ده‌كات وبه‌پێی وته‌ی ئه‌و، كه‌س ئاوڕ له هونه‌رمه‌ندی هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو ناداته‌وه‌و ئه‌وان به هونه‌رمه‌ندی كۆن ناوده‌به‌ن، له كاتێكدا ئه‌وان بوون بناغه‌ی هونه‌ری ئێستایان داناوه، په‌روین شازاده له دیمانه‌یه‌كدا دڵی خۆی بۆ (خه‌بات) ده‌كاته‌وه‌و ئاهێك هه‌ڵده‌كێشێ بۆ سه‌رده‌می زێڕینی هونه‌ری كوردی و ده‌ڵێت، ئه‌وكات هونه‌رمه‌ند رێز‌و ستایشی تایبه‌تی هه‌بوو، ئێستاش كه‌سانێك په‌یدا بوون، ته‌نها كاریان شێواندنی هونه‌ره‌و له‌ناو كۆمه‌ڵگا به‌چاوی داهێنه‌ر سه‌یری ده‌كرێن.
*سه‌ره‌تای چوونه نێو كاری هونه‌ری و گۆرانی گوتن؟
له ساڵی 1986 هاتمه نێو بواری هونه‌ر، هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی خوالێخۆشبوو فوئاد ئه‌حمه‌دو شه‌وكه‌ت تۆفیق، كه ئه‌و كاته هانده‌رم بوون بۆ ئه‌وه‌ی بێمه نێو هونه‌ر، ساڵی 1987 بۆ یه‌كه‌م جار له‌گه‌ڵ مامۆستا شه‌وكه‌ت تۆفیق دوو گۆرانیم به دوو قۆڵی (دویت) تۆمار كرد، كه بۆ ئه‌وكات شتێكی نوێ بوو كه پیاوو ئافره‌تێك پێكه‌وه گۆرانی بڵێن، شیعری گۆرانییه‌كان مامۆستا موزه‌فه‌ر شاكر داینابوون، ئاوازی گۆرانییه‌كانیش هی مامۆستا شه‌وكه‌ت بوو، یه‌كێك له گۆرانییه‌كان له‌سه‌ر شاری هه‌ولێر بوو كه ده‌یگوت: هه‌ولێرمان چه‌نده جوانه مه‌ڵبه‌ندی دلێرانه، قه‌ڵاو سه‌فین به‌رامبه‌ر نێو بووكی كوردستانه، گۆرانییه‌كه‌ی تریش له‌سه‌ر شارۆچكه‌ی شه‌قڵاوه بوو. دواتر ده‌رهێنه‌ر لیبرۆن سیمۆن له هاوینه‌هه‌واری پیرمام گۆرانییه‌كانی ڤیدیۆ كلیپ كردن و له به‌شی كوردی ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا كلیپه‌كان په‌خش كران.
خانمه هونه‌رمه‌ند په‌روین شازاده زیاتر ده‌ڵێت: پاشان په‌ره‌م به كاره هونه‌رییه‌كانداو گۆرانی (یه‌كه‌مجار بوو كه تۆم ناسی) كه پێشتر به ده‌نگی هونه‌رمه‌ند زیاد ئه‌سعه‌د گوترابوو، دووباره به ده‌نگی خۆم گوتمه‌وه‌و ئه‌وكات ئه‌و گۆرانییه ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی باشی هه‌بوو، ئینجا گۆرانی (لای لایه)م تۆمار كرد. دواتر چوومه ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركووك گۆرانیی (كه‌مه‌ره‌شل)م تۆماركرد‌و هه‌ردوو خوالێخۆشبوو هونه‌رمه‌ند شه‌وكه‌ت ره‌شید و هونه‌رمه‌ند سابیر كوردستانی له‌وێ بوون به ئامێری عودو نای یارمه‌تیان دام و هه‌مان ده‌رهێنه‌ر لیبرۆن سیمۆن بۆی تۆمار كردم.
*چ كاتێك ده‌ستت به‌كاری نواندن كرد؟
دوای ساڵی 1991 بۆ یه‌كه‌مجار له كه‌ناڵه ناوخۆییه‌كانی كوردستان كاری نواندنم كرد، سه‌ره‌تا وه‌ك گرووپێك له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان حه‌مكۆو حه‌سكۆو مام سمایل و چه‌ند هونه‌رمه‌ندی دیكه به‌رنامه‌ی (گه‌شتی كامێرا)مان له كه‌ناڵی پارتی گه‌ل پێشكه‌ش كرد، هونه‌رمه‌ند فه‌رهاد ئیسماعیل كاری وێنه‌گرتن و ده‌رهێنانی ده‌كرد. ئینجا له‌گه‌ڵ حه‌مكۆو نه‌شئه‌ت هه‌ولێری چه‌ند به‌رهه‌مێكی دیكه‌مان بۆ ته‌له‌فزیۆنی گۆڵان تۆماركرد. دواتر له‌سه‌ر ئه‌و جۆره به‌رهه‌مانه بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك به‌رده‌وام بووین و ده‌یان كاری جوانمان بۆ كه‌ناڵه‌كان وێنه‌گرت، له سه‌ره‌تای كاری هونه‌ریم، له‌گه‌ڵ خوالێخۆشبووان جه‌وهه‌ر باپیر‌و نه‌وزاد ره‌مه‌زان به‌شداری چه‌ندین شانۆگه‌ریم كردووه، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند حه‌مكۆ شانۆگه‌رییه‌كی سیاسییمان پێشكه‌شكرد به‌ناوی (گومرگ)، كه دواتر ئه‌من و ئیستخباراتی رژێم هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر شانۆ و چه‌ند كه‌سێكیان ده‌ستگیر كرد.
*له‌و كارانه‌ی دوای راپه‌رین پێشكه‌شت كردووه، كامه‌یان له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تیت گونجاو بووه؟
زۆربه‌ی ئه‌و كارانه كردوومه ته‌نها بۆ خۆشه‌ویستی جه‌ماوه‌ره‌كه‌م بووه، چه‌ندین جار وه‌ك خۆبه‌خش كاری هونه‌ریم پێشكه‌ش كردووه، قه‌ت پێویستم به‌وه نه‌بووه بۆ ده‌رخستن كاری هونه‌ری بكه‌م، چو‌نكه من له هه‌شتاكان له‌گه‌ڵ چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی ناسراو كارم كردووه، به‌ڵام وه‌ك حه‌زێك كارم كردووه‌و ویستوومه له بواری هونه‌ر دانه‌بڕێم.
*له‌كام بواری هونه‌ری زیاتر خۆت ده‌بینییه‌وه؟
بواری گۆرانی گوتن خۆشه‌ویستتره لای من، ئێستاش به‌و ته‌مه‌نه‌وه ده‌نگم له‌باره بۆ تۆماركردنی گۆرانی.
*تا چه‌ند بواری دارایی رێخۆشكه‌رن بۆ كاره هونه‌رییه‌كانت؟
به داخه‌وه بواری دارایی رێگره له‌به‌رده‌م زۆر له كاره‌كانم، ماوه‌ی ساڵێك شانۆگه‌ری (به‌زمی به‌زم)مان له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی خۆشه‌ویست پێشكه‌شكرد، دواتر به‌هۆی ناكۆكی و نه‌بوونی پاڵپشتی دارایی وه‌ستا، زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندان ئاماده نه‌بوون به پاره‌یه‌كی كه‌م بێنه سه‌ر شانۆ، له كاتێكدا پاره‌ی زیاتریان له كاری رێكلامی بازرگانی ده‌ست ده‌كه‌وت.
*هۆكار چییه له وڵاتی ئێمه هونه‌رمه‌ند به كاره‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند نابێت؟
له كوردستان كۆمپانیایه‌كی پرۆفیشناڵمان نییه كه به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندان بكڕێته‌وه‌و ببێته پاڵپشت بۆ هونه‌رمه‌ند، یان خۆی به‌ته‌واوی بۆ كاره‌كه‌ی یه‌كلابكاته‌وه‌و هونه‌رمه‌ند پێویستی به‌وه نه‌بێت بچێت كاری بازرگانی بكات، له ئێستادا هونه‌ر زۆر سه‌قه‌ته، چو‌نكه هه‌مووی بۆته بازرگانی. بۆ نموونه، ساڵی 1986 چوومه به‌غدا بۆ تۆماركردنی گۆرانییه‌ك، كه ته‌واو بووم (1000) هه‌زار دیناری ئه‌وكاتیان پێدام، له‌گه‌ڵ پێشكه‌شكردنی سوپاس و پێزانینێك، به رێز‌و ته‌قدیره‌وه پێشوازیمان لێده‌كرا. به‌ڵام ئێستا بۆ هه‌ر كارێك ده‌چین هه‌ر زوو داوا ده‌كه‌ن به خۆبه‌خش كار بكه‌ین.
*سه‌ردانی لادێیه‌كانی كوردستان، به‌رنامه‌یه‌كی ته‌واو جیاواز بوو له‌گه‌ڵ كاره‌كانی دیكه‌ی په‌روین شازاده؟
بۆ من كارێكی جیاواز بوو، زۆریش پێی دڵخۆش بووم، به‌و به‌رنامه‌یه‌م ده‌رگای ئه‌و جۆره به‌رنامانه بۆ كه‌ناڵه‌كانی دیكه‌ش كرایه‌وه، به‌رنامه‌كه بینه‌ری تایبه‌تی خۆی هه‌بوو، تام‌و چێژێكی هه‌بوو، خه‌ڵك دڵی پێ ده‌كرایه‌وه، هۆكاری وه‌ستانه‌كه‌شی كه‌می پاره‌ی ته‌رخانكراو بوو بۆ به‌رنامه‌كه، كه نه‌مده‌توانی زیاتر په‌ره‌ی پێ بده‌م. ماوه‌ی 12 ساڵه چیرۆكێكی راسته‌قینه‌م نووسیوه به‌ناوی (چه‌فیه‌كه‌ت لاده له‌سه‌ر سه‌رت) كه خۆی له 12 ئه‌لقه ده‌بینێته‌وه، به‌هۆی نه‌بوونی بوودجه‌وه نه‌متوانیوه وێنه‌ی بگرم له كاتێكدا ده‌رهێنه‌رو وێنه‌گرو ئه‌كته‌ریش ئاماده‌یه.
*وه‌زاره‌تی رۆشنبیری چۆن پاڵپشتی له هونه‌رمه‌ندان بكات؟
به‌داخه‌وه وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ده‌رگای داخراوه له‌به‌رده‌م هونه‌رمه‌ندان، چاوی نابینێت، به‌تایبه‌تی هونه‌رمه‌ندانی كۆن زۆر فه‌رامۆشكراون، وه‌زاره‌ت ته‌نها هونه‌رمه‌ندانی ئێستا ده‌بینێت كه له‌به‌رچاوانن، هونه‌رمه‌ندی تازه هه‌یه خانووی كڕیوه به 100 ده‌فته‌ر، به‌ڵام من 200 مه‌تر زه‌وی شك نابه‌م خانووی له‌سه‌ر بكه‌م، له كاتێكدا زیاتر له 35 ساڵه فه‌رمانبه‌رم و كاری هونه‌ری پێشكه‌ش ده‌كه‌م. وه‌زاره‌ت له‌به‌رده‌م كاری هونه‌ری زۆر هه‌ژاره، نه شانۆگه‌رییه‌ك، نه فیلمێك، نه درامایه‌ك، كوا سینه‌ماكانمان، هیچ نییه، كاتێك له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند نوری گه‌رمیانی فیلمی (دابڕان)مان كرد، سینه‌ما په‌كی كه‌وتبوو، كه‌ی فیلمێكمان ده‌بێت به بودجه‌یه‌كی زه‌به‌لاح و به‌شداری فیستیڤاڵه جیهانییه‌كانی پێ بكه‌ین.. به‌داخه‌وه دوای ئه‌و ته‌مه‌نه دوور‌و درێژه‌ی له بواری هونه‌ریم سه‌رفكرد، گه‌ر بچمه نێو وه‌زاره‌ت كه‌س نامناسێت.
*گۆرانی (لای لایه) جه‌ماوه‌رێكی زۆری هه‌بوو، بیرۆكه‌كه‌ی له كوێوه هاتووه؟
(لای لایه) چیرۆكی ئازاری كچێكی لاوی هاوڕێمه كه له ساڵی 1988 پێشكه‌شی كردم، ئه‌گه‌ر به دوورودرێژی بیڵێم زۆر به مانایه، من به چه‌نده‌ها شێوه گوتوومه‌ته‌وه، له‌فیلمی (له‌یلا) له ساڵی 2020 كه سیناریۆیه‌كه‌ی هی خۆمه‌و له‌سه‌ر گیرفانی خۆم وێنه‌م گرتووه، له چه‌ندین دراما هه‌ر جارێ و به‌شێوه‌یه‌ك گوتوومه‌ته‌وه، له چه‌ندین ئاهه‌نگ داوام لێ ده‌كرێ بیڵێمه‌وه، چو‌نكه ئاستی ده‌نگه‌كه‌م له‌گه‌ڵ جۆری له‌یلایه‌كه گونجاوه.
*ئاماده‌كارو پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌یه‌كی هه‌فتانه بووی له رادیۆی نه‌ورۆز به‌ناوی (ده‌مه‌ته‌قێ)، هۆكاری راگرتنی چی بوو؟
(ده‌مه‌ته‌قێ) یه‌كێك بوو له به‌رنامه سه‌ركه‌وتووه‌كانم، میوانم له ده‌ره‌وه‌ی شار به‌تایبه‌ت بۆی ده‌هاتن، به‌ڵام راوه‌ستانی په‌خشی رادیۆ به‌هۆی نه‌بوونی بودجه‌و هاتنی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، به‌رنامه‌كه‌می وه‌ستاند، ئه‌م به‌رنامه‌یه په‌نجه‌ره‌یه‌ك بوو بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندان و به‌دیداری گوێگرانی ئاشنا ده‌كرده‌وه.
*له بێژه‌ری، شانۆكاری، ئه‌كته‌ری، پێشكه‌شكاری، گۆرانیبێژی.. په‌روین شازاده كامیان هه‌ڵده‌بژێرێت و بۆچی؟
ئه‌گه‌ر ده‌قێكی سه‌ركه‌وتوو هه‌بێ شانۆ هه‌ڵده‌بژێرم، چو‌نكه شانۆ راسته‌وخۆ رووبه‌رووی جه‌ماوه‌رم ده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت ناتوانێت هه‌موو جار ده‌قه‌كه له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌ر دووباره بكاته‌وه‌و هه‌ڵه نه‌كات. وه‌ك چۆن له (به‌زمی به‌زم) كه رۆژانه له كاتژمێر 8ی به‌یانی تا 8ی شه‌و پرۆڤه‌مان هه‌بوو، تا ئه‌و رۆژه‌ی شانۆكه پێشكه‌ش ده‌كرا. به‌ڵام ئه‌كته‌ری هونه‌ر نییه، چو‌نكه جاری وا هه‌یه چه‌ند جارێك ده‌قێك دووباره ده‌كه‌یته‌وه تا به جوانی ده‌كه‌وێته ده‌ست بینه‌ر.
*ئه‌گه‌ر ده‌قێكی به‌هێز هه‌بێت، ئاماده‌ی له سینه‌ما رۆڵ ببینیت؟
به‌ڵێ، دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر له شاری هه‌ولێركۆمه‌ڵه‌یه‌ك بانگهێشتی كردم بۆ رۆڵ بینین له به‌رهه‌مێكی به‌هێز كه ده‌رهێنه‌رێكی به‌ناوبانگ كاری تێدا ده‌كات و چاوه‌ڕێی وه‌ڵامم تا ده‌ست به‌فیلمكاری بكه‌ین، به‌ڵام له ئێستادا هیچی له‌باره‌یه‌وه نادركێنم.
*ژیانی تایبه‌تیت چۆن له‌گه‌ڵ بواری هونه‌ر رێكده‌خه‌یت؟
سوپاس بۆ خوا چۆن له هونه‌ره‌كه‌م سه‌ركه‌وتووم، ئاواش له ماڵه‌وه سه‌ركه‌وتووم، سه‌ركه‌وتنه‌كه‌شم بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه هاوسه‌ره‌كه‌م و منداڵه‌كانم هانده‌رمن، هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌ر كارێك سه‌ركه‌وتنی ماڵه‌وه‌یه. جاری وا هه‌بووه چوومه‌ته دهۆك بۆ كاری هونه‌ری به مانگ نه‌هاتوومه‌ته‌وه، هه‌روا بۆ شاره‌كانی دیكه‌ش، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌لێنێك له ماڵ دروست بێت.
*ده‌ته‌وێت منداڵه‌كانیشت رێچكه‌ی تۆ بگرن؟
نه‌خێر حه‌زناكه‌م منداڵه‌كانم بێنه ناو هونه‌ر، ئه‌و ناخۆشییه‌ی له كاتی هونه‌ر من چێشتوومه، با ئه‌وان نه‌یچێژن، په‌رژینی كچم ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك گه‌نج كاری جوانیان ده‌كرد، به‌ڵام دڵیان هێشا و وازی هێنا، هاوژینیش كاری ئه‌كته‌ری ده‌كرد و به‌شداری فیلمی (ئه‌سمه‌رو مامه‌ر)ی كرد به شێوه‌یه‌كی جوان، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی توانج لێدراو هه‌ستی بریندار كرا ئه‌ویش وازی له كاری هونه‌ری هێنا. كاتی خۆی هونه‌رمه‌ندی نه‌مر تاهیر تۆفیق له ئاهه‌نگه‌كاندا كه پێكه‌وه گۆرانیمان ده‌چڕی، رێنمایی ده‌كردم و ده‌یگوت: ئه‌گه‌ر بته‌وێ له كاری هونه‌ری به‌رده‌وام بیت، ده‌بێ وه‌ك چیای سه‌فین خۆراگر بی.
*ئه‌گه‌ر ماوه‌ی 24 كاتژمێر له ماڵ بویتایه، چۆن كاره‌كانت رێ ده‌كرد؟
بۆ خۆم خولیای شت چنینم، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر كارگه‌یه‌كی به‌ر‌گدروویم هه‌بوو خۆم پێ سه‌رقال كردبوو، هه‌روه‌ها ئۆفیسی هونه‌ریم هه‌بوو، له ئێستادا خه‌ریكم دووباره خۆم به به‌رگدروو مه‌شغول بكه‌م. من ئافره‌تێكم حه‌زم له كاركردنه حه‌ز ناكه‌م دابنیشم.
*له‌گه‌ڵ خواردن نێوانت چۆنه؟
زۆر حه‌زم له خواردنه، به‌تایبه‌تی خواردنه كورده‌وارییه‌كان، وه‌ك مریشكی كوردی و برنجی كوردی و رۆنی كوردی.
*له‌گه‌ڵ وه‌رزش چۆنی؟
حه‌زم له وه‌رزشه و كاری ئاسنم كردووه، له یاریی تۆپی پێش هانده‌ری هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیلم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاستی یاریزانانه‌كانی سه‌رسورهێنه‌ره‌و فانیله‌شیان ره‌نگی زه‌رده.
*دوا وته‌ت؟
ده‌ڵێم تا نه‌مردووین شتێكمان بۆ بكه‌ن و دڵمان خۆش بكه‌ن، له دوای ئه‌وه‌ی نه‌ماین منداڵ و نه‌وه‌كانمان پێمانه‌وه سه‌ربه‌رز بن، تا ئێستا داهاتوومان دیار نییه، ئه‌وه‌ی هه‌مانه مووچه‌كه‌مانه‌و به‌س.
پرۆفایل:
– په‌روین ئه‌نوه‌ر عومه‌ر ناسراو به (په‌روین شازاده)
– ساڵی 1960 له گه‌ڕه‌كی سه‌ركارێزیان له شاری سلێمانی له‌دایك بووه.
– له ساڵی 1986 چۆته نێو ژیانی هاوسه‌رگیری و خاوه‌ن دوو كچ (هاوژین و په‌رژین) و كوڕێكه (هونه‌ر).
– له ساڵی 1986 ده‌ستی به‌كاره‌كانی هونه‌ری كردووه‌و ساڵی دواتر یه‌كه‌م گۆرانی تۆمار كردووه‌و تائێستا 13 گۆرانی تۆمار كردووه.
– به‌شداری چه‌ندین كاری شانۆیی و دراما‌و سینه‌مایی كردووه.
– نزیكه‌ی 300 ئه‌لقه‌ی به‌رنامه‌ی (گه‌شتی كامیرا)ی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند حه‌مكۆ تۆمار كردووه.
– له ئێستادا فه‌رمانبه‌ره له وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان- رادیۆی نه‌ورۆز.
