سیامند سێلکی
سه‌ده‌یه‌ک به‌ر له‌ئێستا جیهان و مرۆڤایه‌تی به‌گشتی غه‌رقی نه‌فامی و نه‌زانین بوون. ده‌سەڵاتداران و نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان و قایمکردنی پێگه‌و دەسەڵاتی خۆیان، به‌ها مرۆڤایه‌تیه‌کانیان ده‌خسته ژێر پێ و خه‌ڵکی هه‌ژارو بێ دەسەڵاتیان کۆمه‌ڵکوژ ده‌کرد. له‌و سه‌رده‌مه‌دا هیچ که‌س و لایه‌نێک بیری له‌پاراستنی به‌ها مرۆڤیه‌کان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شکۆ و که‌رامه‌تی بۆ مرۆڤ نه‌ده‌کرده‌وه. ئافره‌ت وه‌کو کاڵایه‌ک بازرگانی پێوه ده‌کراو که‌سیش خه‌می ئه‌وه‌ی نه‌بوو ماف و ئازادیه‌کانی بۆ بگێڕێته‌وه. مرۆڤ له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌یی و بیڕوڕای دینی و مه‌زهه‌بی ئه‌شکه‌نجه ده‌دراو کۆمەڵکوژ ده‌کرا، که‌سیش نه‌بوو له‌پێناو کۆتایی هاتن به‌و هه‌موو تراژیدییه ئینسانیه کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی فێری لێبورده‌یی و پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه بکات.
له‌نێو ئه‌م نه‌فامی و نه‌زانینه‌دا مرۆڤ وه‌کو بوونه‌وه‌رێکی هارو دڕنده به‌رببووه گیانی ژینگه‌و هه‌وڵی وێرانکردن و له‌ناوبردنی ده‌دا، هیچ که‌س و لایه‌نێکیش هێنده ئه‌قل میوانی نه‌بوو که هه‌ست به‌گرنگی پاراستنی ژینگه بکات، بۆ مرۆڤ و به‌رده‌وام بوونی ژیان. ڕێک له‌و سه‌رده‌مه‌داو له‌ناو ئه‌و نه‌فامی و نه‌زانینه‌دا شێخ عەبدولسه‌لامی بارزانی وه‌کو بیرمه‌ندو زانایه‌کی مه‌زن و له‌پێناو بنیاتنان و ئاڤه‌دانکردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌ندروست له‌هه‌موو ڕوویه‌که‌وه. له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌یه‌کی چاکسازیداو، له‌ڕێگای پرۆسه‌یه‌کی په‌روه‌رده‌ییه‌وه، ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ی له‌ده‌ڤه‌ری بارزاندا جێبه‌جێ کرد.
یه‌که‌م: سیسته‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تی و دەسەڵاتی عه‌شیره‌تگه‌ری له‌ده‌ڤه‌ره‌که‌دا ههڵوه‌شانده‌وه. له‌ئه‌نجامی ئه‌مه‌دا خه‌ڵکی حه‌وت عه‌شیره‌تی ناوچه‌که یه‌کگرتنێکی ئاره‌زوومه‌ندانه‌یان له‌نێوان خۆیاندا دروست کرد.
دووه‌م: به‌شێوازێکی یه‌کسان و دادپه‌روه‌رانه هه‌موو تاکێک له‌سه‌ر بنه‌مای مرۆڤ بوون و هاوڵاتی بوون له‌ئه‌رک و ماف‌دا یه‌کسان کران.
سێیه‌م: ئازادی دینی و فه‌رهه‌نگی لێبورده‌یی و پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی له‌ناوچه‌که‌دا چه‌سپاند و جێگیر کرد. له‌ئه‌نجامی ئه‌مه‌دا موسڵمان و کریستیان و جوه‌کانی ناوچه‌که وه‌کو برا پێکه‌وه ده‌ژیان و خۆیان به‌بارزانی ده‌زانی.
چواره‌م: ژن به‌ژنی و به‌زۆری به‌شودانی کچ و پاره‌وه‌رگرتن له‌به‌رامبه‌ر کچ به‌شودان به‌ته‌واوی قه‌ده‌غه کران و هه‌موو کۆت و به‌نده‌کانی سه‌ر ئافره‌تی هه‌ڵگرت و ئازادی و به‌های مرۆڤ بوونی بۆ ئافره‌ت گه‌ڕانده‌وه‌و، کچ و کوڕ سه‌ربه‌ستکران له‌پێکه‌وه‌نانی ژیانی هاوسه‌ریدا.
پێنه‌جه‌م: فه‌رهه‌نگی ژینگه دۆستی و پاراستنی ژینگه‌ی له‌ده‌ڤه‌رکه‌دا چه‌سپاندو جێگیر کرا.
شه‌شه‌م: بۆ ڕاپه‌ڕاندنی ئیش و کاری خه‌ڵک ، بۆ هه‌ر گوندێک ئه‌نجومه‌نێک پێکهێنرا.
حه‌وته‌م: بۆ ئه‌وه‌ی هیچ که‌سێک یان خێزانێک له‌کۆکردنه‌وه‌ی به‌روبوومی خۆڕسک بێبه‌ش نه‌بێت و هه‌مووان به‌یه‌کسانی مافی خۆیان پێ بگات، بۆ کۆکردنه‌وه‌ی هه‌ر جۆرێک له‌و به‌روبوومانه، ڕۆژێکی تایبه‌ت دیاری کرا.
هه‌شته‌م: کاری هه‌ره‌وه‌زی و کارکرنی به‌کۆمه‌ڵ وه‌کو نه‌ریتێک له‌ناوچه‌که‌دا چه‌سپێنراو جێگیر کرا.
نۆیه‌م: خه‌ڵکی ناوچه‌که له‌سه‌ر هزری شۆڕشگێڕی په‌روه‌رده کران و فێر کران که هه‌میشه مردنێکی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌و سه‌ربه‌رزانه له‌پێناو ئازادی و سه‌ربه‌خۆییدا هه‌ڵبژێرن، ئه‌مه بوو به‌به‌شێک له‌فه‌رهه‌نگ و کولتوری خەڵکی ناوچه‌که‌و به‌هیچ نرخێک و له‌هیچ هه‌لومه‌رجێکدا ده‌ستبه‌رداری نه‌بوون .
بێ گومان بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌م خاڵانه شێخی بارزان نه هێزی سه‌ربازی و نه هێزی ماددی له‌به‌رده‌ستدا نه‌بوو، به‌ڵام چه‌کێکی له‌مانه به‌هێزترو کاریگه‌رتری هه‌بوو که چه‌کی بیروباوه‌ڕو په‌روه‌رده بوو. له‌ڕێگای پروسه‌یه‌کی گشتگیر‌و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی په‌روه‌رده‌ییه‌وه خه‌ڵکی ناوچه‌که فێر کران که هه‌ر یه‌کێک له‌ماڵی خۆی پابه‌ندی ئه‌و خاڵانه بێت و پارێزگاریان لێ بکات.
هەڵبه‌ت جێبه‌جێکردنی ئه‌م پرۆژه‌یه له‌ده‌ڤه‌ری بارزان سه‌ره‌تای پلانێکی تۆکمه‌بوو، که به‌ده‌ست شێخی بارزانه‌وه هه‌بوو بۆ هه‌موو کوردستان. بۆیه به‌م ڕووئیاو دونیابینیه شێخی بارزان شۆڕشی دژی دەسەڵاتی عوسمانیه‌کان ڕاگه‌یاند. مخابن خیانه‌ت له‌ناو کورددا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی له‌بار برد و شێخی بارزان له‌ده‌ڤه‌ری ماکۆی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و له‌کاتی میوانداریدا له‌لایان خیانه‌تکارانی کورده‌وه ده‌ستگیرکراو ڕاده‌ستی عوسمانیه‌کان کرایه‌وه‌و له‌ڕۆژی (14/12/1914) له‌لایان عوسمانیه‌کانه‌وه له‌شاری موسل له‌سێداره‌دراو شه‌هید بوو، دوای شه‌هید بوونی ڕێباز‌و په‌یامه پیرۆزه‌که‌ی به‌هه‌مان ناوه‌ڕۆک و بۆ هه‌مان ئامانج و وه‌کو فه‌لسه‌فه‌یه‌کی فکری و عه‌قائیدی بۆ په‌روه‌رده‌و پێگه‌یاندنی مرۆڤ و گه‌یشتن به‌ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شکۆ بۆ مرۆڤی کورد له‌سه‌ر ده‌ستی شێخ ئه‌حمه‌د(خودانی بارزان) و مه‌لا مسته‌فای بارزانی و دواتریش سه‌رۆک مه‌سعود بارزانی به‌رده‌وام بووه‌و له‌داهاتووشدا به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌ڵبه‌ت نهێنی به‌رده‌وامی ڕێبازی بارزانی نه‌مر به‌درێژایی یه‌ک سه‌ده له‌وه‌دایه که ئه‌م ڕێبازه پیرۆزه له‌هیچ هه‌لومه‌رجێکداو به‌هیچ نرخێک له‌و بنه‌ما سه‌ره‌کیانه‌ی لا نه‌داوه که له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ کردووه. له‌هه‌موو قوناغه‌کانی خه‌باتیشدا ڕابه‌رانی ئه‌م ڕێبازه داکوکیان له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما فکری و عه‌قائیدیانه کردووته‌وه‌و به‌کرده‌وه‌ش کاریان بۆ جێبەجێ کردنی کردووه.
هه‌ڵبه‌ت له‌م قوناغه‌شدا پاراستن و پابه‌ندبوون به‌و به‌ها به‌رزانه‌وه لای جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی گرنگیه‌کی تایبه‌تی هه‌یه‌و له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و گرنگی پێدانه‌شدا جه‌نابی مه‌لا مسته‌فا بارزانی (باب‌و) ی وه‌کو سه‌رپه‌رشتیاری ده‌ڤه‌ری بارزان دیاری کردووه. بێ گومان ئه‌مه وه‌کو هه‌نگاوێک بۆ درێژه‌دان به‌و ڕێبازه‌و فراوانکردنی بۆ هه‌موو کوردستان هه‌نگاوێکی گرنگ و مێژووییه. دیاره له‌و ماوه کورته‌ی که جه‌نابی بابۆ ئه‌و ئه‌رکه پیرۆزه‌ی پێ سپێردراوه دڵسۆزانه و خه‌مخۆرانه شانی داوه‌ته به‌ر به‌رپرسیارێتی و هه‌موو هه‌وڵه‌کانی چڕ کردووته‌وه بۆ خزمه‌ت کردن به‌و ڕێبازه پیرۆزه. له‌م باره‌وه هه‌نگاوه‌کانی جه‌نابی بابۆ بۆ خەڵکی ده‌ڤه‌ری بارزان و هه‌موو کوردستان دلخۆشکه‌رن و هه‌مووان به‌ڕوونی هه‌ست به‌و ده‌سکه‌وته مه‌زنانه ده‌که‌ن که له‌ماوه‌یه‌کی کورت‌دا به‌ده‌ست هاتوون.