هۆشەنگ باوانی
ساڵی ٢٠٠٥ وەکو ڕاگەیاندکارێک لەدیوانى پارێزگاى دهۆک دەستبەکاربووم، منیش بەحوکمى کارەکەم دەبوایە لەزۆربەى کۆڕ و کۆبوونەوە و سەردانى شاندەکان و تەواوى جموجۆڵ و چالاکیەکانى ڕۆژانەى پارێزگار ئامادەبم و ڕووماڵى لایەنە گرنگەکانى ئەو چالاکیانە بکەم و لەداڕشتنى هەر هەواڵێکیشدا ئاماژە بەخاڵە سەرەکی و هەستیارەکان بدەم و دەستکەتوو و پڕۆژە و کارە ستراتیژییەکانى کارگێڕى زەق و ڕوونتر نیشان بدەم، ساڵى ٢٠٠٥ هەم لەسەر ئاستى عێراق و هەم لەسەر ئاستی هەرێم پڕاوپربوو لە ڕووداو و گۆڕانکارى و خۆڕێکخستنەوە و هەوڵدان بۆ بنیاتنانەوەى ژێرخانە جیاجیاکانى کۆمەڵگاى عێراق، لەو ساڵەدا هەڵبژاردنى هەردوو پەڕلەمانى عێراق و هەرێم ئەنجامدرا، دەستوورو فیدڕاڵییەت پەسەندکرا، سەرۆک کۆمارێکى کورد هەڵبژێردرا و گەلێک ڕووداوى تر، بێگومان بەشایەدى ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و هێزە هاوپەیمانەکانیش، کورد و هەرێمى کوردستان ڕۆڵى سەرەکى و بنەڕەتییان لەو ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەى گەلانى عێڕاقدا هەبووە، پێموایە هەر ئەو گۆڕانکارییە ئەرێنیانە بوونە ئەگەرێک بۆ کرانەوەى تەواوى دەرگا داخراوەکانى جیهانى بەسەر عێراقدا.
بابێمەوە سەر بابەتى پارێزگاى دهۆک، هەر هەمان ساڵ شاندێکى کۆریاى باشوورکە لە باڵوێزى گشتى و فەرماندەى تیپى زەیتوون و بەرپرسى کۆیکا (( ئاژانسى هاوکارى نێودەوڵەتى کۆرى )) بەسەردانێکى فەرمى و جانتایەکى پڕ لە پێشنیار و ڕاسپاردەى کارگێڕى و خزمەتگوزارى و ڕێککەوتننامەى پێگەیاندن و گەشەسەندنى کادیرى هونەرى گەیشتن، دواى تەواوبوونى ئەرکە پرۆتۆکۆلییەکان و دەست کردن بەگەنگەشە و گفتوگۆ جدییەکان بەتایبەت سەبارەت بەهەڵسەگاندن و بۆچوونەکانیان لەمەڕ هەرێم و شێوازى بەڕیوەبردن و حوکمڕانى وسیاسەتى کورد بەرامبەر بە بنیاتنانەوەى عێراق، من بەش بەحاڵى خۆم وەکو ڕاگەیاندکارێک ئەوکات توانیم تەنها دوو خاڵى زۆر گرنگ و سەرنجڕاکێش لەسەر بۆچوونەکانى جەنابى باڵوێز لە دەفتەرى تۆمارکردنمدا تائێستاش هەڵیبگرم، بەڕاستى ئەو دووخاڵە لەبەرنامەى کارى کابینەى ئێستاى حکومەتى هەرێم و پیادەکردنى سیاسەتى ئابوورى و بوژانەوەى ژێرخانى هەرێم و پێداچوونەوە بۆ راستکردنەوەى جۆرى پەیوەندییەکانى بەغداو و هەرێم زۆربەڕوونى و ئاشکرا هەستى پێدەکرێت.
جەنابى باڵوێز لەدەرەوەى چوارچێوەى دیبلۆماسیەت وتى ئیوە وەکو کورد سەنگێکى یەکجار گرنگتان لە داڕشتنەوەى عێڕاقى نوێدا هەیە و ڕۆڵێکى بەرچاو لەوپڕۆسەیەدا دەگێڕن و بەبێ ئێوە سەقامگیرى و دەوڵەتدارى و حکومڕانى لەبەغدا ئەستەمە، دە کەواتە بۆچى ئەو چانسە زێڕینە لەدەست دەدەن، فەرموون بڕۆن وەکو عێڕاقى زۆربەى جومگەکانى دەستەڵات لەبەغدا بەدەست بگرن و حوکمى هەموو وڵاتەکە بکەن، خاڵى دووەم باسى لەداهات و سامانى ناوخۆى هەرێم کرد، وتى لێتان ناشارمەوە ئێمە لە جیهان ڕۆژ بەڕۆژ لەسەردەمى کۆتایى هاتنى پتڕۆڵ نزیک دەبینەوە، هەموو دونیا خەریکى پەیداکردنى جێگرەوەیەکى هەرزانتر و کەم خەرجى ترە بۆچى ئێوەش بیر لەداهاتى تر ناکەنەوە، ئێوە خاوەن سروشت و سەرمایەکى هەمەڕەنگن و دەوڵەمەندن.
ئێمە کە لە ساڵى ١٩٤٨ دەوڵەتى سەربەخۆى خۆمان دامەزراند، هەژارترین دوورگەى ڕۆژهەڵاتى ئاسیا بووین. باڵوێز دەستى بردە گیرفانى و نینۆکبڕێکى کۆنى بچووکى دەرهێنا و بە پارێزگارى وت ئێمە وەکو کۆریا بە دروست کردنى ئەم نینۆکبڕە دەستمان بە بوونیاتنانى ژێرخانى ئابوورى خۆمان کرد، دە ئێوەش بە کاڵایەکى ناوخۆ دەستى پێبکەن، ساڵى ٢٠٠٨ تیپی زەیتوونە ماڵئاوایی لە هەرێم کردوو و ساڵى ٢٠١٦ کۆریاى باشوور کۆنسوڵخانەى خۆى لە هەولێرى پایتەخت کردەوە، ماوە بڵێم دواى تێپەڕبوونى 17ساڵ بەسەر ئەو سەردانەى شاندى کۆریای باشوور, ئەمڕۆ بە شێوەیەکى پڕاکتیک کابینەى ئێستاى حکومەتى هەرێمى کوردسان لە پڕۆسەیەکى ستڕاتیژى ئابووریدا پشت بەکاڵایەکى ناخۆى کەرتى کشتوکاڵ دەبەستێت وەک داهات و سەرمایە و بازرگانى دەرەکى. دەبا هەنارى هەرێم ببێتە نینۆکبڕى کۆریاى باشوور.