خەبات: دوابەدوای چاپ كردن و بڵاوكردنەوەی كتێبە بەنرخەكەی، نووسەر و رۆژنامەنووس زانیارسەردار قڕگەیی ، راگەیاند، سەرقاڵی بڵاوكردنەوەی كتێبی (پارتی و بارزانی لە ئەرشیفی رۆژنامەی (ژین)ی سلێمانی) ین ، كە كۆمەڵێك بەڵگەنامەی مێژوویی گرنگی زیاتر لە 63 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە خۆدەگرێت، تایبەت بە پارتی دیموكراتی كوردستان و بارزانی و بارزانییەكان لە رابردوودا.
ئەم بەرهەمەمان وەك دیاری دابەشكرد بەسەر ناوەندە مەعریفییەكاندا، بەتایبەت: (كتێبخانەكانی زانكۆكانی كوردستان و بەشەكانی كۆلیژەكانی زانكۆی سلێمانی و مامۆستایان و بەشێك لە قوتابیان، هەروەها بە كتێبخانەی مەركەزی ئەوقافی سلێمانی، كتێبخانەی گشتی سلێمانی بۆ خۆیان و سەرجەم كتێبخانەكانی دەورووبەری شاری سلێمانی كە ژمارەیان (22) كتێبخانەیە لە سەرجەم قەزا و ناحییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی، هەروەها بە كتێبخانەی بنكەی ژین، بە ئەرشیفی زۆرێك لە حزب و لایەنە سیاسییەكان، بە كتێبخانەی تاكەكەسی لە نێو ماڵی هەندێ لە نووسەرە بەئەزموونەكان كە پێشتر هاوكارمان بوون بۆ ئەم كارە، لەگەڵ پێشكەش كردنی بەشێكی دیكە بە نووسەران و رۆشنبیران و هونەرمەندان و رۆژنامەنووسان و ئەو خانەوادە كوردپەروەرانەی لە رابردوودا بەرهەمیان لە رۆژنامەی ژین دا بڵاوكردۆتەوە ولە ئێستادا و لەم كتێبەدا جارێكی دیكە پەخشمان كردەوە، كە بە شانازی و خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لەم بەرهەمە كرد.هەروەها زۆربەی كەناڵەكانی راگەیاندی سەرجەم حزب و لایەنەكان لە سلێمانی و، زۆرێك لە كەسایەتییە ناسراوەكان و رووناكبیرانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك و كەركووك و هەڵەبجەی شەهید و، لە شوێنە گشتییەكاندا پەخشمان كرد.
ئەم بەرهەمە كۆمەڵێك بابەتی ناوازە لەخۆدەگرێت و بابەت و بڵاوكراوەكان سەبارەت بە بارزانی و بارزانییەكان تێدا بڵاوكردۆتەوە، لەگەڵ چەندین برووسكە و نامەی تایبەت و نووسراو بۆ عەبدولكەریم قاسم، بە مەبەستی پشتگیری و پشتیوانی بۆ بارزانی، لەگەڵ چەندین هۆنراوە و وتار و راپۆتی رۆژنامەوانی سەبارەت بە گەرانەوەی بارزانی بۆ عێراق و سەردانیكردنی بۆ سلێمانی، هەروەها كردەوە تیرۆرستییەكەی 1971، لەگەڵ چەند نامەیەكی بارزانی بۆ یادی بێكەسی شاعیر و قوتابیانی گشتی سلێمانی، بۆ لاوانی قەڵادزێ و كۆمەڵەی خوێندكانی كورد لە ئەورووپا و چەند بابەتێكی دیكە، بەشێك لە نووسەران و رووناكبیر وشاعیرە ناسراوەكانیش كە بابەت و بەرهەمیان سەبارەت بە بارزانی و بارزانییەكان نووسیوە بریتیین لە (ئەحمەد زرنگ- سەرنووسەری ژین، نەجمەدین مەلا، گۆرانی شاعیر، كامەران موكری، محەمەد تۆفیق وردی، ساڵح رووشدی، ساڵح پێداوی، هەمزە عەبدوڵا، كاكەی فەلاح، حەمەساڵح دیلان، سەیدا ساڵح یوسفی، دارا تۆفیق، عیسمەت شەریف وانلی، بورهان قانع، د.كەمال فوئاد، د. ئیحسان فوئاد، د. فەرهاد ئەحمەد، محەرەم محەمەدئەمین، ئەحمەد غەفوور،كەریم زەند، مستەفا ساڵح كەریم، جەمال بابان، كەریم شارەزا و.. هتد.)، لەگەڵ سازدانی دوودیداری رۆژنامەوانی لەتەك ( شێخ محەمەدخالید بارزانی و لوقمان مستەفا بارزانی، لەشاری سلێمانیدا.
هەروەها تۆماركردنی بەشێك لە چالاكییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەگشتی و لقی سلێمانی پارتی، پاشان لقی چواری پارتی لە سلێمانی، لەگەڵ دەیان بەڵگەنامەی گرنگی مێژوویی لەم كتێبەدا سەبارەت بە بارزانییەكان تۆماركراون. سەلام عەبدوڵا- سەرنووسەری رۆژنامەی خەبات، پێشەكیی بۆ نووسیوە و، هەریەك لە (پرۆفیسۆر د. فوئاد حەمەخورشید و پرۆفیسۆر د. كەیوان ئازاد ئەنوەر، پرۆفیسۆر د. نەزاكەت حوسین) وەك مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی، هەریەك لە روانگەی پیشەیی خۆیانەوە هەڵسەنگاندنیان بۆی كردووە و، نووسینەكەیان بڵاو كراوەتەوە، زانیار قڕگەیی گوتیشی: ” كۆی گشتیی ئەم بەرهەمە پەیوەستە بە بارزانی و بارزانییەكان و پارتی دیموكراتی كوردستان و جەماوەری شاری سلێمانی و چالاكییەكانی پارتی، هەر لە ساتی ناردنی نامە مێژووییەكەی بارزانی بۆ قاسم تاكو گەڕانەوەی بارزانی بۆ عێراق، دەستپێدەكات تاكو داخستنی رۆژنامەی ژین لە 1963. دواتر لەگەڵ راگەیاندنی رێككەوتننامەی 1970 تاكو 1974، چەند بابەت و بەرهەمی دیكەی تێدا بڵاو كراونەتەوە. هەموو ئەوانەمان وەرگرتووە و سەرلەنوێ دامانڕشتنەوە و ئاوێتەی نێو ئەم كتێبەمان كردووە.
ئەم كتێبە بە قەبارەیەكی باش و بە رەنگاو رەنگ و بە تیراژی دوو هەزار دانە و (720) لاپەڕەی ئەی فۆڕ چاپ كراوە. نووسەر و ئامادەكاری كتێبەكە دەڵێت:” سوپاسی هەموو ئەو بەرێزانە دەكەم كە یارمەتی و هاوكارییان كردم بۆ چنگ كەوتنی زۆربەی ژمارەكانی رۆژنامەكە، كە بەهۆی كۆنی و رزیوی و پەرش و بڵاوییانەوە زۆر بە زەحمەت و ماندووبوونێكی زۆر دەستمان كەوتن، لە ماوەی سێ ساڵ كاركردن تێیاندا توانیومە كارێك ئەنجام بدەم و سوودی بۆ كتێبخانەی كوردی هەبێت و تارادەیەك لە فەوتان رزگاریان بكەم، بەتایبەت: (كتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی، كتێبخانەی گشتی سلێمانی، بنكەی ژین، ئەرشیفی لایەنە سیاسییەكانی سلێمانی، كتێبخانەی تاكەكەسی لە نێو ماڵی هەندێ لە نووسەرە بەئەزموونەكان) دەكەم، كە هاوكارم بوون لە كاركردنمدا.
نووسەر و رۆژنامەنووس زانیار سەردار قڕگەیی