عەباس غەزالی
لەم ڕۆژانە هەواڵێک لە بی.بی.سی بڵاوبۆتەوە کە تێیدا ئاماژە بە ناوی 100 ژنی کاریگەری جیهان کراوە، بە شانازییەوە ناوی چوار ئافرەتی کوردیشی تێدایە کە دوویان خەڵکی ڕۆژهەڵات و دوویان خەڵکی باشووری کوردستانن، ئەم ئافرەتانە بە ڕێگەی مەستوورە خانم و خانزاددا ڕۆیشتوون بۆیە جێی خۆیەتی پێش هەموو شتێک سوپاسی بنەماڵە بەڕێز و تێگەیشتوەکانیان بکەین، ئافرەتی وڵاتانی جیهان بە هۆی هەبوونی دەوڵەت زەمینەی پێگەیشتنیان زۆرە بەڵام، کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت لە کۆنەوە خاوەنی ژنی پێشەنگ و پێگەییشتووی بووە، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژنی کورد لە هەموو نەتەوەکانی دیکە پێشڕەوتر بووە، بێ گومان بەشێک لەو پێشەنگییە بە هۆی کەلتووری کۆمەڵگەی کوردی بووە.

لە سەردەمی پێشمەرگایەتیدا، ئەو کاتەی کامێڕایەک نەبوو وێنەیان بگرێت و ڕۆژنامەیەک باسی نەدەکردن، ئافرەتی کورد شان بە شانی پیاو بۆ ئازادی خاک و گەل خەباتیان دەکرد. بارزترین نموونەی ئەو ئافرەتانە شێرەژنانی ئەنفالن کە لە کاتی جینۆسایدی ئەنفالدا بە تەنهایی و بە یەکباڵی بە سەربەرزییەوە بەرز دەفڕین. لەم سەردەمەشدا ئەوەی دیسان جێی شانازییە ئەوەیە کە ژنی کورد خەریکە کاریگەری لە سەر بیرکردنەوەی گشت جیهان دادەنێت، لێرەدا ئەرکی پیاوی کورد ئەوەیە پشتیوانی لە ئافرەتان بکات و مەیدانی کار و خەباتیان زیاتر بۆ هەموار بکات بۆ ئەوەی ناوبانگی کورد و کوردستان هەروا بە درەوشاوەیی بمێنێتەوە. بە تایبەتی پێویستە بواری خوێندن و هونەریان زیاتر بۆ برەخسێت و ئیمتیازی تایبەتیان پێ بدرێت بۆ ئەوە کاتی زیاتریان بۆ بگەڕێتەوە. پێویستە تێبکۆشین تاکوو مرۆڤدۆستی، مافی ئافرەت، ژینگەپارێزی و پێکەوەژیان ببێتە ناسنامەی نوێی کورد.

7/12/2022