خەبات: عەلی بانیشاری:- وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پلانی هەیە لە ساڵی نوێدا هەڵمەتێكی گەورەی چاندنی زەیتوون رابگەیەنێت. لە هەرێمی كوردستان چاندنی زەیتوون روو لە زیادبوونە و بەڕێوەبەری گشتیی باخدارییش دەڵێت: ژینگەیی ناوچەكە بۆ چاندنی زەیتوون لەبارە، بەپێی ئامارێك كە راگەیاندنی وەزارەتی كشتوكاڵ بە (خەبات)ـی داوە، حەوت كارگەی رۆنی زەیتوون لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە و گەرمیان هەن و رێژەی زەیت لە زەیتوونی گوشراوی كوردستان لە 10.9% تا 20%ـە.

هەڵكەوت عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی باخداریی و دارستان و پاوان لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە (خەبات)ـی گوت: دوو جۆر زەیتوون لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت، جۆرێكیان بۆ سەر سفرەیە و جۆری دووەمیش بۆ زەیتە. گوتیشی: پاشماوەی ئەو زەیتوونەی دەكرێت بە زەیت لە پیشەسازی سابوون و دەرمان سوودی لێ دەبینرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، لە هەولێر و سلێمانی نەمامگەی زەیتوونیان هەیە و هەردوو جۆری زەیتوون (سەر سفرە، زەیت) بەرهەم دێنن. راشیگەیاند: رێژەی زەیت، لەو زەیتوونەی لە نەمامگەكان بەرهەم دەهێنرێت لە 12% تا 18%یە و زەیتوون هەیە 21%ی دەبێتە زەیت و جۆری دیكەش هەیە لە 11% تا 12%. سەبارەت بە زەیتوونی سەر سفرە؟ هەڵكەوت عەبدولڕەحمان گوتی: ئەو جۆرە لە زەیتوون زیاتر گرنگی بە قەبارە و رەنگەكەی دەدرێت.

زەیتوون چەندین سوودی هەیە لەوانە: ((ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی شەكرە كەمدەكاتەوە. ئێسك بەهێز دەكات. كرداری هەرسكردن ئاسان دەكات. بۆ كەمخوێنی بەسوودە، ئەویش بەهۆی بوونی مادەی ئاسن لە پێكهاتەكەیدا. ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە كەم دەكاتەوە. كێش دادەبەزێنێت. بۆ تەندروستی پێست بەسوودە، قژ بەهێز دەكات. ئەگەری توشبوون بە جەڵتەی مێشك كەم دەكاتەوە. بەسوودە بۆ تەندروستی دڵ و بۆرییەكانی خوێن. ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی زەهایمەر كەم دەكاتەوە)). زەیتوون 85%ی كالۆری و چەوری سوود بەخشە و سەرچاوەیەكی دۆڵەمەندی دژە ئۆكسید و هەوكردنە.

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو جەختلەوە دەكاتەوە چاندنی زەیتوون ماوەی چەند ساڵێكە بە رێژەیەكی بەرچاو زیادیكردووە، بەڵام ئاماری نوێ لەسەر ژمارەی دار زەیتوون و رووبەری چێنراو بە زەیتوون لە بەردەستی وەزارەتەكەدا نییە. بەڕێوەبەری گشتیی باخداریی دەڵێت: بۆ دروستكردنی ئامار و دووبارە رووپێوكردنی زەویی كشتوكاڵی و باخ و كێڵگەكان پێویستیان بە دابینكردنی بودجەیەكی گەورەیە. دەشڵێت: بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو چەند ساڵێكە نەیتوانیووە سەردانی جووتیارانی كوردستان بكات و داتا و ئامار و رێنمایی و دەرمانیان پێ بدات.

هەڵكەوت عەبدولڕەحمان ئەوەشی گوت: پاش پڕۆسەی ئازادی عێراق، چاندنی زەیتوون لە هەرێمی كوردستان پەرەی پێدراوە و خواست لەسەر بەرەو پێشچوونی هەیە و چەند كارگەیەكی زەیتی زەیتوونیش لە شارە جیاجیاكان كراونەتەوە. زیاتر گوتی: ژینگەیی كوردستان بۆ چاندنی زەیتوون زۆر لەبارە، چونكە بەرگەی گەرما و سەرما و كەمئاوی دەگرێت. زەیتوون كۆمەڵێك تایبەتمەندی هەیە لەوانە: ((تەمەنی دەگاتە هەزار ساڵ و زوو پیر نابێت. قەدەكانی زوو ناشێكت. بەرگەی نەخۆشی دەگرێت. ساڵی یەكەم ئاودانی دەوێت و دواتر تەنیا پێویستی بە بارانە)).

باسیلەوەشكرد، ئەگەر پاڵپشتی بكرێن پلانیان هەیە بۆ ساڵی 2023 هەڵمەتێكی گەورەی نیشتیمانی بۆ چاندنی دار زەیتوون دەستپێبكەن جا بە پاڵپشتی حكوومەت یان رێكخراوەكان یاخود كەرتی تایبەت بێت. بەڕێوەبەری گشتیی باخداریی دەڵێت: ئەگەر پلانەكە جێبەجێ بكرێت ژمارەی دار زەیتوون و رووبەری سەوزایی لە هەرێمی كوردستان زۆر زیاد دەكات و هەلی كاریش بۆ خەڵكی دەڕەخسێت.

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان تا مانگی3ی 2022، حەوت كارگەی زەیتی زەیتوون لە هەرێمی كوردستان دامەزراون كە سێ كارگەیان كەوتوونەتە شاری هەولێر. لە كۆی 799.5 تۆن زەیتوونی گوشراوی كارگەكان، 109.8 تۆن زەیت بەرهەمهاتووە و رێژەی زەیت لە زەیتوونی گوشراویش لە 10.9% تا 20% بووە، هەر بەپێی ئاماری وەزارەتەكە، هەزار و 340 جووتیار لەو حەوت كارگەیە زەیتوونیان كردووە بە زەیت.

لە داتاكانی وەزارەتی كشتوكاڵدا هاتووە: ((زۆرترین زەیتوونی گوشراو لە كارگەی زەیتوونی راسان بووە لە پارێزگای هەڵەبجە، بەشێوەیەك لە كۆی 415 تۆن زەیتوون، 60 تۆن زەیتی لێ بەرهەمهاتووە))، بەپێی ئامارێك لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، نزیكەی 400 دۆنم زەویی چێنراو بە زەیتوون هەیە، پێشتر لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ (خەبات) پەیام سەیوان، بەڕێوەبەری كارگەی رۆنی زەیتوونی راسان رایگەیاندبوو: رۆژانە كارگەكەیان لە توانایدایە 120 تۆن زەیتوون بكات بە زەیت.