گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەیی هەرێم دەڵێت: دەبێت چۆنییەتی راوكردن رێكبخرێت، چونكە لە هەمووی دونیا راوكردن هەیە و موڵەتیشی پێدەدرێت. لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ (خەبات) رائید فوئاد ئەحمەد دەشڵێت: هەر كەسێك ئاسێكێك راوو بكات 25 ملیۆن دینار سزا دەدرێت. بەوتەی ناوبراو هەر كەسێكیش دارێك ببڕێتەوە بێ لە سزای مادی، دەبێت 3-5 دار لە شوێنی بچێنێن. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەكە لە 11 مانگی رابردوودا، 563 كەس لەسەر بڕینەوەی دار پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە.
فوئاد ئەحمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەیی هەرێم بە (خەبات)ـی راگەیاند: پێشێلكارییەكانی سەر دارستان و ژینگەی هەرێمی كوردستان خۆیان لە راوكردن و بڕینەوەی دار و لێدانی بیر و چەند بابەتێكی دیكەی دەبیننەوە. گوتیشی: لە 11 مانگی رابردوودا لە سەرتاسەری هەرێم 1713 كەس لەسەر پێشێلكاری بۆ سەر دارستان و ژینگە پەراوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە و لەو ژمارەیەش 563 پەڕاویان تایبەتن بە داربڕین.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان وەكو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەیی هەرێم دۆسیەكانی سەرپێچیكردن رەوانەی دادگا دەكەن و لە 30-50%ی سەرپێچیكارانیش دەدرێن بە دادگا و بەپێی یاساكانی دارستان و ژینگە و یاساكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت. زیاتر گوتی: رۆژانە سەرپێچی جۆرا و جۆر دەكرێتە سەر ژینگە.
راشیگەیاند: ئەو كەسانەی باڵندە و ئاژەڵ راو دەكەن و بیری نایاسایی لێدەدەن و دار دەبڕنەوە بەپێی یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2012ی وەزارەتی كشتوكاڵ مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و هەر پێشلێكاریەكیش سزای خۆی هەیە، بۆ نمونە بڕینەوەی دار، سزا مادییەكەی بەپێی جۆر و تەمەن و شوێنەكەی دارەكە دیاری دەكرێت و پاشان كەسی سەرپێچیكار دەبێت قەرەبووی پێشێلكارییەكەشی بكاتەوە، ئەویش بە چاندنی 3-5 دار لە هەمان شوێنی بڕینەوەی دارەكە یان ئەو شوێنەی كە بۆی دیاری دەكرێت، هەروەها ناشبێت تەمەنی دارەكە لە دوو ساڵ كەمتر بێت.
لەبارەی ئەو بڕە پارەییەی كە بۆ سەرپێچییەكان دیاریكراوە؟ فوئاد ئەحمەد گوتی: پێبژاردنەكان لە 600 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات بۆ 25 ملیۆن دینار، بۆ نمونە هەر راووچیەك بە ئاسكەوە بگیرێت 25 ملیۆن دینار پێبژاردنی بۆ دەكرێت. ئەوەشی گوت: لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان پێشێلكارییەكان بۆ سەر دارستان و ژینگە وەكو یەكە. باسی لەوەشكرد، هۆشیاری ژینگەیی لە نێو خەڵكدا بڵاوبووەتەوە و هاووڵاتیان هەست بە مەترسییەكانی سەر ژینگە دەكەن و رێكخراوەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش كاریگەری باشیان لەسەر بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە لە هۆشیاری و پاراستنی ژینگە هەبووە. بەوتەی ناوبراو، بەراورد بە ساڵانی رابردوو بڕینەوەی دار و لێدانی بیری نایاسایی كەمیكردووە.
ئەو داواشیكرد، كەناڵەكانی راگەیاندن زیاتر كار لەسەر پرسی پاراستنی ژینگە بكەن، چونكە پۆلیسی دارستان و ژینگە بە تەنیا ناتوانێت ئەو كارە بكات و پێویستە هەر یەكێك لەلایەن خۆیەوە رۆڵی پۆلیسی دارستان ببینێن، بە پێچەوانەوە دۆخی دارستانەكان و ژینگەی هەرێمی كوردستان خراپ دەبێت. سەبارەت بە چاوپۆشیكردنیان لە سەرپێچیكاران؟ گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەیی هەرێم گوتی: هەر سەرپێچیكارێك بگاتە لای پۆلیسی دارستان و ژینگە چاوپۆشی لێ ناكرێت و رووبەڕووی یاسای دەكرێتەوە، ئەگەر چاوپۆشی بكرایە كارمەندمان لە كاتی بە جێگەیاندنی ئەركدا بریندار نەدەبوو، نموونەی ئەوەشی هێناوە هەفتەی رابردوو كارمەندێكیان لە قەزای دەربەندیخان لەلایەن ژمارەیەك راووچییەوە بریندار كراوە و رەوانەی نەخۆشخانە كراوە.
فوئاد ئەحمەد هەروەها گوتیشی: ساڵانە لە كاتی راووی ماسیدا 5-8 كارمەندمان بریندار دەبن و لە كاتی راوكردنی ئاژەڵی كێویشدا بەهەمان شێوە كارمەندەكانمان بریندار دەبێت و تەقە لە ئۆتۆمبێلی پۆلیسی دارستان و ژینگە دەكرێت. سەبارەت بە پێدانی موڵەتی راوكردن؟
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگە دەڵێت: لە هەموو دونیا راووكردن هەیە و موڵەتیشی پێدەدرێت، بەڵام دەبێت ئێمە چۆنییەتی راووكردن لە هەرێمی كوردستان رێكبخەین، چونكە ئەوەی كە تا ئێستا رێكخراوە تەنیا راوكردنی ماسییە، هەروەها هەندێك راوكردن هەیە نابێت بكرێت، بە تایبەت لە كاتی زاوزێدا. هەروەها دەشڵێت: دەبێت هەر راووچییەك یەك جۆر راوو بكات و جۆری چەكەكەشی ئاشكرا بێت.
فوئاد ئەحمەد هێمای بۆ ئەوەشكرد، لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان كۆمەڵەی راووچییەكان هەیە و لەناو كۆمەڵەكە چەند گروپێكی راووكردن هەن، دەبێت لە هەرێمی كوردستانیش شێوازێكی رێكوپێك بۆ راوكردن دابنرێت و رێكخراوی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە دروست بكرێت و راوچییەكان لەناو رێكخراوەكان بن، چونكە راو هەیە و ناكرێت ئێمە بڵێین نابێت هەبێت.
لەبارەی بڕینەوەی داری وشك؟ گوتی: ئەگەر كەسێك بیەوێت داری وشك یان نەخۆش ببڕێتەوە، پێویستە داواكارییەك پێشكەش بە وەزارەتی كشتوكاڵ بكات و وەزیر رەزامەند بێت لەسەر كارەكە، پاشان بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی دارستان و ژینگەی شوێنەكە دارەكە دەبڕنەوە و موڵەت وەردەگرن، بەڵام لە راستیدا خەڵك رەزامەندی وەرناگرێت.












