وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا هاوخەمیی بۆ کەسوکاری قوربانییانی هەردوو رووداوەکەی سلێمانی و دهۆک راگه‌یاند و داواشی لە هاوڵاتییان و کۆمپانیاکان كرد، خۆیان لە بەکارهێنانی سیستەمی غاز بەدووربگرن، تا لە رێگه‌ی لێژنە تایبەتەکانەوە کاری پێویست ئەنجامدەدرێت.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 23ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022) وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: هاوخەمیی بۆ کەسوکاری قوربانییانی هەردوو رووداوە جەرگبڕەکەی سلێمانی و دهۆک راگه‌یاند.

له‌باره‌ی سیسته‌می گه‌رمكه‌ره‌وه‌ی غازی ماڵان، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، هیچ مۆڵەتێک بۆ دانانی سیستەمی گەرمکەرەوەی غازی ماڵان و کارگەکان و شوێنە تایبەتەکان بە هیچ کۆمپانیایەک نەدراوه‌، کە بە دەر لە رێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2020 وەزارەتی ناوخۆ بێت.

روونیشیكرده‌وه‌، هەر مۆڵەتێک لە هەر شوێنێکەوە درابێت، بە بێ ئاگاداری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بووە.

داواشی لە هاووڵاتییان و کۆمپانیاکان كرد، خۆیان لە بەکارهێنانی سیستەمی غاز بەدووربگرن تا لە رێگه‌ی لێژنە تایبەتەکانەوە کاری پێویست ئەنجام دەدرێت بۆ دڵنیابوون لە سه‌لامەتی بەکارهێنان.

بڵاوکردنەوەی روونكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌سرووشتییه‌كان دوای ئەوەدێت، ئێوارەی (17ی تشرینی دووەمی 2022) لە شاری سلێمانی، بەهۆی لێچوونی غازەوە، تەقینەوە لە خانوویەکی سێ نهۆمیدا روویدا، لە ئەنجامدا خانووەکە رووخا و 15 کەس گیانیان لەدەستدا و 12ی دیکەش برینداربوون، هەروەها بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە ئەنجامی لێچوونی غاز لە شاری دهۆک، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و 42 کەسی دیکەش برینداربوون.