ئەمڕۆ 23ی تشرینی دووەمی2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشی دووەم و سێیەمی شەقامی ١٥٠ مەتری کردەوە.

لەمیانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی کردنەوەی قۆناغی دووەم و سێیەمی شەقامی 150 مەتری هەولێر مەسرور بارزانی وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، جێی شانازی و دەستخۆشییە کە دەبینین پڕۆژەیەکی وا بە ستانداردێکی نێودەوڵەتی، بە توانای ئەندازیارانی کوردستانی و کۆمپانیایەکی خۆماڵی جێبەجێ دەکرێت.

هەر لەو رێورەسمەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بیانووی جیاجیا دۆزراوەتەوە بۆ ئەوەی پەلاماری خاکی هەرێمی کوردستان بدرێت.

لە میانی وتارەکەیدا مەسرور بارزانی دڵنیایی دا بە وڵاتانی دراوسێ و رایگەیاند، وڵاتانی دراوسێ دڵنیادەکەینەوە کە کوردستان شوێنی سەقامگیرییە و جێی مەترسیی نییە. گوتیشی “ئێمە بە هیچ شێوەیەک نامانەوێت سەقامگیریی و ئاسایشی هیچ وڵاتێک تێکبچێت، هیوادارین ئەوانیش بە هەمان چاو سەیری دۆستایەتی کوردستان و خەڵکەکەی بکەن”.

دەقی وتاری مەسرور بارزانی:

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەکەم

جێی شانازی و دەستخۆشییە کە دەبینین پڕۆژەیەکی وا بە ستانداردێکی نێودەوڵەتی، بە توانای ئەندازیارانی کوردستانی و کۆمپانیایەکی خۆماڵی جێبەجێ دەکرێت، پیرۆزە لە خەڵکی کوردستان بەتایبەتی خەڵکی هەولێر، من دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار کۆمپانیای هێمن گرووپ دەکەم بۆ ئەم کارە جوانەی کە ئەنجامیانداوە، هیوادارم بتوانین لە داهاتوودا بەشەکانی دیکەی شەقامی 150 مەتری تەواوبکەین، کە هەموو بازنەکە بەیەک ببەسترێتەوە، بێگومان دروستکردنی ئەم پڕۆژەیە ئاسانکارییەکی زۆر دەکات بۆ هاووڵاتییان ئەوانەی لە پارێزگاکانی دیکە وەکو دهۆک و سلێمانی کە دێن بۆ هەولێر بەبێ ئەوەی بڕۆن بۆ ناوشار دەتوانن هەر بەم شەقامە سەفەر بکەن و رێگەیان ئاسانتر و خێراتر بێت، هەروەها ئاسانکارییەکی زۆر بۆ جوڵەی بازرگانی دەکات و جەنجاڵی و قەرەباڵغی بۆ هاووڵاتییان کەمدەکاتەوە، هیوادارم هاووڵاتییان رەچاوی ئەوە بکەن کە ئەم شەقامانە بۆ خزمەتگوزاریی ئەوانە، دەبێ ئەوانیش خۆیان لە تیژڕەوی بپارێزن رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، پۆلیسی هاتووچۆ لەبەرچاو بگرن، بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان و کەسوکاریان و ئەو کەسانەی لەسەر شەقامەکە هەن.

 بەرنامەی کردنەوەی ئەم پڕۆژەیە ماوەیەکە دانراوە، هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا تووشی هەندێک رووداوی نەخوازراو بووین، بەڵام پێمان باش بوو ئەم بەرنامەیە دوانەکەوێت، پێشانی هەموو لایەک بدەین ئیرادەی بەهێزی گەلەکەمان و حکومەتەکەتان بەردەوام دەبێت، کە ئێمە ئەو خزمەتگوازیانە لەکاتی خۆی ئەنجام بدەین و هیچ شتێک نەتوانێت بمان وەستێنێت، راستە لە زۆر رووەوە هەوڵی ئەوەدراوە رێگریمان لێ بکرێت کە بەرنامەی حکومەت و کارە خزمەتگوزارییەکان وەکوخۆی جیبەجێ بکەین، هەندێکی بە ئەنقەست بووە و هەندێکیشی رووداوی نەخوازراوبوون، بەڵام سەرەڕای ئەمانە هەمووی ئێمە بەردەوام دەبین جێبەجێکردنی بەرنامەی خزمەتگوازی بۆ هاووڵاتیان، رووبەڕووی هەموو قەیرانەکان دەبینەوە، پشتمان بە خوای گەورە قایمە و سوپاسی پشتیوانی بەردەوامی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەم لە حکومەتەکەتان، کە بەردەوام ئێوە هاندەربوون بۆ ئەوەی ئێمە رووبەڕووی هەموو ئەو قەیرانانە ببینەوە.

بەداخەوە بینیمان لە ماوەی رابردوو دیسان کوردستان مووشەکباران کرا و رووبەڕووی هەندێک هێرشی ناڕەوا بووینەتەوە، کە بیانووی جیاجیا دۆزراوەتەوە بۆ ئەوەی پەلاماری خاکی هەرێمی کوردستان بدرێت و پێشێلی سەروەریی خاک و نیشتمانەکەمان بکرێت، کە ئەمە بە هیچ شێوەیەک هیچ جۆرە کێشەیەک چارەسەر ناکات، هیوادارین ئەم جۆرە پێشێلکاریانە کۆتاییان پێبێت، ئێمە بەردەوامبووین لە قسەکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق، جارێکی دیکە داوا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین سنوورێک بۆ ئەم هێرشە ناڕەوایانە دابندرێت کە دەکرێنە سەر خاکەکەمان و، ئەو دەستدرێژیانەی دەکرێنە سەر وڵاتەکەمان کۆتاییان پێبێت.

ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی کارە خزمەتگوازییەکانی خۆمان ئەنجام بدەین، ئەجندای حکومەتەکەی خۆمان جێبەجێ دەکەین، دووبارە هەموو وڵاتانی دراوسێمان دڵنیا دەکەینەوە کە کوردستان شوێنی سەقامگیرییە و جێی مەترسیی نییە، ئێمە بە هیچ شێوەیەک نامانەوێت سەقامگیریی و ئاسایشی هیچ وڵاتێک تێکبچێت، هیوادارین ئەوانیش بە هەمان چاو سەیری دۆستایەتی کوردستان و خەڵکەکەی بکەن، هاوکار و پاڵپشتمان بن، ئەوەی بە پاڵپشتی و هاوکارییەوە بەدی دێت بێگومان بە چاوی گومانەوە بەدی نایەت، ئێمە کە دەستی دۆستایەتی درێژ دەکەین ‌هیوادارین لایەنەکانی دیکەش بەو چاوە وەکو دۆست مامەڵەمان لەگەڵ بکەن، ئێمەن بە هەموو شێوەیەک سەرکۆنەی هەر دەستدرێژییەک دەکەین کە دەکرێتە سەر خاکەکەمان.

لەلایەکی دیکەوە بینیمان کە بەداخەوە دوو رووداوی زۆر ناخۆش و دڵتەزێن روویاندا، یەک لە سلێمانی و ئەوەی دیکە لە دهۆک، ئەویش بە هۆکاری تەقینەوەی غاز. ئەمە وایکرد ئێمە چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەین و بڕیاری پێویست بدەین. من لێرەوە جارێکی دیکە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیانی ئەو دوو کارەساتە دڵتەزێنە دەکەم، هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشتی بەرین بێت و خوا شیفای خێرای برینداران بدات.

ئەوەی لەسەر حکومەت بووە بۆ یارمەتیدان، کردوومانە و بەردەوام دەبین و هەرچییەکیش پێویست بێت بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی بوونەتە قوربانی یان پێویستیان بە هاوکاری حکومەتە بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەمان. لێرە ئەوەی پێویستە باسی بکەم ئەوەیە، حکوومەت هەموو هەوڵێک بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی دەدات، بەڵام هەندێ شت هەیە ئەرک و بەرپرسیارێتی هاوبەشە. حکومەت رێنمایی دەردەکات، ئاسانکاری دەکات و کارە خزمەتگوزارییەکانی خۆی دەکات، بەڵام هاووڵاتیش بەرپرسیارییەتیەکی لەسەر شانە کە رێنماییەکان وەک خۆیان جێبەجێبکەن. بەداخەوە بیسووتمە هەندێک لەو رێکارانەی خەڵک گرتوویەتەبەر، بەبێ ئەوەی مۆڵەتی کارکردن لە حکومەت وەربگرێت، یان رێنماییەکانی حکومەت و وەزارەتی پەیوەندیدارەکان جێبەجێبکات، لەخۆیانەوە هەندێ کاریان کردووە کە بەداخەوە هەم ژیانی خۆیان و هەم ژیانی خەڵکی دیکەیان خستووەتە مەترسییەوە.

من داوام لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کردووە لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە هۆکاری رووداوەکان بکەن و بزانن لە کوێ ئیمە دەتوانین یارمەتی بدەین، بۆ ئەوەی رێگەنەدەین جارێکی دیکە رووداوی وا دڵتەزێن روو بدات یان خوانەخواستە تووشی کارەساتێکی دیکە ببینەوە. پێویستە حکومەت و هاووڵاتی هاوکاری نزیکی یەکتر بن و ئەوەی لەسەر شانی هەموومانە، هەر یەکێک بە پێی بەرپرسیارێتی خۆی کارەکان بکات. ئیمە ناتوانین لەلایەک بەتەنیا هەموو شتەکان بکەین.هەموومان بە یەکەوە دەتوانین هاوکاری یەکتر بکەین بۆ باشترکردنی بارودۆخی وڵاتەکەی خۆمان.

خاڵێکی دیکە کە دەمەوێ ئاماژەی پێبدەم، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە. ئێمە دوای ئەوەی حکومەتێکی نوێ پێکهات، هەموو هەوڵێکمان داوە لەگەڵ حکومەتی نوێ پەیوەندییەکی پتەوتر و باشتر دروست بکەین. ئێستا پەیوەندیمان لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران باشە. لەگەڵ ئەم حکومەتە لە قۆناغێکداین کە ئامادەکاری دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی لەنێوانماندا هەیە. ئیمە رێککەوتنێکمان لەگەڵ حکومەتی ئێستای عێراقدا هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. هیوادارین لە کاتێکی زوودا شاندەکەی ئیمە سەردانی بەغدا بکات.

دوێنێ بەڕێز جەنابی سەرۆكی هەرێم سەردانی بەغدای كرد هەر بۆ هەمان مەبەست، شاندی وەزاری و تەكنیكی ئێمەش ئامادەن كە بڕۆن و خۆشم ئامادەم هەر كاتێك كە پێویست بێت، سەردانی بەغدا بكەین بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتانەی كە هەن. من ئومێدم وایە دەتوانین لە كاتێكی زووشدا چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە ئەوەی بە یەكەوە دەتوانین بیكەین لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی، بێگومان لە دوورەوە ناتوانین بیكەین یان بە دابڕان لە یەكتر ناتوانین بیكەین. هاوكاریی دوولایەنە زەروورە بۆ پێشخستنی وڵاتەكەمان، هاوئاهەنگیكردن لەگەڵ یەكتر، هاوكاری و پشتیوانیكردنی یەكتر دەتوانێت سەركەوتنی گەورەترمان بۆ دەستەبەر بكات، ئەمە دەتوانێت هەم وڵات لە ڕووی ئابوورییەوە بەرەو بووژانەوەیەكی زیاتر ببات، لە ڕووی سیاسییەوە سەقامگیرییەكی زیاتر بەرهەم بێنێت، لە رووی ئاسایشی نیشتمانیشەوە ئێمە دەتوانین هەنگاوی زۆر باشتر بهاوێژین.

لە كۆتاییدا من جارێكی تر سوپاسی هەمووتان دەكەم، سوپاسی كۆمپانیای هێمن گرووپ دەكەم، ئەم دەستكەوتە گەورەیەش لە هەموو خەڵكی كوردستان و خەڵكی شاری هەولێری خۆشەویست پیرۆز دەكەم، ئینشائەڵڵا هەر سەكەوتوو بن و كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.