له‌ درێژه‌ى سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غدا، شه‌وی سێشه‌ممه‌ 2022/11/22 به‌ڕێز نیچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز شێخ قه‌یس ئه‌لخه‌زعه‌لى، سه‌رۆكى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق، ده‌رباره‌ى دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسى و ئه‌منیى عێراق و ئاڵنگارییه‌كانى به‌رده‌مى و شه‌ڕى دژى تیرۆر، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگى و پێویستیى پشتگیركردنى حكوومه‌تى نوێى عێراق و سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڕێز ئه‌لسوودانى كرده‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى كارنامه‌كه‌ى و كارى پێكه‌وه‌یى و هاریكاریى نێوان لایه‌ن و پێكهاته‌كانى عێراق له‌پێناو پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیریى سیاسى و ئه‌منى و به‌پیره‌وه‌چوونى داواكاریى هاووڵاتییان له‌ ژیانێكى باشتر و خزمه‌تگوزارى و ده‌ره‌فه‌تى كار.

دووباره‌بوونه‌ى پێشێلكردنى سه‌روه‌ریى عێراق و به‌ئامانجگرتن و بۆردومانكردنى هه‌رێمى كوردستان و دوایین پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو.