خەبات: هەمزە سەرحان:- هونەرمەند كاروان حەمید حەلاق یەكێك لە ئەندامانی ئۆركێسترای فەنفارای هۆڵەندییە، بڕیارە زنجیرە كۆنسێرتێك لە شارەكانی هۆڵەندا سازبكات، تێیدا هونەری نەتەوە جیاوازەكان پێشكێش دەكرێت. كاروان حەمید حەلاق، گۆرانیبێژ و ژەنیاری ئامێرە فودارەكان، بە ڕۆژنامەی خەباتی راگەیاند، بڕیارە ئۆركێسترای فەنفارا كە خۆی ئەندامە تێیدا و مێژووەكەی سەت ساڵە، لە مانگی كانوونی یەكەمی داهاتوو، زنجیرە كۆنسێرتێك لە شارەكانی هۆڵەندا سازبكات و میوزیك و گۆرانی نەتەوە جیاوازەكان پێشكێش دەكەن.ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، دوایین كۆنسێرتی ئۆركێسترای فەنفارا لە 12ـی تشرینی دووەمی 2022 لە شاری هێمستێد لە هۆڵەندا بەڕێوەچوو و ئەو وەك هونەرمەندێكی كورد چەند گۆرانییەكی كوردی پێشكێشكرد، لەوانەش گۆرانی ‘شیرین شیرین’ و “بووە مایەی دڵخۆشی ئامادەبووان و جوانترین بەشی كۆنسێرتەكە بوو”.

گوتیشی، لە كۆنسێرتەكەدا، ژمارەیەكی بەرچاو لە هۆگرانی میوزیك و گۆرانی و سەرۆكی شارەوانی شارەكە ئامادەبوون و لە كاتی گوتنی گۆرانی ‘شیرین شیرین’، بە دوای ئەودا دەیانگوتەوە و ئاڵای كوردستانیش دانرابوو.لە ئۆركێسترای فەنفارا، جگە لە كاروان حەمید حەلاق، هونەرمەندانی چین، ئۆكراینا و ئێران تێیدا ئەندامن.دوایین بەرهەمی ئەو هەنەمەندە كوردە بەناوی ‘ئاخێك بۆ نیشتمان’ بوو كە بەرهەمێكی لاوك و حەیرانە و هونەرمەندانی چوار پارچەی كوردستان تێیدا بەشداربوون. ئەم بەرهەمە لە تێكستی كاروان حەمید حەلاقە و تێكهەڵكێشێكە لەگەڵ شیعرێكی وەفایی، شاعیری كورد و لە 30 كانوونی یەكەمی 2022 بڵاوكرایەوە.حەلاق، یەكێك لە هونەرمەندە چالاكەكانی تارواگەیە و لە فیستیڤاڵە میوزیكییە نێودەوڵەتییەكاندا، بە میوزیك و گۆرانی كوردی و جلوبەرگی كوردی بەشدار دەبێت.