ئێواره‌ى ئەمڕۆ سێشەممە 22/11/2022 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە به‌رده‌واميى ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانيدا له‌ بەغدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز هادى ئه‌لعامرى، سه‌رۆكى كوتله‌ى فه‌تح كۆبووه‌وه‌.

لە كۆبوونەوەكه‌دا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى عێراق و كارنامه‌ و ئه‌ركه‌كانى حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراقييان تاوتوێ كرد.

به‌ڕێز ئه‌لعامرى جه‌ختى كرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌قامگيرى به‌رده‌وام بێت ده‌ر‌فه‌تێكى مێژوويى هه‌يه بۆ سه‌ركه‌وتن و جگه‌ له‌ لێكگه‌يشتن هيچ ڕێگه‌يه‌كى ديكه‌ له‌به‌رده‌م عێراقييه‌كاندا نييه‌، بۆ ئه‌مه‌ش يه‌كڕيزيى سياسى و نيشتمانى له‌نێوان هێز و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كاندا به‌ پێويست زانى.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، پشتگيريى هه‌رێمى كوردستانى بۆ حكوومه‌تى نوێى فيدراڵيى عێراق و سه‌رخستنى كارنامه‌كه‌ى ده‌ربڕى و جه‌ختى له‌ به‌رپرسياريه‌تيى هاوبه‌شى نێوان هه‌موو هێز و لايه‌نه‌كان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌غداى به‌ قووڵاييى ستراتيژيى هه‌رێمى كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا.