پارێزگاى هه‌ولێر له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، خەڵاتی ساڵانەی د. فرسەت سۆفى، وەک سیمبولی دەستپاکى و دادپەروەری لەلایەن منداڵەکانیەوە به‌ کارمەندێکى ژینگەپارێز بەخشرا.

ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 17/11/2022، پارێزگاى هه‌ولێر ڕاگه‌یاندراوێكى بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌: “سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامى ناوەند و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەرى پارێزگار و هێڤار فرسەت سۆفى، دووەمین خەڵاتی ساڵانەی د. فرسەت سۆفى، وەک سیمبولی دەستپاکى و دادپەروەری، بە (نەجات نادر سادق) بەخشرا، كه‌ کارمەندێكى گرێبەسته‌ لە بەڕێوەبەرایەتیى ژینگەپارێزیى هەولێر، کە بڕى 13 ملیۆن دینارى بۆ خانەوادەیەک گەڕاندۆتەوە.”

له‌مباره‌یه‌وه‌ ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هه‌ولێر ڕایگه‌یاندووه‌: “ساڵى ڕابردوو لە یادى جوانەمەرگ د. فرسەت سۆفى، پێمان باش بوو خەڵاتێکى ساڵانە بە ناوى خەڵاتى د. فرسەت سۆفى بۆ دەستپاکى ڕابگەیه‌نین و هەموو ساڵێک لە یادى کۆچى دوایی ئەم جوانەمەرگە، مه‌راسیمێک ڕێک بخەین و ئەو خەڵاتە پێشکەش بە کەسێکى دەستپاک بکەین، ئەمساڵێش دواى ئەوەى چەند کەسێک دەستنیشان کران بۆ کێبڕکێ لە وەرگرتنى خەڵاتەکە، لە یادى دووساڵەى براى جوانەمەرگمان د. فرسەت، خەڵاتەکە پێشکەش بە کارمەندێکى حکوومەت دەکەین کە گرێبەستە لە بەڕێوەبەرایەتیى ژینگەپارێزیى هەولێر، لە کاتى بەجێگەیاندنى ئەرکى خۆیدا لە گەڕەکى تەیراوە، بڕەپارەیەکى لەنێو کەبسى زبڵى ماڵان دۆزیوەتەوە، کە هى خێزانێکى هەژارى ئەو گەڕەکە بووە و بۆ دانەوەى قەرز ئامادەیان کردووە، بەڵام لە کاتى پاککردنەوەى ماڵەکەیان نەیانزانیوە و لەگەڵ زبڵ و خاشاکى ماڵەکەیان فڕێیان داوە، دواى گەڕان و بەدواداچوون ئەو کارمەندە بۆتە هۆکارى ئەوەى ئەو بڕەپارەیە بدۆزرێتەوە بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو خێزانە، ئێمەش ئەمساڵ بە شانازییەوە لە یادى دووساڵەى کۆچى دوایی براى جوانەمەرگمان د. فرسەت سۆفی، ئەو خەڵاتە کە جگە لە بڕوانامەیەکى ڕێزلێنان، لۆگۆیەکى زێڕ و بڕێک پارەیە وه‌ك هاوکارى پێشکەشى ئەو بەڕێزە دەکەین.”

ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو: “دکتۆر فەرسەت بەر لەوەى بێتە ناو حکوومەت و ببێتە پارێزگارى هەولێر، ژیانى خۆى بۆ خزمەتکردنى چاکسازی و دەستپاکى تەرخان کردبوو، ئێمەش ساڵانە بۆ رۆحى شادى ئەو پیاوه‌ دەستپاک و دادپەروەرە، کەسێک دەستنیشان دەکەین و ئەو خەڵاتەى پیشکەش دەکەین، وێڕاى پیرۆزباییمان لە کاک نەجات بۆ وەرگرتنى ئەو خەڵاتە، ئومێد دەکەین ئەو کەسە دەستپاکانە ژمارەیان هێندە زۆر بێت، تواناى ئەوەمان نەبێت یەکێکیان دەستنیشانىبکەین بۆ ئەوەى ئەو خەڵاتەى پێشکەش بکەین.”

له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا ڕوونیش كراوه‌ته‌وه‌، ئامانج لە پێشکەشکردنى خەڵاتى ساڵانەى د. فەرسەت سۆفى، بۆ زیندووکردنەوەى ئەو پیاوەیە کە تەمەنێکى کورت ژیا، بەڵام ژیانى خۆى لەپێناو خزمەتکردنى (چاکسازی، دادپەروەرى، دەستپاکى) تەرخان کردبوو، ئەم خەڵاتە ساڵانە لە یادى کۆچی دوایى د. فرسەت، ئەو پیاوەى کە بۆ هەمیشە لە زاکیرەى هەموو لایەکمان دەمێنێتەوە، لە مەراسیمێکدا بە دەستنیشانکردنى کەسێکى دەستپاک بەرز ڕادەگیرێت و خەڵاتەکەى پێشکەش دەکرێت.