خەبات: پەریهان عومەر:- سنوور ئەگەرچی خانمێكی کورتە باڵایە، بەڵام تابلێی دڵ گەرم و ھەست ناسکە، ھێندە دوورە لەکۆمەڵگاو مرۆڤەکان، ھەرگیز نایەوێ ببێتە دۆست و ھاورێی کەس، چوونکە پێی وایە کەس تێی ناگاو وەک ئەوەی ھەیە قبووڵ ناکرێ، لە خانەوادەکەی تەنیا ئەو کورتەباڵایە و ھەمیشە بیانووی جۆراوجۆر ئەھێنێتەوە بەوەی كە جیاوازە.

سنوور ئەو کچەی کە خاوەن پێداویستییە لە دیدارێکی تایبەت بە خەبات باس لەژیانی تایبەتی دەكات و دەڵێ سنوور تەنیا وبێ ھاوەڵی ھەمیشە چاوەکانم پرئەسرینە، ھەرگیز ناتوانم لەسەرقاچەکانی خۆم بوەستم و وەک دەستە خوشکەکانم ببمە خاوەن کار، ئەگەرچی کات درەنگ نیە گەر مرۆڤ بیەوێت ھەنگاوی فراوان بنێت.

لەبارەی كاری دەستی و بەشداری لە رێكخراوێكی مرۆیی بۆ بەهێزكردنی تواناكانی سنوور دەڵێ لەرێگەی مۆبایلە بچووکەکەم توانیم بەرنامەکانی کاری دەست و نەخش و دروستکردنی جانتا و پێداویستیەکان بدۆزمەوە و خۆم رابھێنم، لەگەڵ رەنگ و بەرد و شوشە و دروومان، ئیدی لەرێگەی رێکخراوێکی مرۆیی لەخولێکدا، بە ماوەیەکی باش توانیم چەندین کاری دەستی نمایش بکەم و شان بەشانی کۆمەڵێک خانمی دیكە ببمە خاوەنی بروانامەی باوەرپێکراوی نێودەوڵەتی بۆکاری دەستی و دیزاین.