ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی ئیسپانیا ئاشکرایکرد، کە بەرشەلۆنە ئارەزووی گواستنەوەی ویلفرید زاهای ئەستێرەی کریستاڵ پاڵاس دەکات له‌ هاوینی داهاتوو، هەواڵەکانی ئەم دواییە ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ کردووە کە بەرشەلۆنە ڕکابەری یۆڤانتۆس دەکات، بۆ ئەوەی زاها بە خۆڕایی بگوازێتەوە، لە ماوەی هاوینی داهاتووی مێرکاتۆدا، گرێبەستەکەی زاها لەگەڵ کریستاڵ پاڵاس لەم وەرزەدا کۆتایی دێت، یاریزانە عاجییەکەش تا ئێستا هەموو پێشنیارەکانی نوێکردنەوەی ڕەتکردووەتەوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی “سپۆرت”ی ئیسپانی، بەرشەلۆنە لە وەرزەکانی ڕابردوودا ئارەزووی كڕینی زاهای دەکرد، بەڵام بەهۆی زیادەڕەویکردن لە نرخی داواکراو لەلایەن کریستاڵ پاڵاسەوە ببووه‌ کۆسپ له‌به‌رده‌م گرێبه‌سته‌كه‌، ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بارسێلۆنا خەریکی لێکۆڵینەوەیە لەسەر ئەو بابەتە بەتایبەت کە زاها بە خۆڕایی دێت، هەروەها جێگەی مەمفیس دیپای دەگرێتەوە کە لەم وەرزەدا بەرشەلۆنە جێدەهێڵێت.