خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- ڕۆژی 2022/11/12 هەتا 2022/11/18 لە شاری هەولێری پایتەخت ،حەوتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ بەڕێوەدەچێت، وەک سەرچاوەیەکی نزیک لەڤیستیڤاڵەکە پێیڕاگەیاندین: تا ئێستا پانزە(15) شانۆگەری لە (بەغداو سلێمانی و ئوردن و میسرو لیبیاو تونس و عومان وئێران وسووریاوئەڵمانیاو ئیتالیاو پۆڵەندا….) بۆ بەشداریکردن لەوڤیستڤاڵەدا ئیختیارکراون.

هەڕوەها سەرچاوەکە گوتی: لەمیانەی ڤیستڤاڵەکادا ۆورکشۆپی تایبەت لەسەر نووسینی دەقی شانۆیی پێشکەشدەکرێت و هاوکات کۆمەڵە کتێبێکی تایبەت بە بواری هونەرو لێکۆڵینەوەی شانۆیی بڵاودەکرێتەوە لەگەڵ سازکردنی چەندین کۆڕی تایبەت بە شانۆو هەروەها ڕێز لەچەند کەسایەتییەکی شانۆیی دەگیرێت و فیلمی دیکۆمێنتاری لەسەر ژیانی چەند کەسایەتییەکی هونەری ئامادە دەکرێت،و فیلمی تایبەتیش لەسەر ژیان و بەرهەمی هونەرمەندە کۆچکردووەکان پیشاندەدرێت، هاوکات گۆڤارێکی تایبەت بە ڤیستیڤاڵ چاپ و بڵاودەکرێتەوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی پێڕاگەیاندین:کەلیژنەی ڕێکخستنی ڤیستیڤاڵ لەبەرنامەیدایە، لەکۆتایی ڤیستیڤاڵەکەدا خەڵات و دیاری ڕێزلێنان، بەسەر باشترین شانۆگەری و باشترین دەرهێنەرو باشترین ئەکتەر دابەش بکات، وا چاوەڕواندەکرێت فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێربۆ شانۆ ، ئەمساڵ جیاواز لە هەموو ساڵانی ڕابردوو بەراوورد بەسەرجەم فیستیڤاڵەکانی تر دەنگدانەوەی زیاتری هەبێت، هەرچەندە بەهۆی کەمی بودجەو بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان ئەو بڕە کەمە بودجەی کە ڕەزامەندی لەسەر دراوە بۆ فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی هەولێر بەرامبەر نیە بەو هەموو پێداویستیانەی کە لەفیتستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی ئەمساڵ پێویستن، بەڵام بەهەوڵ و کۆششی سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی ڕێکخستنی فیستیڤاڵ و شانۆکاران.

بەگوڕوتینەوە بەڵێنیان داوە کاری جوان و جیاواز پێشکەش بەبەبینەران و میوانان بکەن، جێگای ئاماژە پێکردنیشە، فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ ، جیاوازترین و گەورەترین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیە، کە لەشاری هەولێر ساز دەکرێت بەپێی ئەم ئامادەکاریە گەورەی کەلەلایەن لیژنەی ڕێکخستنی فیستیڤاڵەکەوە بۆی دەکرێت، ئەم فستیڤاڵە چەندین نمایشی شانۆیی جوان لەخۆدەگرێت.