نی ڕووچی٭
لە ٢٢ی تشرینی یه‌كه‌مدا، ٢٠هەمین کۆنگرەی نەتەوەیی پارتی کۆمیونیستی چین، کە سەرنجی ته‌واوی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات و هەڤاڵ شی جینپینگ دووبارە وەک سکرتێری گشتی کۆمیتەی ناوەندی بیستەمی پارتی کۆمیونیستی چین هەڵبژێردرایەوە. ئەم کۆبوونەوەیە گرنگییه‌كی زۆری هەیە. ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ لە کاتێکی هه‌ستیاردا ڕوودەدات کە چین دەست بە گەشتێکی نوێ بۆ بنیاتنانی چین وه‌كو وڵاتێکی سۆسیالیستی مۆدێرن لە هەموو ڕوویەکەوە و پێشکەوتن بەرەو ئامانجی سەدەی دووەم ده‌كات. گرنگییەکی گەورەی هەیە، نەک تەنها کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر چین هەیە، بەڵکو پاڵنەرێکە بۆ وڵاتانی هه‌موو جیهان بۆ ڕووبەڕووبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی ئاستەنگەکان و به‌ده‌ستهێنانی گەشەپێدانی هاوبەش.

سکرتێری گشتی شی جینپینگ لە ڕاپۆرتەکەیدا بۆ بیستەمین کۆنگرەی نەتەوەیی پارتی کۆمیونیستی چین بە ڕوونی ئه‌وه‌ی خستووەتەڕوو کە ئەرکی ناوەندی پارتی کۆمیونیستی چین دەبێتە پێشخستنی نوێبوونه‌وه‌ی نەتەوەی چین لە هەموو بەرەکاندا لە ڕێگەی ڕێبازی چینییەوە بۆ نوێخوازی، نوێخوازی هه‌وڵی هاوبه‌شی هه‌موو گه‌لانه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا، هەروەها ئەو ئامانجەیە کە گەلی چین هه‌ر لە سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی سەردەمی مۆدێرنەوە هەوڵی بۆ دەدات. دوای دامەزراندنی کۆماری چینی میللی، پارتی کۆمیونیستی چین پێشەنگی گەلی لە گەشەپێدان و چاکسازی و کرانەوەدا کردووە، و به‌ بەردەوامی به‌دوای ئامانجی نوێخوازی گەڕاوه‌ و پراکتیكی کردووە. چین سەرکەوتوانە نوێخوازی چینی بەرەوپێش بردووە و ڕێگای بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو له‌پێناو گەیشتن بە نوێخوازی فراوانتر کردووە.

نوێخوازی چینی چییە؟ سکرتێری گشتی شی جینپینگ لە ڕاپۆرتەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە نوێخوازی چینی نوێخوازییه‌كی سۆسیالیستییە کە لە ژێر سەرکردایەتی پارتی كۆمیونستی چینی چاودێری ده‌كرێت. توخمگەلێکی هاوبه‌ش لەگەڵ پرۆسەکانی نوێخوازی هەموو وڵاتان لەخۆدەگرێت ، بەڵام زیاتر بەو سیمایانه‌ تایبەتمەندە کە تایبەتە بە چوارچێوەی چینی. نوێخوازی چینی بریتییە لە نوێخوازی ژماره‌یه‌كی زۆری دانیشتووان، و نوێخوازی خۆشگوزەرانی هاوبەش بۆ هەمووان، نوێخوازی پێشکەوتنی ماددی و کولتووری-ئەخلاقی، نوێخوازی پێكه‌وه‌گونجانی نێوان مرۆڤایەتی و سروشت، نوێخوازی گەشەسەندنی ئاشتیانە.

نوێخوازی چینی فەلسەفەی گەشەپێدانی گەل وه‌كو چه‌ق جێبەجێ دەکات، گرنگی بە گەشەسەندنی گونجانی نێوان مرۆڤایەتی و سروشت و هه‌ماهه‌نگی له‌پێناو سوودمه‌ندبوونی هاوبەش ده‌دات. ئەم شێوازە لە نوێخوازی ڕەگ و ڕیشەی لە خاکی چیندا هەیە و لەگەڵ واقیعی چیندا دەگونجێت، پابەندە بە پەرەپێدانی وڵاتەکەمان و میللەتەکەمان بە هێزی خۆمان، و پاراستنی تێگه‌یشتنێكی پتەوی داهاتووی گه‌شه‌پیدان و پێشکەوتنی چین.

چین لە چەند دەیەیەکی كه‌مدا، ئه‌و پڕۆسە پیشەسازییه‌ی تەواو کرد کە وڵاتانی پێشکەوتوو به‌ سەدان ساڵە پێیدا تێپەڕیون، و‌ بووه‌ هۆی دروستبوونی دوو موعجیزە: گەشەسەندنی خێرای ئابووری و سەقامگیری کۆمەڵایەتی درێژخایەن. پراکتیک و ئەزموونی نوێخوازی چینی بەشدارییەکی گرنگی لە نوێخوازی مرۆڤایەتیدا کردووە و هەڵبژاردەی نوێی پێشكه‌شكردووه‌.

لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، بەرهەمی ناوخۆیی گشتی چین لە 53.9 تریلیۆن یوانەوە بۆ 114.4 تریلیۆن یوان گەشەی کردووە، پشکی لە ئابووریی جیهاندا لە 11.3% بۆ 18.5% بەرزبووەتەوە، و تێکڕای بەشدارییەکانی لە گەشەی جیهانیدا گەیشتووەتە 38.6%، کە زیاترە لە پشکی ئابووریی وڵاتانی كۆمه‌ڵه‌ی حه‌وت G7 بەیەکەوە. وەک گەورەترین وڵاتی گەشەسەندوو لە جیهاندا، پراکتیکی نوێخوازی چینی خودی خۆی بەشدارییەکی گەورەیە له‌ جیهاندا.

سکرتێری گشتی شی جینپینگ لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پێنج ساڵی داهاتوو زۆر گرنگ دەبێت بۆ دەستپێکردنی هەوڵەکانمان بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی سۆسیالیستی مۆدێرن لە هەموو ڕوویەکەوە، بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی سۆسیالیستی مۆدێرن لە هەموو ڕوویەکەوە، پێویستە یه‌كه‌م شت و به‌ر له‌ هەموو شتێک، بەدوای گەشەپێدانی کوالیتی بەرز بکەوین، نوێخوازی چینی ڕێگای نوێخوازی بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو فراوانتر دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی دەستکەوتی نوێ لە گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی چین، و دەرفەتی زیاتر بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بۆ هه‌ماهه‌نگی و گەشەسەندن دەهێنێتە ئاراوە، لە جیهاندا ته‌نها یه‌ك ڕێگا و یه‌ك نموونه‌ی نوێخوازی گونجاو بۆ هه‌موو لایه‌ك نییە.

لە چینی ئەمڕۆدا، پیشەسازیی نوێ، زانیاری، شارنشینی و نوێخوازی کشتوکاڵی بە شێوەیەکی بەردەوام بەرەو پێشەوە دەچن و شارستانییەتی ماددی، شارستانیەتی سیاسی، شارستانیەتی ڕۆحی، شارستانیەتی کۆمەڵایەتی و شارستانیەتی ژینگه‌یی بە هاوده‌نگی گەشە دەکەن، ڕێگای نوێخوازی چینی پەرە بە خودی چین خۆی دەدات و هەروەها سوود بە جیهان دەگەیەنێت، و هەڵبژاردەیەکی نوێ بۆ گه‌لی عێراق و هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت کە دەتوانرێت وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌ك لەسەر ڕێگای گەشەپێدان بەکاربهێنرێت، چین ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ گه‌لی عێراق و هه ڕێمی کوردستان کاربکات بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ڕێگا نوێخوازییه‌ی که له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندی گه‌شه‌پێدانی خۆیاندا ده‌گونجێت و سوودی به‌رجه‌سته‌ی زیاتر بۆ گه‌لانی هه‌ردوو لا به‌ده‌ستبهێنرێت.

٭ کۆنسوڵی گشتی كۆماری چینی میللی لە هەولێر