نێردراوانی خه‌بات- سه‌ردار حوسێن – ڕۆشنا عه‌لی:
دوێنێ هه‌ینی له‌ دووه‌م ڕۆژی كۆنگره‌دا تیمی خه‌بات له‌ شاری دهۆك، دلاوەر خالید ئاژگەیی ئەندامی كۆنگرەی چواردەی پارتی بینی و پرسیاری لێكرد له‌بارەی ئەوەی كە ئایا دانانی دوو جێگر بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیڕەو و پڕۆگرامی حزبدا ئەركەكانیان دیاریكراوە؟ له‌ وه‌ڵامدا دلاوەر خالید ئاژگەیی بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: بەڵێ‌ ئەركی جێگرەكان دیاریكراوە و بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام ئەمڕۆ لیژنەكان دانیشتوون قسەیان كردووە و هەر ئەمڕۆش ڕاپۆرتەكان دەخوێنرێتەوەو دەخرێتە دەنگدان، ئەگەر پێویستی بە دەستكاری ببێت، بێگومان ئەندامانی كۆنگرە تێبینی و بۆچوونی خۆیانی لەسەر دەردەبڕن و دەخرێتە دەنگدان و دەبێتە بڕیار.
لەبارەی ئەوەشی كە ئایا كۆنگرە چی لە ناو و دامەزراوە و هەیكەلیەتی پارتی دەگۆڕێت؟ دلاوەر ئاژگەیی گوتی: پێشتر یەك جێگر هەبوو بۆ سەرۆكی پارتی، ئێستا بۆتە دوو، ئەوە یەكێكە لە گۆڕانكارییەكان، ئەوانی تریش هەمواركردنەوەی هەیكەلیەتی حزبە، كە ئەندامانی كۆنگرە قسەو باسی لەسەر دەكەن و بڕیاری لێ دەدەن.
دلاوەر ئاژگەیی لەبارەی ئەوەی هەبوونی دوو جێگر، چ كاریگەرییەكی لەسەر حزب دەبیـَت؟ گوتی: دەبنە دوو پاڵپشتی باش بۆ ڕاپەڕاندنی كارەكانی حزب، جێگرەكانی سەرۆكی پارتی دوو كەسی بەهێز و خاوەن ئەزموونن، خاوەن پێگەی بەهێزن، بێگومان ئەمە دەبێتە سەركردایەتییەكی بەهێزتر بۆ حزب.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا ئەم كۆنگرەیە زیاتر جەخت لەسەر چی دەكاتەوە؟ ئەو ئەندامەی كۆنگرەی چواردەی پارتی بە خەباتی گوت: وەك پرۆگرامی پارتی گۆڕانكاری زۆری بەسەردا نایەت، چونكە دیدگای سیاسی پارتی لەسەر كۆی گشتی بابەتەكان زۆر ڕوونە ئێستا، بەڵام بۆ پەیڕەو لە كۆنگرە تا كۆنگرەیەكی تر گۆڕانكاری زۆری بەسەردا دێت، لە كۆنگرەی 12 – 13 پارتی نوێبوونەوەیەكی گەورەی كرد لە پەیڕەو، بۆ نموونە ئەنجوومەنی سەركردایەتی دانا بۆ هەندێك لە پارێزگاكان و ئێستاش گۆڕانكاری دەكرێت، بەڵام ڕەنگە وەك كۆنگرەكانی پێشوو نەبێت، كە چاوەڕێ بكەین، بۆ نموونەش كۆمیتەی ناوەندیی دابنرێت یان هەر شتێەكی نوێ‌ كە پێشتر لەناو پەیڕەو نەبوو بێت، بەڵام پارتی خۆی نوێ‌ دەكاتەوە، ئێستا ساڵی 2022ـەو دەبێت ئەو پەیڕەوەی دادەنرێت لەگەڵ ئەم سەردەمە بگونجێت، ئەم گۆڕانكارییانەش بە ڕۆژ و دوو ڕۆژ نەكراوە.
دەربارەی ئەوەیش كە جەماوەری پارتی بەردەوام زیاد دەكات، ئایا دەكرێت ئەم زیادبوونە پێویست بە زیادكردنی ئەندامانی سەركردایەتی بكات و زیاد بكرێن؟ دلاوەر خالید ئاژگەیی گوتی: تا ئێستا نەخێر، ژمارەكە زیاد ناكرێت، تەنیا ژمارەی ئافرەتان زیادكراوە، ئەمەش هەنگاوێكی زۆرباش بوو، ژمارەیەكی زۆر ئافرەت بەشداریان كردووە و چاوەڕوانیش دەكرێت ژمارەیەكی زۆر بێنە سەركردایەتی پارتی، كە ئەمەش یەكێكە لە ستراتیژەكانی پارتی و دەبێت ئافرەت رۆڵی زیاتری هەبێت، ئافرەتی سەركردە لە ناو حزب بۆ ئەوەی بتوانێت لە هەموو بوارەكان لە ئاستی حكوومەتیش كاریگەریان هەبێت، بۆ لاوانیش سیستەمی كۆتا نییە، بەڵام ئەوەی دەیبینین ئەوانەی بەشداری كۆنگرەیان كردووە زۆربەیان لاون، بە تایبەتی ئەوانەی لە یەكێتی قوتابیان و لاوان بوون، ئێستا ئەندامی كۆنگرەن و لە سەركردایەتیش هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، كە سەركردایەتیی ئەمجارە سەركردایەتییەكی گەنج دەبن.
دەربارەی ئەوەیش كە تا چەند لەم كۆنگرەیەدا دەنگی جەماوەری پارتی لە خوارەوە گەیاندراوەتە سەرەوە، لەمبارەیەوە ئەو ئەندامەی كۆنگرە گوتی: زۆرباش دەتوانێت بیگەیەنێت، چونكە بەشێك لەوانە كە ئەندامی كۆنگرەن بەرپرسی ناوچەو كادیری ناوچەن، ئەوانەن كە كۆنتاكتی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ جەماوەر هەیە، ئەمە خۆی گۆڕانكارییەكی نوێیە لەناو حزب و دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی كادیری مامناوەند، كە ڕۆژانە لەگەڵ خەڵكن، ئاسانتر دەنگی خەڵك بگەیەنن و ببنە پردێكی بەهێزتر لە نێوان خەڵك و سەركردایەتی پارتی.