خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- مامۆستا (كوردۆ كاروان) شاعیری دێرین و بە ئەزموون ، لە 23/4/1949 لە شاری سلێمانی چاوی بە ژیان هەڵێناوە، لە ساڵی 1963خولیای خوێندنەوەیەكی چڕ دەبێت و سەرەتا لە خوێندنەوەی كتێبی مێژوویی و رۆمان و فەلسەفەو دیوانی شاعیرانی كلاسیكیەوە دێتە ناو جیهانی خەیاڵاتی شیعرو ئاشنای شیعر دەبێت و لە 3/10/ 1973 زمانی شیعری دەپژێت ولەوكاتەوە شیعردەنووسێت. بەرهەمە چاپكراوەكانیشی بریتین لە : ڕەهێڵە/ گەڵا ڕێزانی ئەستێرە (كە رەوانشاد دكتور عزەدین مستەفا رەسوڵ پێشەكی بۆ نووسیوە) گوناهی فرمێسك. دیوانە شیعری (زامی فرمێسك) یشم ئامادەیە بۆ چاپ، شاعیر لە وەڵامی چەند پرسیارێكی دیداری (خەبات )دا سەبارەت بە هۆنینەوەی شیعرو خەیاڵ و ئەفسانەی جوانی شیعر پێیگوتین:

ـ سەرەتا لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی جوانی شیعرو ئیلهامی نووسین و خوێندنەوە گوتی: ئێستا قەڵەمی جددی زۆر دەگمەنن هۆكاری ئەم كەمییەش نەخوێندنەوەیە، چونكە شاعیر دەبێت پاشخانێكی گرنگ و جددی هەبێت بۆ جوانكردنی دنیا رازاوەكەی شیعر، هەڵبەتا شاعیرانی ئەمڕۆ زۆر كەمن ، ئەوان بەردەوام دەخوێننەوەو لە هەوڵ و تێكۆشاندان و بەردەوام لەگەڵ رەوتی موتابەعەی گۆڕانكاریەكانی شیعری جیهانین ، وەك لە نامەیەكدا كە مامۆستای رەوانشاد شێركۆ بێكەسی شاعیر لە ساڵی 1970 بۆی نووسیوم كە تیایدا چەند رێنماییەكی ئەدەبی كردووم و لە كۆتایی نامەكەشیدا بۆی نووسیوم : (بخوێنەرەوە .. بخوێنەرەوە .. بخوێنەرەوە ) ئەوجا ر دەبیت بە شاعرێكی چاك و جددی.

ـ شاعیر لە وەڵامی پرسیارێكی تردا سەبارەت بە شاعیرانی دوێنێ‌ و ئەمڕۆ دەڵێت: شاعیرانی دوێنێ‌ هەرئەو كاروانەی ئەمڕۆن ، هەر وە ك مامۆستا شێركۆ بێكەسی شاعیرهەمووجارێ‌ ئەیووت : (شیعری هاوچەرخی نوێی ئەمڕۆ لە مناڵدانی شیعری كلاسیكی دوێنێدا لە دایكبوون).

– هەروەها لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە حەزو خولیابوونی بە شیعر گوتی: لەبەرئەوەی رۆحم لەگەڵ شەپۆلەكانی تریفەی مانگی شیعردا ئاوێتە بوون ، هەرلەدوانزە بۆ پانزە ساڵی تەمەنمدا حەزو خولیام بۆ شیعر بوو، یەكێك لە هۆكارانی ئەو حەزو خولیا شیعریەم شاعیری ناوداری كلاسیكی كورد (مەلاحەمدوون 1856ـ 1918) مامی دایكم بوو، دواتر رووم وەرگێڕایە ناو دەواری سپی شیعرە جوان و وەسفیەكانی مامۆستا گۆرانی نەمرو شیعری شاعیرانی وەك نالی و سالم و كوردی و مەحوی و تاهیر بەگی جاف و وەفایی و هەروەها كەوتمە خوێندنەوەی شاعیرە جیهانیەكانی وەك (پووشكین و لۆرد بایرۆن و بۆ دلێرو رامبۆ ) و لە فارسەكانیش (ئەحمەدی شاملۆو فەروغی فەروغزاد وسوهرابی و خیام و حافزی شیرازی و جامی و شیخی سەعدی) و لەشاعیرانی عەرەبیش: (نازك الملائكە و عبدولوهاب البیاتی و محمود دەروێش و ماغوت و ئۆدۆنیس ) و لە توركانیش: نازم حیكمەت . هەموو ئەوانە كاریگەرییان بە سەرمەوە هەیە.

ــ شاعیر لە وەڵامی پرسیاری گەورەیی ژن و خۆشەویستی نیشتمان لە شیعرداو نووسینی شیعر بۆ ژن گوتی: ژن دایكمەو دایكیش ژنە .. من هەموو تەمەنی خۆم بە پیرۆزیی شیعرو گەورەیی و بوونی دایكم پێشكەشكرد، تەنانەت دیوانی (گەڵاڕێزانی ئەستێرە) م پێشكەش بە (رەعنا) ی دایكم كردووە ،من هەموو شادی و خۆشی و رووناكی تەمەنم و ژیان و دروستكردنی خێزان و بەختەوەری خۆم و دوا ڕۆژم كردە قوربانی دایكم، بەو هەموو تراژیدیاو خەم و ئازارو كەمدەستی و دەیان نەخۆشی درێژخایەنمەوە، وەلێ‌ زۆر زۆر ویژدانم ئاسوودەو ئارامە، چونكە گەورەیی دایك لەلای من وەك گەورەیی نیشتمان وایە، ئەوەتا لە دیوانی (گەڵاڕێزانی ئەستێرە) دا جوانترین تابلۆی شیعریم بۆ خۆشەویستی نیشتمان نووسیوە، هەروەها خۆشەویستی ئەو ژنەمەزنەی كە دایكمە، وایكرد ژیانی هاوسەریەتی پێك نەهێنم، هەڵبەتا لە بەر خاتری (دایكم و شیعرەكانم ) خێزانم دروست نەكرد ( تا ئێستاشی لە گەڵا بێت ) هۆكاری ئەوەش ئەوەبوو هەموو براكانم دایكمیان بە جێهێشت، تەنها من مامەوە لەگەڵیاو خۆم بۆ خزمەتی دایكم و شیعرەكانم تەرخانكرد، ئێستاش ویژدانم زۆر زۆر ئارامە، چونكە دایك پیرۆزترین مرۆڤە و هیچ خۆشەویستییەك بۆن و بەرامەو تامی وشەی دایك و خودی دایك و ئاسوودەیی ژیان نادەن بەڵام مەخابن دایكم لە 18/1/1996 وەفاتی كرد و منی بە تەنیا لەگەڵ شیعردا جێهێشت . ئێستاش بۆ دایكم و شیعر دەژیم و دەمرم.

ـ مامۆستا كوردۆ لە وەڵامی پرسیارێكی تردا سەبارەت بە بوونی پەیج و ئەكاونتی فەیسبووك و سایتە ئەلەكترۆنیەكان گوتی: بوونی پەیج و سایتە ئەلەكترۆنیەكان ، نەبوونەتە رێگر بۆ پیرۆزیی كتێب خوێندنەوە ، ئيستاش كتێب گەورەیی ماوەو دنیا هەرە مەزن و پیرۆزییەكەی خوێندنەوەیە ، لای من كتێب نانی شوانەكەیە هەرچۆن شوان نانەكە لە سەر دڵی دادەنێ‌ ، منیش ئاوا كتێبەكە لەسەر دڵم دادەنێم و دەمباتە ناو دەریا جوان و شەپۆلە پیرۆزەكانی جیهانی فراوانی مەعریفە و رۆشنگەری و چەمكی زانست و ئەدەب و لەوێوە پەل دەهاوم بۆ جیهان و گەردوون بە هەموو مەعریفەكانیەوە.

ـ شاعیر سەبارەت بە قەڵەمی جددی ژن گووتی: قەڵەمی جددی هەر قەڵەمە جددیەكەیە ، جا قەڵەمی ژن بێت یان پیاو ،ئەوەتا بە دەیان نمونەمان هەیە كە سەیری چیرۆكنووسی گەورەی فەڕەنسی و جیهانی (جۆرج ساند) دەكەیت وسەیری نووسەرە ناسراوەكانیش دەكەیت ، دەزانی قەڵەمی ژنیش چەندە مەزن و شكۆمەندە ئەوە قەڵەمی (مەستوورەی ئەردەڵانی و و ئەرخەوان رەسوڵ و مەهاباد قەرەداغی و كەژاڵ ئەحمەد و كەژاڵ ئیبراهیم خدرو زۆرانی تر …..) ئەفسووس وەكو پێویست ژن لای خۆمان ئەو فەزاو فرسەت و هەلەیان بۆ نەڕەخساوە و تا ئێستاش ئەو قەڵەمە جددیانە كەمن. ئەمەش هۆكاری زۆرتری هەیە بەڵام لێرەدا دەرفەتی باسكردن نیە.

ــ شاعیر سەبارەت بە خۆی وەك شاعیرێك و بۆچوونی نووسەرانی جیهانیی بەرامبەر پیرۆزیی و گەورەیی شیعر پێماندەڵێت: من تا دوا هەناسەم رۆح و هزرو ویژدانم لە قاپی پیرۆزیی و گەورەیی شیعردا خزمەتگوزارەو 52 ساڵە ژیان و بەها جوانەكانی ژیانم پێشكەش بە شیعر كردووە.

هەروەك چۆن (غاندی مەزن ) دەڵێت) ئەو چركە ساتەی شاعیر دەمرێت ، رێك ئەو چركە ساتە لە دایك دەبێت) (بەلزاك) یش دەڵێت : ( من كارێكم ئەنجامداوە بە جەستە جێتاندێڵم، بەڵام تا هەتایە بە نەمریی دەمێنمەوە) (بیتهۆڤن) ی شای مۆزیكزانیش وتوویەتی: ( تا جیهان بە پێ‌ وەستا بێ‌ ناو و ئاكارم بە زیندوویی دەگەشێتەوە) (پووشكین)ی شاعیریش دەڵێت: ( هەمیشە هەر سەروەر ئەبم ، تا شاعیرێك لەبەر تیشكی مانگدا مابێ‌).

مامۆستا كوردۆ كاروان لە دوا پرسیاردا سەبارەت بە هۆكاری پێكنەهێنانی ژیانی هاوسەری بە گریانەوە پێی گوتین: تەمەنم (20) ساڵ بوو، كچێكی زۆر بە رەوشت و رۆشنبیرو شۆخ و شەنگم ئیختیار كرد كەبیكەم بە هاوڕێ‌ وهاوسەری خۆم، بەڵام مەخابن براكانم لەو كارەمدا رێگربوون و وتیان تۆ لە هەموومان مناڵتری و وەختی ژنهێنانت نیە و نابێت لە پێش ئێمەدا ژن بێنیت، زۆرم هەوڵدا نەیانهێشت، بەڵێ‌ ئەوان ژنیان هێناو رۆیشتن ، و ئەو یش چووە ژیانی هاوسەریەوە و منیش بەتەنیا لەگەڵ دایكە پیرەكەمدا مامەوە و مەخابن ئەو ژنەی كە ئیختیارم كردبوو لەكارەساتی ئۆتۆمبێلدا گیانی لەدەستدا و منی تەنیاش تا ئەو ساتەی تێیدام تەنیام و دوای گەڵاڕێزانی ئەو ئەستێرە گەشەیەی كە لێم ئاوابوو، دڵم بەكەسی تر نەداوە، بەڵام تا دوا هەناسەم من ئەمەكداری عەشقی ئەوم و ئەویش هۆكار بوو كە شیعر بنووسم واتە ئیلهامی نووسینی شیعرم بوو،دوای مەرگی ئەو ژنەش خۆم بۆ خزمەتی دایكم تەرخان كرد تا خوای گەورە ئەویشی بردەوە بۆ خۆی، ئێستاش خۆم و شیعرلە ژێر رەشماڵی تەنیاییدا ژیان بەسەر دەبەین.