خەبات: رانیار دڵشاد:- بە بۆنەوەی دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن و پەرەپێدانی بواری رۆشنبیریی سینەمایی و رەخساندنی هەلی زیاتر بۆ خوێنەر و خوێندکار و قوتابیانی بەشی فیلمسازی و هونەرەجوانەکان و پەیمانگە و زانکۆکان بەگشتی،(هاواری فیلم) بە هاوکاری یەکێتیی نووسەرانی کورد/ لقی هەولێر و بە بەشداری دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کتێبخانەی رۆمان، ناوەندی رۆشنبیری رەهەند، رۆژی (یەکشەمە، دەمژمێر ٣ی دوای نیوەڕۆی ٣٠-١٠-٢٠٢٢)لە رێورەسمێكی شکۆمەندانەدا هونەرمەندی گەورە مامۆستا خەلیل یابە پیشانگەی تایبەت بە پەڕتوکی سینەما و ئەدەبیاتی یڵماز گونەی دەکاتەوە.

ئەم پیشانگایە کە بۆ یەکەمین جارە لە کوردستان و عیراق و ناوچەکەدا بە زمانی شیرینی کوردی دەکرێتەوە، ژمارەیەکی بەرچاوی بەرهەمە ناوازەکانی “یڵماز گونەی” لە سیناریۆ و رۆمان و چیرۆك و نامەکان لە خۆ گرتووە و وێڕای هەندێك بەرهەم کە لە زمانی عەرەبی و فارسی وەرگێڕدران، (٩٩٪)ی بەرهەمەکانی تر (دوای نیو سەدە)یەکەمینجارە لە زمانی تورکییەوە وەردەگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی و بڵاودەکرێنەوە.

ئەم پیشەنگایە لە یەکشەممە ٣٠-١٠-٢٠٢٢ تا رۆژی چوارشەممە ٢-١١-٢٠٢٢ بەردەوام دەبێت” رۆژانە لە كاتژمێر (3 تاوەكو 5) بەردەوامە، تیایدا داشكانی (٤٠٪ )ی سەرجەم پەڕتوکەکانی دەزگاکانی بەشدار بوو، بۆ قوتابی و خوێندکاران دەبێت، ئەم پیشەنگایە بە سپۆنسەری میدیایی رۆژنامەی هەولێر بەڕێوەدەچێت.