خەبات: مسلم دۆلەمەری:- شووكردن خەونی هەموو كچێكی گەنجە لە ژیان، بەڵام زۆرجار خەیاڵی ئالۆز و ترسان لە نەمانی ئازادی یان كپكردنەوەی حەز و بەهرەكانیان وادەكات لەم پرۆسەیە ڕابكەن. ئایا ئەوە كچەكانن كە شووكردن وەك دەرگایەك بۆ هەموو ئاواتەكانیان دەبینن تەنانەت ئەوەی لە ماڵی باوانیش بۆیان نەڕەخساوە یان پیاوەكانن كە بە هۆی پەروەردە و كلتوری پیاوسالاری دوورن لە بەدیهێنانی خەونی ئاسیی كچەكان. لەم ڕاپۆرتەدا ژمارەیەك لە ئافرەتان ڕاستی ئەم خەیاڵە و ترسان لە داهاتوی خۆیان و لەگۆڕنانی خەون و ئارەزو و بەهرەكانیان باسكردووە.
خۆشین حاجی لەمبارەیەوە دەڵێت: لەكۆمەڵگەی ئێمەدا خەونی هەموو كچێكە خێزان پێكبێنێت و ژیانێكی ئاسودە و بەختەوەری هەبێت. لەوانەیە زۆرجار هاوسەرگیری دەرگایەك بێت بۆ بەدیهێنانی خەونەكان یان بە پێچەوانەوە، چونكە ئێمە لە كۆمەلگایەكدا دەژین كچەكانمان فێری سەركەوتن و بەدیهێنانی خەونەكانیان نەكراون بەتایبەت لەماڵی باوانەوە، بۆیە كچەكانمان هەوڵدەدەن و وابیردەكەنەوە كە شووكردن مانای ئازادبوونە و گەیشتنە بەخەونەكانیان، بەڵام من پێموایە ئەمە ڕاست نییە، چونكە نموونەمان زۆرە كە دوای شووكردن تەواوی خەونەكان لە گۆڕنراون، ئەمەش مانای ئەوە نییە كە هاوسەرگیری لە گۆڕنانی خەونەكانە، چونكە هاوسەری باش هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ خێزانەكەی دێت تا دەگات بەخەونەكانی، زۆرجار دەڵێن لەدوای هەر پیاوێكی سەركەوتوو ئافرەتێك هەیە، بەڵام هەرئافرەتێكی سەركەوتوش پیاوێكی ژیر و دڵسۆزی لەپشتە. لێرەدا ئامۆژگاری تەواوی كچانمان دەكەم كە زۆر بە ژیری هاوسەری ژیانیان هەڵبژێرن بڕیاری خێرا لەم پرۆسە گرنگە نەدەن بۆئەوەی بزانن چۆن و لەگەڵ كێدا بەختەوەر دەبن.
ئەژین خورشید گوتی: دەتوانم بڵێم شووكردن دوو لایەن دەگرێتەوە، هەندێجار دەبێتە هۆكارێك بۆ لەگۆڕنانی خەونی ئافرەتان ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی تێگەیشتنی هەردوو لایەن لە یەكتری لە سەرەتای پرۆسەی هاوسەرگیری، چونكە پێویستە ئەم پرۆسە گرنگەی ژیان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و خۆشەویستی ڕاستەقینە بێت و هەروەها لە تەمەنێكی گونجاودا بێت. بەداخەوە ئێستا دەبینین گەنجانمان لە تەمەنێكی زۆر زوودا بە خۆشەویستییەكی كاتی یان لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ژیانی هاوسەرگیری پێكدەهێنن ئەمەش وادەكات لە ماوەیەكی زۆر كەمدا حەزەكانیان تێربێت و دەرگای كێشەكانی ژیانیان بەڕوودا بكرێتەوە و تەواوی خەونەكانیان لەگۆڕ بنێن، بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەیكە لەسەرەوە باسمكرد ئەگەر لەسەر بنەمای خۆشەویستی ڕاستەقینە و لێكتێگەیشتن و گۆڕینەوەی بیروڕای تەواو پێش پرۆسەكە هاوسەرگیری بكرێت، بێگومان لەكۆتایشدا بەختەوەری و خۆشەویستی هەردەمێنێت بەتایبەت ئەمە بۆئافرەتان زۆر گرنگە، چونكە ئافرەت كە شوویكرد پێویستی بە بەختەوەری و خۆشەویستی و ئازادی هەیە لەلایەن هاوسەرەكەیەوە بۆئەوەی بگات بە زۆربەی ئەو خەونانەی كە لەماڵی باوكییەوە نەیتوانیە پێیبگات جا لەبەر هەر هۆكارێك بێت.
نازەنین عزیز ڕای خۆی بەمشێوەیە دەخاتەڕوو: پرۆسەی هاوسەرگیری بە یەكێك لە خەونە هەرە گرنگەكانی كچان دادەنرێت هەر لەتەمەنی هەرزەكاریدا تا دەگاتە تەمەنی پێگەیشتنییەوە ئەمەش بۆ كۆمەلێك فاكتەر دەگەڕێتەوە كە ئافرەت لە كۆمەڵگەی ئێمەدا بە چەندین هۆكار بیر لەهاوسەرگیری دەكاتەوە لەوانە: ئایین، دابونەریت، ژینگەی خێزان و چەندان شتی تر ئەمانە هەموی ئەو هۆكارانەن كە وادەكات كچانمان زوو پەنا بۆ ئەم پرۆسەیە ببەن بۆئەوەی نەكا ببنە گالتەجاری نێو كۆمەڵگاكەمان. ڕەنگە زۆرجار كچانمان بۆ ژیانی داهاتووی خۆی بیرۆكەی جیاجیای هەبێت بۆئەوەی بتوانێت وەك مرۆڤێك ژیانی ئازادی و سەربەخۆی هەبێت، بەڵام دەبینی لەبەرئەوەی ناچارە لەبەر چەند هۆكارێك زوو شووبكات ناچاریشە واز لەخەونەكانی بێنێت، چونكە زۆرجار دەبینین دوای پرۆسەی هاوسەرگیری زۆربەی ئافرەتانمان لەبەرنەبوونی هاوكاری لەلایەن هاوسەرەكانیانەوە نەیانتوانیوە بگەن بە خەونەكانیان و ناچارن واز لەهەموو شتێك بێنن.
ئاواز شێرزاد لەمبارەیەوە گوتی: بەداخەوە یەكێك لە بیركردنەوە سەقەتەكانی كۆمەڵگەی ئێمە ئەوەیە كەوا بیردەكەنەوە كە گوایە ئەگەر كچ شوویكرد دەبێت واز لە گشت خەونەكانی بێنێت، زۆرجاریش هەیە كچانمان خۆیان وابیردەكەنەوە. نموونەمان زۆرە كە زۆرێك لە كچانمان دووای بڕینی چەندین قۆناغی خوێندن و ماندوبوونی چەندین ساڵ دوای هاوسەرگیریكردن واز لە پیشەكەی دێنێت و خەونەكانی لەگۆڕ دەنێت جالەبەر هەر هۆكارێك بێت، بۆیە پێویستە كچانمان پێش بڕیاردان لەسەر ئەم پرۆسەیە بیر لە داهاتوو و خەونەكانیان بكەنەوە. كەسێكی واهەلبژێرن كە هاوبیر و هاوكاریان بێت لە داهاتوی ژیانیان نەك ڕێگربێت لەبەردەم خەونەكانیان، بەڵام ئەمەش لەیادنەكەین كە لە پاڵ ئەمەشدا پیاوی وا تێگەیشتوو و ڕۆشنبیر هەیە كە زیاتر لەخەونەكانی هاوسەرەكەی بەختەوەری و خۆشەویستی لەڕادەبەدەری پێدەبەخشێت و دەبێتە كلیلی دەرگای گشت خەونەكانی داهاتوی ژیانی هاوسەرەكەی.
لە كۆتاییدا وتەیەكی جان فیلار دەهێنمەوە كە دەڵێت: مرۆڤ لە ژیانی خۆیدا چەندین خەون و هیوا و ئامانجی هەیە كە هەوڵی بۆ دەدات بۆ ئەوەی پێیبگات، ئافرەتیش كۆمەلێك خەونی تایبەتی خۆی هەیە بەڵام پێویستە ئافرەت باوەڕی بەخۆی بێت و متمانەی تەواوی بەخۆبێت و سووربێت لەسەر مافەكانی بۆ ئەوەی بتوانێت شانبەشانی پیاوان ببێتە سەركردە و سەركەوێت و بگات بەخەونەكانی، بەڵام بەداخەوە كە زۆرجار شوكردن وادەكات گۆڕانكاری پێچەوانەی خەونەكان دروستبكات لە ژیانی ئافرەتانمان و تەواوی خەونەكانیان لەگۆڕبنێت، هەرچەندە لەم سەدەیەدا ئافرەت خاوەن ماف و خاوەن هێز و توانایە و بەرگری لەمافەكانی خۆی و كۆمەلگاش دەكات تەنانەت زۆرجار هاتووە و دەڵێن ئەگەر سەرۆك وەزیرێك یان وەزیری دەرەوەی وڵاتە زلهێزەكان ئافرەت بن ئەوا ئاشتی باڵ بەسەر جیهاندا دەكێشێت، هەرچەندە بەداخەوە هێشتا لەزۆربەی ناوچەكانمان كلتورە سقەتەكان بەسەر ئافرەتانمان زاڵن وەك زوو بەشوودان و یان فرۆشتنی ئافرەت و یان ژن بەژن و هتد…كەئەمەش وادەكات كچان ناچار بن هەر زوو شوبزكەن و واز لە خوێندن و تەواوی خەونەكانی ژیانیان بێنن، بۆیە پێویستە ئازادی و ڕۆشنبیری وبەشداری ئافرەت لە ژیانی ڕۆژانە شانبەشانی پیاوان ببێتە كلتورێكی هاوكاری لەلایەن پیاوانمان بۆ تەواوی ئافرەتانمان، چونكە هەركاتێ بزوینە خاوەن كۆمەڵگایەكی ئافرەت ڕۆشنبیر و ئازادیخواز و بوێر، ئەوكاتە ڕێگەی گەیشتن بە ئازادیمان كورتتر دەبێت هەروەك دەشلێن: ” بناغەی هەرمالێك ئافرەتی چاك وپێشكەوتووە”.















