بە گوژمەی نزیكەی 357 ملیۆن دینار حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی خزمەتگوزاریی تەندرووستی كە خۆی لە دروستكردنی باڵەخانەیەك بۆ یەكەی فریاكەوتنی خێرا و گەورەكردنی باڵەخانەی سەنتەری فریاكەوتنی قەزاكە دەبینێتەوە، جێبەجێ دەكات.

ئەمڕۆ یەكشەممە 23ی 10ی 2022، شەریف ڕەحیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندرووستیی چەمچەماڵ  ڕایگەیاند: ”بڕی 356 ملیۆن و 966 هەزار و 435 دینار تەرخان كرا بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ تەندرووستیی چەمچەماڵ و ئەو بڕە پارەیە لە ماوەی یەك مانگدا تەرخان كراوە كە نووسراومان بۆ سەرووی خۆمان كردووە و پاشان وەزارەتی تەندرووستی نووسراوی بۆ وەزارەتی دارایی كردووە و ئەوانیش پارەكەیان خەرج كرد.”

گوتیشی: ”پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیشمان بریتییە لە دروستكردنی باڵەخانەیەك بۆ یەكەی فریاكەوتنی 122 و فراوانكردن و گەورەكردنی باڵەخانەی سەنتەری فریاكەوتنی چەمچەماڵ و كڕینی مۆلیدەیەكی هەزار كەیڤی بۆ نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو کە بە كڕینی ئەو مۆلیدەیە كێشەی كارەبامان نامێنێت.”