
نووسینگەی كەركووكی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ئەمڕۆوە تاكوو چوارشەممەی داهاتوو، لە شاری كەركووك دەست بە دابەشكردنی فۆرم بەسەر قوتابییانی دەرچووی ئامادەیی خوێندنی كوردی لە كەركووك و خورماتوو دەكات، بۆ وەرگرتنیان لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان.
بەپێی ئاگادارینامەیەكی نووسینگەی كەركووكی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە باڵەخانەی نووسینگەكەیان لە گەڕەكی تەپەی شاری كەركووك، لە ئەمڕۆ یەكشەممە 23ی 10ی 2022، تاكوو ڕۆژی چوارشەممە 27ی 10ی 2022، دەست بە دابەشكردنی فۆرم بەسەر قوتابییانی دەرچووی شەشەمی ئامادەیی خوێندنی كوردی لە كەركووك و خورماتوو دەكات، بۆ وەرگرتنیان لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و ڕۆژی پێنجشەممە 28ی 10ی 2022، ڕۆژی وەرگرتنی فۆرمەكانە لە قوتابییان، دوای ئەوەی كە فۆرمەكانیان پڕ دەكەنەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، قوتابییانی دەرچووی شەشەمی ئامادەیی ئەمساڵ و پارساڵ، ئەوانەی فۆرمیان پڕنەكردووەتەوە، دەتوانن فۆرمەكان وەربگرن و داوا پێشكەش بكەن بۆ وەرگرتنیان لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان.
ماوەی چەند ساڵێكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان قوتابییانی دەرچووی شەشەمی ئامادەیی خوێندنی كوردی لە كەركووك و خورماتوو، بەپێی كۆنمرەكانیان وەردەگرێت و تایبەتمەندیی بەوان دراوە، كە بۆ وەرگرتنیان لە زانكۆكان بە فۆرم داوا پێشكەش دەكەن، هاوكات چانسێكی دیكەشیان پێ دراوە، كە دەتوانن فۆرم بۆ وەرگرتنیان لە زانكۆكانی عێراقیش پڕ بكەنەوە.