خەبات: سولین سلێمان:- نووسەر و رۆژنامەڤان، گۆران شاخەوان نوێترین کتێبی خۆی بەناوی ئەمریکا لە چاوی پەنابەرێک بڵاو کردەوە و رایگەیاند، داهاتی کتێبەکەی پێشکەش بە تووشبوانی شێرپەنجە دەکات. گۆران شاخەوان لەم بارەیەوە بۆ خەبات دەدوێت باسی کتێبەکەی و ئەزموونی خۆی دەکات بەو شێوەیە وڵامی چەند پرسیارێک دەداتەوە؛
*سەرەتا ئەگەر خۆت بناسێنی؟
نزیکەی پازدە ساڵە لەنێو بواری راگەیاندن کار دەکەم. سەرەتا لە راگەیاندنی خوێندراو دەستم پێکرد، لە بەشێکی زۆری ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی هەرێمی کوردستان وەک پەیامنێر، دەستەی نووسەران، بەڕێوەبەری نووسین و جێگری سەرنووسەر کارم کردووە. پاشان لە دەستپێکی کردنەوەی دەزگای میدیایی کوردستان٢٤ لەوێ وەک پەیامنیری سیاسیی تا کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٨ بەردەوام بووم. ئێستا وەک رۆژنامەنووسی فریلانس بۆ چەند دەزگایەکی نێودەڵەتی کار دەکەم. ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی جیهانم. خاوەنی بڕوانامەی دبلۆم و بەکالۆریۆسم و کاندیدی ماستەرم، دووجاریش خەڵاتی باشترین ڕۆژنامەنووسی ساڵم لە هەرێمی کوردستان وەرگرتووە.
*ئەگەر باسی کتێبە تازەکەت بکەی، چۆن بیرت لە نووسینی کتێبێکی وا کردەوە؟
کتێبی “ئەمەریکا لە چاوی پەنابەرێک” وەک دووەم بەرهەمی نووسینم لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو لە شاری هەوڵێر مەڕاسیمی ناساندنی لە سەنتەری ئاڵا بۆ کرا. کتێبەکە لە ٤٨٠ لاپەڕە پێکهاتووە و بە تێروتەسەل مێژووی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە. بەجۆرێک خوێنەر لەکاتی خوێندنەوە گەشتێک بۆ ئەمەریکا دەکات. بە خەیاڵ لە یەک بە یەکی ولایەت و شارە گەورەکان دەگەڕێ، دەچێتە تایم سکوێر، لەوێ بۆ دوورگەی هوایی و پاشان بازێک بۆ ناشناڵ مۆڵ دەدات. جارجار لەنێو گەرمەی شەڕ و ئاهەنگی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت، دیسان بەوپەڕی کەیفوسەفاوە دەگەڕێتەوە نێو ڕووداوەکانی کوردستان، ئینجا دێتەوە سەر باسی زمان و فەرهەنگ و کولتووری کوردەواری. کاتێک میللەتێک زۆر بە ڕژدی کار لەسەر زمان و فەرهەنگ و مێژووەکەی دەکات، تۆ بەبێ ئەوەی هەست پێ بکەی دەست بە نووسینەوەی شتەکانیان دەکەی. خۆزگە ئێمەش وەک کورد ئەوها مێژوو و ئەدەبیات و شارستانییەتی خۆمان بە جیهانیی دەکرد!
* پەیامت لەو کتێبە چییە؟
بەڕاستی کتێبخانەی کوردی لە هەبوونی سەرچاوەگەلێکی زۆر لەسەر ئەمەریکا دەوڵەمەند نییە، ئەوەی هەیە زۆربەی وەرگێڕانن، بۆیە نووسینی ئەم کتێبەم بە پێویست زانی، چونکە خۆم لە ئەمەریکا دەژیم و بەرکەوتەی مێژوو و کولتووری ئەوێم. ئەم جۆرە کتێبانە بۆ ناسینی مێژوو کولتووری نەتەوەکانی دیکە زۆر گرنگن. زۆرجار تاک بە تایبەت گەنجان وا دەزانن ئەمریکا هەروا بە ئاسانی بۆتە وڵاتیکی مەزن، بەبێ ئەوەی مێژووەکەی بزانن. لەم کتێبە بە ڕوونی تیشکخراوەتە سەر چۆنیەتی دامەزراندنی دەوڵەت و ڕۆڵی باوکە دامەزرێنەرەکان و گشت چین و توێژەکان بەرانبەر خۆشەویستی نیشتیمان. واتە ئەم بۆچوونە هەڵەیە کە زۆرجار گوێمان لێ دەبێت، کە ناکرێت بەراوردی ئەمەریکا و کوردستان بکەین. بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە بۆمان رووندەبێتەوە کە کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش و لێکچوون لەنێوان هەردوو لا هەیە، کە ئەوان توانیویانە لە ئەنجامدا دەوڵەتێکی بەهێزی لێ دروست بکەن.
*دەکرێ ئەو لێکچوونانە بزانین؟
بۆ نموونە، ئێمە ڕاپەرینمان کرد، ئەوانیش ڕاپەرینیان دژی ئیمپراتۆرییەتی بەریتانیا کرد و لە ئەنجامدا شۆڕشی ئەمەریکاییەکان بەرپا بوو. ئەوان وڵاتەکەیان بووە قوربانی تیرۆر لە ساڵی ٢٠٠١، ئێمەش بە هەمان شێوە مەترسی تیرۆرمان بەردەوام لەسەرە و لە کارەساتی یەکی شوباتیش دەیان سەرکردە و گەنج و لاومان شەهید بوون. ئەمەریکا بۆتە وڵاتی نەتەوە و ئاینە جیاوازەکان، بە هەمان شێوە سەرجەم ڕەنگ و ئاینە جیاوازەکان بە ئازادی لە کوردستان سرووتە ئاینییەکانیان دەخوێنن. شەڕی ناوخۆ یەکێکی دیکەیە لە هاوبەشەکان، کە زیانێکی زۆری بە هەردوو لا گەیاندووە.
*داهاتی کتێبەکەت پێشکەش بە تووشبوانی شێرپەنجە کردووە، کەمێک لەم بارەوە بۆمان بدوێ؟
کتێبی “ئەمەریکا لە جاوی پەنابەرێک” گشت داهاتەکەی پێشکەش بە (سندوقی کۆمەک بۆ تووشبوانی شیرپەنجە) کراوە. تا ئێستا لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان و ناوەندەکانی خوێندن مەراسیمی ناساندنی بۆ کراوە. ئەو پارەیەی تا ئێستا کۆ کراوەتەوە بە ئاگاداری وەزیری تەندروستی و سندوقی شیرپەنجە داهاتەکە خراوەتە سەر حساببانکی سندوق، ئەوەی ماوەتەوەش گرێبەستێکم لەگەڵ دەزگای ئاوێر هەیە کاتێک تەواوی کتێبەکە لە بازاڕ فرۆشا، داهاتی گەڕاوە ڕاستەوخۆ بۆ سندوقی کۆمەک دەچێت. لە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا بەخشین و خۆبەخشی دوو کارن کە بەڕاستی بوونەتە بەشێک لە کولتوور، بەڵام بەداخەوە لێرە هێشتا وەک نامۆ شتەکە دەبینرێ، بروابکە چەندین خەڵک پێیان گوتووم “ئەی حکوومەت ئیشی چییە، بۆچی تۆ پارە دەبەخشییە سندوقی شیرپەنجە!
*کتێبی دیکەت هەیە؟ ئەی کار و پڕۆژەی داهاتووتان لە بواری نوووسین چییە؟
کتێبێکی دیکەم هەیە بە ناوی (چەپکیک لە زمان و فەرهەنگی باڵەکایەتی) کە تێدا باس لە ڕەگەزی نێر و می لە دیالێکتی سۆرانی دەکەم. ئیستا کتێبەکە لە بەشێکی زۆری زانکۆکانی کوردستان وەک سەرچاوە قوتابیان بەکاری دەهێنن. پڕۆژەی داهاتووم بۆ نووسین، وەرگێرانی دوو ڕۆمانە لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی کە مۆڵەتی هەردوو نووسەرەکەم وەرگرتووە، بەڵام لەبەر ئەم پرۆژەیە و خوێندن و کار نەمتوانییوە پێڕابگەم.
* لە کۆتاییدا پەیامت چییە؟
سوپاس بۆ ئێوە، هیوام وایە ئێمەش بتوانین ڕۆژێک سوود لە ئەزموونی وڵاتێکی وەک ئەمەریکا وەرگرین، کە ڕۆژێک خاکەکەی بە سووتفە دەدۆزرێتەوە، پاشان وڵاتانی داگیرکەر خاکەکەی وەک پشکەخێر دابەش دەکەین، کەچی بوێری و خۆراگری میللەتەکە و زیرەکی و لێهاتووی باوکە دامەزرێنەرەکان وایان کرد ئەمڕۆ وڵاتەکەیان سەرکردایەتی جیهان بکەن.










