خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- دوای سێ ساڵ ململانێ لەگەڵ نەخۆشییەکەیدا ، کاتژمێر 11:30ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە 2022/10/20 هونەرمەندی مەزن و ناوداری شێوەکار مامۆستا ئیسماعیل خەیات (هاوژینی هونەرمەندی ناسراوی دراماو شانۆی کوردی خاتو گەزیزە عومەر) كۆچی دواییكرد و بۆ دوایینجار ماڵئاوایی لە ژیان و فڵچەی ناو دەست و پەنجەی هونەری وێنەو شێوەکاری كوردی كرد و جێیهێشتین.

ئەوەی جێگای داخ و ئەسەفی گەورەو مەخابنە ، هونەرمەندی ناوداری کورد ئیسماعیل خەیات بەئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر کەم لە هونەرمەندان و نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد بە بێنازیی لەسلێمانی بەخاک سپێردرا ، بەلەدەستدانی ئەو هونەرمەندە مەزنەی كورد، بەبێدەنگی ژیاو بە بێنازییش بەجێیهێشتین و مەرگی ئەو كەلێنێكی گەورەی خستە مەیدانی هونەری كوردیەوە هاوکات خەسارەتێكی گەورە لە هونەری شێوەکاری كەوت.

(کورتەیەک لە ژیاننامەی هونەرمەند)

هونه‌رمه‌ندناوداری شێوەکاری کورد (ئیسماعیل خه‌یات ) لەساڵی 1944 له‌ خانه‌قین له‌دایك بووه‌ و ساڵی 1966 خانه‌ی مامۆستایان له‌به‌عقوبه‌ ته‌واوكردووه‌ ، لە ساڵی 1965ەوە تاساڵی 2008 زیاترلە (45)پێشانگای تایبه‌ت و دەیان پێشانگای هاوبەشی لەتێکڕای شاره‌كانی كوردستان و عێراق وده‌ره‌وه‌ی كوردستان کردۆتەوە، یەکێک لە کارە بەناوبانگەکانی هونەرمەند رەنگکردنی بەردەکانی سنووری نێوان پارتی و یەکێتی ( هێڵی تەماس )بوو لە دێگەڵە، وەکو ناڕەزایەتییەک دژی شەڕی ناوخۆ و پاڵپشتیکردن لە ئاشتی.

هونەرمەند لە‌ساڵی 1967تا 2007 سه‌رپه‌رشتیاری هونه‌ری بووه‌ له‌چالاكی قوتابخانه‌كانی سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری شێوه‌كاری بووه‌ له‌وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌هه‌ولێرو سلێمانی ، ساڵی 2004 خه‌ڵاتی داهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی پێ به‌خشراوه‌ ، ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی شێوه‌كارانی جیهان و شێوه‌كارانی عێراق بووە و دوای ماوەیەکی زۆر لەخزمەتکردن بەهونەرەکەی ، خانه‌نشین دەکرێت و له‌سلێمانی ژیان بەسەردەبات، مامۆستای هونەرمەند له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی کەخانه‌نشین بوو ، كه‌چی له‌سه‌رکاری هونەری و كردنه‌وه‌ی پێشانگا تایبەتیەکانی خۆی هەر بەردەوامبوو.

شایانی باسیشە، بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پرسە و هاوخەمیدا بۆ بنەماڵەی هونەرمەند دەڵێت: مامۆستا ئیسماعیل خەیات، یەكێك بوو لەو هونەرمەندە بەئەزموون و ناودارانەی بواری شێوەكاری، كە ساڵانێكی زۆر، لەڕێی هونەرەكەیەوە، خزمەتێكی زۆری پێشكەش بە پرسی كورد و كوردستان كرد و ئەرشیڤێكی گەورەی لە تابلۆ و شاكاری هونەری بۆ بەجێهێشتین، هەزار سڵاو لەگیانی پاک و بێگەردی هونەرمەندی شێوەکار ئیسماعیل خەیات و سەرجەم هونەرمەندانی کۆچکردووی کوردستان.