خەبات: سولین سلێمان:- چێنەر نزار هونەرمەندی پەیکەرساز لە دایک بووی شاری سلێمانیە و پەیمانگای هونەرە جوانەکانى، بەشی پەیکەرسازی تەواو کردووە، لەم دیمانەیەدا بۆ خەبات باسى هونەرى پەیکەسازى دەکات.

*سەرەتای دەسپێکی تۆ بۆ ناو ئەم هونەرە چۆن بوو؟
سەرەتای کارکردنم لە هونەردا دەگەرێتەوە بۆ کاتی مناڵیم لەقوتابخانە و دواتر لە ڕێگەی مناڵپارێزی کورستانەوە لە کازیوەی سەرشەقام لەوێ زیاتر بە دونیای هونەر ئاشنا بووم یەکەم کاری پەیکەرم لەوێ ئەنجامدا لەو کاتەوە تا ئێستا من بەردەوامم لە کارکردن.

*ئایا لە دروستکردنی پەیکەرەکانت، زیاتر هەڵگری چ پەیامێکن؟
کارکردنی من لە هونەری پەیکەرسازیدا لەزۆر رووەوە خزمەت دەگەیەنێت لەرووی زیندووکردنەوەی مێژووی کەسایەتیەکان و مێژووی راستی کورد وە کارەکانم بۆ جوانتر نیشاندانی ئەو شوێنانەیە کە لێی دادەنرێت هەڵبەت بەدەر لە کارە هونەریەکانی کە لە شوێنە گشتیەکاندا دانراوە بەردەوام ئەو بیرۆکانەی هەمە دەیکەمە کاری پەیکەرسازی بچووک هەڵبەت هەر سەردەم و کات و ساتێک وڵاتی ئێمە بەدەر نیە لە کێشە مرۆڤایەتیەکان وە لەم ماوەیەدا چەند کارێکم بۆ کوژرانی ژن ئەنجامداوە کە یەکێکە لەو بابەتانەی بە بەردەوامی ئازاری من دەدەن وە ژن کوشتن وا دەبێتە دیاردە ئەرکی هونەرمەند ئەوەیە بتوانێت ئەم بابەتانە کاری لەسەر بکات تا دەگاتە ئاستی بنبر کردن.

*ئایا لەم کارەدا تا چەند پشتگیریت دەکرێت؟
هەڵبەت هەمیشە کارکردنم وایکردووە کە هەر هەنگاوێک بنێم بۆ پرۆژەیەک لایەنی پەیوەندیدار بەو پرۆژەیە هاوکارم دەبن وە هیچ کات هاوکاری حزبی نەکراوم بۆ پرۆژەیەک وە پرۆژەی زۆر جدی و گەورە هەن کە ئامادەن کاریان لەسەر بکەم بەڵام وەک پێویست پشتگیری نەکراوم وەک پرۆژەیەک بۆ پێشمەرگە وەپرۆژەیەک بۆ دایکی ئەنفال پرۆژەیەکی گەورەم ئامادەیە بۆ کارەساتی کۆرەو ئەمانەو چەندین پرۆژە ئامادەن کە لە چاوەروانی پشتگیری جدیم هەڵبەت پەیکەر پشتگیری نەبێت ناتوانرێت پرۆژەی گەورە و جدی دروست ببێت.

*ئایا پەیکەرسازى بۆتە سەرچاوەیەک بۆ بژێوی ژیانت؟
هەمیشە کارکردن لە هەر سێکتەرێکدا دەبێتە بژێوی ژیان منیش تا رادەیەک توانیومە وەک بژێوی ژیان هونەرەکەم بەکار بهێنم چونکە تەنها پەیکەرسازی ئەنجام دەدەم لە رۆژێکدا ٦ تا ۸ کاتژمێر کاردەکەم ئەمەش وایکردووە کە بتوانم ۳۸ پەیکەری دانراوم هەبێت لە شارەکانی کوردستان وە زیاتر لە ۱٠٠ کاری بچوکم ئەنجام بدەم لەم کاتەدا هونەر دەتوانی بکەیتە سەرچاوەی بژێوی ژیان.

*ئایا تا ئێستا هیچ پێشەنگایەکى تایبەت بە خۆتان کردۆتەوە؟
یەک پێشانگای تایبەتی هەیە لەسەر ئەزمونێکم بە رەگی دار کە باس لەسەرتای ژیانێک تا مردنێک دەکات بە ۱۲ پەیکەر وە بەشداری٦۱ پێشانگای هاوبەشم کردووە وە دانانی پەیکەرێکش لە شوێنێکی گشتیدا خۆی بۆ خۆی نمایشی تایبەتە.

*نوێترین کاروچالاکیەکانت چین؟
من بەبەردەوامی پرۆژەی نوێم ئامادەیە لە ئێستادا سەرقاڵی دانانی پەیکەری ژەنەراڵی پاییز و دانانی پەیکەرپۆرترەیتێکم و سەرقاڵی دروستکردنی دیوار بەندێکم بۆ ۳ مێژووی گرنگی کوردستان ( شەری قەڵای دمدم و شەری بەردەرکی سەرا و کۆرەو).

*لە کۆتایدا چ پەیامێکتان هەیە؟
سوپاس بۆ خوێنەرانی ئێوە بەهیوام هەمیشە بتوانین بە هەمووان خزمەتی کورد و کوردستان بکەین، هەمیشە بتوانین خۆشەویستی و جوانی بڵاو بکەینەوە.