خەبات: سولین سلێمان:- خاتوونى شانۆکار روپاک عەبدولقادر وەک ئەکتەر و دەرهێنەر، خزمەتێکی بەرچاوی لەبوارى هونەرى شانۆ و دراما پێشکەش کردووە، ئەو لە دیدارێکدا بۆ خەبات، باس لە دەسپێکی کار و پرۆژە هونەرییەکانى خۆى دەکات.
*سەرەتا باسێکی کورتى خۆتان و دەستپێکى ژیانى هونەریتان؟
من لە دایک بووی ساڵی ( ١٩٦١ ) لەشاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە، دەرچووی ئامادەیی پیشەسازیم بەشی ئەلەکترۆن ساڵی ( ١٩٨٠ ) هەر لەو ساڵەش دامەزرام وەک فەرمانبەر لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە بەڕێوەبەرایەتی چاپخانەی ڕۆشنبیری تاساڵی( ٢٠١٧ ) لە خزمەتی ئەدەب و ڕۆشنبیرانی کورد بووم و پێش وەختە خۆم خانەنشین کرد دوای خزمەت کردنی ( ٣٧ ) ساڵ، روپاک گوتیشی هەرلە منداڵیە وە خولیاو بەهرەی هونەریم هەبوو لە قوتابخانە بەشداری هەموو چالاکی یەکانی هونەریم دەکرد . لە ساڵی حەفتاکانەوە ئەو سەردەمەی پیاوان ڕۆڵی ئافرەتیان دەبینی لە بواری هونەری شانۆو دڕاما من هاتمە سەرتەختەی شانۆ و ەک ئەکتەر و هەندێ جاریش وەک پێشکەشکاری ئاهەنگەکان.
لەساڵی (١٩٧٧) بەشداریم کرد لە شانۆگەری ( دایک ) و لە ساڵی (١٩٧٨) بەشداریم کرد لە شانۆگەری ( فاڵچی ) لە ئاهەنگەکان و چالاکی یەکانی ئامادەیی پیشەسازی هەولێر ..و لەساڵی( ١٩٨٢) بەشداریم کرد لە شانۆگەری ( لاس و خەزاڵ ) ڕۆڵێ دایکی لاسم هەبوو لەنووسینی نووسەر( نازم دڵبەند ) و دەرهێنانی هونەرمەند ( سەباح عبدالرحمن ) بوو هه ر ئەو شانۆگەری یە لە ساڵی (١٩٨٣) بوو بەدراما ئەم جارەیان ڕۆڵی (خەزاڵ ) م بینی ئیتر بەردەوام بوو تا ئێستا بەشداریم لەزۆرێک لەکاری شانۆیی و دراماو فلم کردووە لەشانۆگەری یەکان ( گولە باران کار ، شەوی لەدایک بوون ، چایخانەی عەبۆی ، دەفڕی و نافڕی ، لەمردن گەڕایەوە ، نامەیەک بۆ پێشمەرگە و هیتر…..) هەندێک لە درامانیش ( کەوەکانی قەرەچۆغ ، چەقۆ ، نامەیەک ، فرمێسک ، خەج و سیامند ، براوەو دۆڕاوەکان ، تۆ بڵێ ی وابێت ، تارمایی تاوان ) هەروا لە فلمەکانیش ( هەنسکی ئاسمان ، کچی کافرۆش ، مەملەکەتی مێروولەکان ) کورتە فلمی ( یادێک ) لە نووسین و دەرهێنانی ( خۆم ) بوو لەساڵی ( ٢٠٠٨ ) مۆڵەتی یاسایی تیپێکی شانۆی منداڵانم وەرگرت ئیشم کرد لەسەر کاری شانۆیی منداڵان وە منداڵان خۆیان نواندنیان دەکرد وەک ئەکتەر تاساڵی (٢٠١٧) ( ٥ ) کاری ئۆپەرێتی منداڵان و ( ١٢ ) کاری شانۆیی مان پێش کەش کرد زۆری کارەکان لەنووسین و دەرهێنانی خۆم بوون هەندێک لەکارە شانۆیی یەکان وەک ( خەندەشاراوەکان ، جوانی ژینگە ، خەونەکانی ئێمە ، ڕاستگۆیی ، کێ خۆربەئاگادێنی ، ژیان لێرە ، ئەنجامی درۆکردن ) هەروا لە ئۆپەرێتەکانیش ( نمایشێ جل و بەرگی فۆلکلۆری کوردی بەشێوەی ئۆپەرێتی ، خەرجی ، پشووی بە کەڵک ، منداڵێکی دلۆڤانم ، من کێم ).
* ئەو فیلم و دراما و شانۆییانەی بەشداریتان تێداکردوون لە چ ئاستێکدا بوون؟
ئەو دڕاماو فیلم و شانۆگەرییانەی ئیشم تێدا کردوون، هەریەک لەکات و سەردەمی خۆیدا پەیامێکی هەبووە و تاڕادەیەک لەئاستێکی باش دا بوونە بەڵام وەک خۆم هێشتا لە تموحی مندا نەبووە چونکە من نەمتوانیوە لەم هەموو تەمەنە زۆرەی بەردەوام بوومە زیاترو باشتر خزمەتی هونەری شانۆودراماوفلم بکەم ئەویش هۆکاری زۆرە لەوانە دروست بوونی قەیرانی هونەری و نەبوونی کاری هونەری زۆر لەم ساڵانەداو کەوای کردووە بەشداریم نەبێت و نەتوانم خزمەت بکەم زیاتر.
* لە کوردستان بەربەستەکانی بەردەم خانمە شانۆکاران چین؟
نەبوونی پشتگیری و پاڵپشتی و هاوکاری و بەهەند نەزانی کارو قوربانی و ڕێز نەگرتنیان بەربەستە بۆ خانمانی هونەرمەند کە نەتوانی کاربکات و بەردەوام ببێت.
٭ ئایا کەمی دراما و فیلم و شانۆ لە نەبوونی بودجەی پێویستە یان نەبوونی ئەکتەری لێهاتوو؟
“بودجە پێویستە هەروا ئەکتەریش هەڵبەت بەبێ بودجە هیچ کارێکی هونەری لەدایک نابێت، کە بودجە نەبوو ئەکتەریش نابێت، ئەکتەری بەتواناش ئەگەر خۆی بەهره و حەزی نەبوو، ئەوا ئەکتەری باش دەرناچێت.
* ئایا هیچ کارێکی نوێتان بەدەستەوەیە؟
لەئێستاو لە داهاتووش هیچ کارێکی هونەریم نیە و نابێت چونکە تا ئەو بارودۆخە وابێت قەیرانی دارایێ هەبێت بۆ هونەر شانۆو دراماو فیلم هیچ هونەرێکی ڕەسەن و باش و جوان لەدایک نابێت، منیش نامەوێ ئەگەر کارێکی جوان و باش نەبێت، چیتر بەشداری هیچ کارێکی هونەری بکەم.
*لە کۆتاییدا چ پەیامێکتان هەیە؟
لەسەردەمی ڕژێمی بەعس ڕێگری دەکرا لە هونەری کوردی و هونەرمەندان زۆر بەدەگمەن دەما نتوانی کارێکی هونەری درامی و شانۆیی و فلم بەرهەم بێنن، بەڵام لەدوای ڕاپەڕین و ئازادی کوردستان کە ئێمە خاوەنی هەزاران ڕووداوو کارەسات و مێژوویەکی پڕ لە قوربانی و هەزاران چیرۆک و بەسەرهاتین دەبووایە لەژێر حوکمڕانی دەسەڵاتی کوردیدا کە بۆ ماوەی 30 ساڵە حوکمڕانی دەکەن ئێستا خاوەنی هەزاران بەرهەمی فلم و شانۆو دڕاما بین و لە لوتکەی پێشکەوتن بێت هونەری ڕەسەنی کوردی بەڵام بەداخەوە ئەو حکومەتەو هەندێک لە هونەرمەندان بەهۆی حزبایەتی و گەندەڵی لەکارکردن لە کارە هونەری یەکان و لە دواییدا بوونی قەیرانی دارایی بەگشتی بەتاێبەتی بۆ هونەری شانۆودراماو فلم و هاوکاری نەکردنی هونەرمەندان بۆ کارکردن و بەرهەم هێنانێ فلم و شانۆودڕاما وای کردووە لەم قۆناغە لەدواکەوترین قۆناغ بێت شانۆودڕاماو فلم وە بەرەو نەمان بچێت و بەردەوام خۆزگە بخوازین بەسەردەمی زێڕینی هونەری کوردی کە ساڵانی ( ٧٠ و ٨٠ ) کان بوو هیوادارم خەمخۆران و دەسڵاتداران و هونەرمەندان و ڕاگەیاندن و کەناڵە زۆرەکانی کوردی هەوڵ بدەن و خەمێک لەم هونەرە کە هونەری کوردی شانۆودرماو فلمە زیندووبکەنەوەو لەنەمان ڕزگاری بکەن و کاری جوان و باش و ئاست بەرز پێشکەش بکەن و هەقی تەواو بەمێژوو و ڕووداو کارەساتەکانی کورد بدەن لە ڕێگەی هونەرەوە بەدونیای بناسێن و دڵی جەماوەریش ڕازی بکەین کە هەمیشە داواکارن لێمان کە بێ بەشیان نەکەین لە کاری هونەری ڕەسەنی کوردی.











