
سەردار حوسێن
ئێمە وەك هەمیشە نەماندەویست هیچ بڵێین، گوتمان كوتلەكاری و تیرۆركردنی یەكتر و تەقاندنەوەو تۆقاندنی ژن و منداڵ و پاشقۆڵگرتن و بێسەروبەریی و فرەكوێخایی، حزبەكەی هێندە وەڕسكردووە، با موراعاتی شعوریان بكەین و بێدەنگ بین، بەڵام كاتێك رۆژنامەی كوردستانی نوێ، زمانحاڵی فەرمی ینك، (لە ژمارەی 16ـی ئۆكتۆبەر)ـدا دەست بە چەواشەكاری و مامەحەمەیی بۆ هێزە دەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان بكات و شانازیش بە خیانەتی سەرۆك و هەندێك لە سەركردەكانی بكات و لەوەیش زیاتر بێڕێزی بە ویست و ئیرادەی گەلێك بكات، ناچارین بڵێین: دەبووایە لە 16ـی ئۆكتۆبەری هەموو ساڵێكدا، كوردستانی نوێ ژمارەی ئەو رۆژەی بڵاونەكردایەتەوە، مادام هەر بڵاویشدەكرایەوە، باشتربوو خۆی بێدەنگ بكردایەو تەنیا لاپەڕەی یەكەمی رەش بكردایە، وەلێ هاتوون بەوپەڕی رووقایمییەوە شانازی بە خیانەتەكەی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 دەكەن و كوڕانی تاڵەبانیش وەك فریادڕەس و شۆڕشگێڕی كورد دەناسێنن، كە لە راستیدا سەرۆكەكەی ینك و هەندێك لە سەركردەكانی جگە لە خیانەتكارێكی نەتەوەیی و نیشتیمانی چیتر نین، بیریشمان نەچێت، لە ئێستادا پیشەیەكی دیكەیشیان بۆ زیادبووە، ئەویش تیرۆر و تۆقاندنی كادیر و ئەندام و كارمەندە ئەمنی و سەربازییەكانی خۆیانە..!
كوردستانی نوێ (لە ژمارەی 16ـ ئۆكتۆبەر)ـدا دەنووسێت: 16ـی ئۆكتۆبەر لێكەوتەی ریفراندۆمە شوومەكەی 2017 بوو.
كوردستانی نوێ (هەر لە ژمارەی 16ـ ئۆكتۆبەر)ـدا دەنووسێت: سەردانەكانی سەرۆكی یەكێتی بۆ بارەگای بارزانی، هەروەك سەردانەكانی بووە بۆ بارەگای حزبە عیراقییەكانی دیكەو سیحرەكەی بەتاڵ كردەوە.
كوردستانی نوێ (دیسان لە ژمارەی 16_ی ئۆكتۆبەر)ـدا دەنووسێت: سەركەوتنی كاندیدەكەی یەكێتی بۆ سەرۆكایەتی كۆماری عیراق دۆڕانی پارتییە و بەسەرخۆی ناهێنێت.
ئەمانە و دەیان قسەی بێ مەعنای دیكە، (لە ژمارەی 16ـ ئۆكتۆبەر)ـی زمانحاڵەكەی ینك ریزكراون و ئەگەر بۆ وەڵامدانەوە نەبێت، خۆیشیان تاقەتی خوێندنەوەی ئەم درۆ و چەواشەكارییانەیان نییە، بەڵام كە پێویست بوو وەڵام بدرێنەوە، دەبێ بیریان بخەینەوە، كە:
16ـی ئۆكتۆبەر دەرەنجامی خیانەت و رێككەوتنە شوومەكەی سەرۆك و 38 سەركردەی ئەو حزبە بووە، نەك ریفراندۆمی سەربەرزانەی جەماوەر و خەڵكی سەرەبەخۆییخوازی كوردستان، بە هەموو ناوچە و پێكهاتەكانییەوە.
ئەگەر سەردانەكانی سەرۆكی یەكێتی بۆ بارەگای بارزانی، سیحر و فاڵ و جادووگەری بێت (وەك خۆیان دەڵێن) هەروەك سەردانەكانی بۆ بارەگای حزبە عیراقییەكانی دیكەیە، ئەوەیان قسەیەكی تازەیە و ئیعترافێكی روونی ئەو حەقیقەتە تاڵەیە، كە ئێوە ساڵانێك بەر لە شازدەی ئۆكتۆبەر و دوای شازدەی ئۆكتۆبەریش عیراقی بوون و هەر بەعیراقچیەتییشەوە دەمێننەوە، بەڵام دەشكرێ بۆ یەكجاریش بێت لەخۆتان بپرسن: ئەی بۆچی كەس پێچەوانەی ئەو سەردانانەی نەبینی و جەنابی سەرۆك بارزانی سەردانی دەباشانی نەكرد.؟!
هەزەلیترین قسەی ( ژمارەی 16ـ ئۆكتۆبەر)ـی كوردستانی نوێ، لەبارەی پرسی سەرۆك كۆمارەوەیە، كە بەراستی بۆ ئێمە و تەواوی خەڵكی كوردستان جێگەی پێكەنینە، چونكە پارتی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەدۆڕاو دەزانێت، وەك ئەوەی كاندیدە فەرمی و شكەستخواردووەكەی یەكێتی پارتی بووبێت و ئێمەیش ئاگادار نەبین، جا بۆچیش نا، خۆ دواجار هەر هەمووان پارتیبوونێك قەرزارن و ئەمڕۆ یان سبەی، هەمووان رێگەی سەری بڵند دەگرنەبەر و فۆرمی پەشیماننامە پڕ دەكەنەوە.!