خەبات: پەریهان عومەر:- هونەرمەند خەندە كەركوكی لەدایكبووی شاری كەركوكە و ساڵی( ١٩٨٧) دەرچووی زانكۆی موسڵە كۆلێژی كشتوكاڵ و لەئێستاشدا بەرپرسی هۆبەی ڕاگەیاندنە لەبەڕێوبەرایەتی كشتوكاڵی كەركوك هەروەها لەساڵی (٢٠١٤ )ەوە دەستی كردوە بەكاری هونەری وتا ئێستاش بەردەوامە، هونەرمەند خەندە كەركوكی لە دیدارێكی تایبەت بە (خەبات) وەڵامی پرسیارەكانی دایەوەو گوتی:

*ئایا كاری هونەری گۆرانی لەئێستادا چۆن دەبینیت؟
بمانەوێ و نەمانەوێ كاری هونەری بەپێی سەردەم ئەگۆڕێ و بۆ هەمیشەش لەگۆڕانكاریدایە، بەڵام گرنگ ئەوەیە چۆن بتوانین پارێزگاری لەو مانەوەیە بكەین لەئێستاشدا تاڕادەیەك باشە بەڵام لەهەمانكاتیشدا كەم وكورتی هەر هەیە لەهونەرەكەدا،بەهیوای بەرەوپێشچوونی زیاترم.

*بۆچی گۆرانی ئێستە زۆر نامێنێتەوە لە فكرو هزری گوێگردا؟
وەكوپێشتر باسمكرد هونەر هەمیشە لەگۆڕاندایە بەڵام ئەگەر كارێكی هونەری جوان بێت دڵنیام جێگەی خۆی ئەگرێت ولەناوخەڵكدا ئەمێنێتەوە.

*خاوەنی چەند ڤیدیۆكلپی؟
خاوەنی پێنج كلیپم وجگە لەهەندێ بەرهەم كەتەنها لەناو ستۆدیۆ وێنەم گرتووە.

*چیت هەیە بۆ ئەو هونەرمەندانەی كە كاری رێكلام دەكەن؟
ئاساییە، هاوكات ئەوەش ئەكەوێتە سەر هونەرمەندەكە خۆی تا چەند حەزی لەوجۆرە كارانەیە و بەهۆی ناسراوییانەوە ڕەنگە زیاتر شتەكان بچنەوە ناو خەڵكەوە.

*پڕۆژەی تازەت چیە بۆ هونەر؟
لەهەوڵی كارێكی نوێدام بەڵام جارێ با وردەكارییەكان بمێنێ بۆ كاتی خۆی گەر بڕیاربوو كارەكە ئەنجام بدەین.