
خەبات: ڕەمزی میرەكانی:- چەند ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانی ئیسپانی، باس لە وردەكارییەكانی گرێبەستە تازەكەی پاریس سان جێرمان، بۆ لیونێل مێسی دەكەن، بۆ ئەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەكەدا درێژ بكاتەوە، بەمەش ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ یانەی پێشووی، بەرشلۆنەی لێ بگرێت. ئەمەو مێسی لە هاوینی 2021دا، بە گرێبەستێكی دوو وەرزی لەگەڵ بژارەی درێژكردنەوە بۆ وەرزێكی تر، چووە پاریس سان جێرمانەوە، ئەوەش دوای تەواو بوونی گرێبەستەكەی لەگەڵ بەرشلۆنە بوو، كە بەهۆی قەیرانی دارایی و یاساكانی یاری كردنی دارایی خاوێنەوە، نەیتوانی پارێزگاریی لە ئەستێرەی یەكەمی یانەكەی بكات. بە گوێرەی ڕاپۆرتەكان بێت، مێسی، دەرگەی مانەوەی بە ڕووی یانە فەڕەنسییەكە دانەخستووە، هەرچەندە بەرشە دەیەوێ بیگێڕێتەوە، بۆیە لیۆ ئێستا چاو بە پێشنیارە تازەكەی پاریسدا دەخشێنێتەوە، بۆ ئەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵیدا درێژ بكاتەوە. مێسی، ئەگەر بە گرێبەستە تازەكە ڕازی بێت، هەمان مووچەی ساڵانەی ئێستای (30 ملیۆن یۆرۆی بێ باج) وەردەگرێت. پاریس، دەیەوێ گرێبەستی مێسی بۆ دوو وەرز درێژ بكاتەوە، واتە تاكو ساڵی 2025، ئەو دەمیش تەمەنی دەبێتە 38 ساڵان. بەڵام پێ دەچێت گەڕانەوەی مێسی بۆ یانەی بەرشلۆنە كەمێك ئەستەم بێت، لەبەر چەند هۆكارێك، لەوانە پەیوەندی مێسی و لاپۆرتای سەرۆكی بەرشە ساردە و مێسی دڵی لە یانە كەتەلۆنییەكە شكاوە.