سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “ئێمە گەلێکی ئاشتیخوازین و وەڵامی پەلامارەکان، بە بەهێزبوونی وڵاتەکەمان دەدەینەوە”.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29/9/2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی دەرچوونی قوتابییانی زانکۆی سەلاحەددین گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: “پیرۆزباییەکی گەرم لە دەرچووان دەکەم، دەستخۆشی لە دایک و باوکی قوتابیان دەکەم”.

گوتیشی: “زانکۆی سەلاحەدین جێگەی بایەخی سەرۆک بارزانی بووە و بە زانکۆی دایک دەناسرێت، ئەم زانکۆیە بنەما و سەرچاوەی زۆرێک لە زانکۆکانی کوردستان بووە”.

ئاماژەشی بەوەدا: “ژمارەیەکی زۆر قوتابی لەو زانکۆیە دەرچوون و ئێستا لە دامودەزگاکانی حکوومەت ئەرک و بەپرسیارییەتیان پێ سپێردراوە، هەروەها زانکۆی سەڵاحەدین رۆلێکی دیاری لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان هەبووە”.

راشیگەیاند: “لە ماوەی رابردوو بە بیانووی بێ بنەما و جیاجیا پەلاماری وڵاتەکەمان دەدرێت، سەرەخۆشی لە خانەوادەی قوربانیانی رووداوەکەی دوێنێ دەکەم و هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم”.

ئەوەشی خستە روو: “پەیانی ئێمە پەیامی ئاشتی و ئازادی و پێکەوەژیانە، پەیامی رێزگرتنە لە بەرامبەر، سەرکۆنەی ئەم هەموو پەلامار و دەستدرێژیانە دەکەین کە دەکرێنە سەر خاکەکەمان، داواش لە حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، سنوورێک بۆ ئەو پەلامار و هێرشانە دابنرێت کە دەکرێتە سەرمان، وەڵامی پەلامارەکانیش بە بەهێزبوونی وڵاتەکەمان دەدەینەوە”.