لقی هەولێری یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام، وەڵامی زانایانی كۆمەڵی دادگەریی كوردستانی دایەوە و هۆشداری پێدان لەوەی ئەگەر مامۆستای ئایینی بوختان هەڵبەستێت، سزاكەی لای خوای گەورە قورسترە.

لە ڕوونكردنەوەیەكدا كە ئەمڕۆ سێشەممە 27ی ئەیلوولی 2022 بڵاوی كردۆتەوە، لقی هەولێری یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام لە كوردستان رای گەیاندووە: “دوای خوێندنەوەی راگەێندراوەکەی زانایانی کۆمەڵی دادگەری ، ئێمە لە لقی ھەولێری یەکێتیی زانایان چەند خاڵێك دەخەینە ڕوو”.

ڕوونیشی كردۆتەوە كە “ئەرکی ئێوە نییە وەک زانایانی کۆمەڵی دادگەری، زانای ئایینی دەبێ خزمەتی ئایین بکات نەک پشتگیریی بەیاننامەی پارتێکی سیاسی”، بەڵام زانایانی كۆمەڵی دادگەری “کاری رێکخستنی حزبی و سیاسی لە ناو مزگەوتەکاندا دەکەن و خۆتان بە شانازییەوە لە زۆر شوێن باسی ژمارەی مزگەوت و مامۆستای سەر بە رێکخستنەکانتان دەکەن، ئەمەش پێچەوانەی پرەنسیپەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و یاسا بەرکارەکانە، کە شوێنی ئایینی بۆ کاری سیاسی رێگەپێدراو نییە”.

هەر لەو ڕوونكردنەوەیەدا جەخت كراوەتەوە: “ئێوە کە خۆتان بە ئیسلامی دادەنێن، پێویستە راستگۆیانە قسە بکەن، لە بەرامبەر خودا و گەل، چونکە قسە بەرپرسیارییەتیی ئایینی و ئەخلاقییە، ئایا کەی قەدەغەی فێربوونی قورئانی پیرۆز کراوە؟ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، خاوەنی سەدان بنکەی فێرکردن و لەبەرکردنی قورئانی پیرۆزە،  ئەمە بوختانێکی زۆر گەورەیە، دواتر وەزارەت بەپێی یاسا بەرپرسە لە کاروباری ئایینیی هەرێمی كوردستان، ئەوەی وەزارەتی ئەوقافیش دەیڵێت و دەیکات، هەماهەنگی کردنە، ناکرێت هەر کەسێک بە ئارەزووی خۆی و ئایدیای سیاسیی خۆی پڕۆگرامی ئایینی و  پەروەردەیی ئایینی، بۆ گەنجان و قوتابیان و کچ و کوڕانی کوردستان دابڕێژێت، لە هیچ وڵاتێکی جیهانی ئیسلامیش شتی وانییە، پێویستە ئەم بابەتە لەلایەن خەڵکی شارەزا و پسپۆڕ و ئەکادیمی دابندرێت و لەژێر چاودێریی حکوومەتی هەرێمی كوردستاندا بێت”.

لقی هەولێری یەكێتیی زانایان دووپاتی كردۆتەوە كە بەپێی یاسا بەرکارەکان، ئەم بابەتانە “بابەتی سەرەکیی حکوومەتی هەرێمی كوردستانە، نازانین بە چ یاسایەک ئێوە دەیکەنە بابەتی خۆتان؟”.

لە كۆتاییشدا هۆشداری بە زانایانی كۆمەڵی دادگەری دراوە و ئەوەیان وەبیر هێندراوەتەوە كە “باش بزانن، مامۆستای ئایینی ئەگەر بوختان بە ناڕاست هەڵبەستێت، سزاکەی لای خودای گەورە قورسترە”.