بڕیارە لە نێوەڕاستی مانگی داهاتوو، فەرهاد زیرەک، هونەرمەندی میللی، کۆنسێرتێک بۆ هەوادارانی لە پارکی شانەدەر لە هەولێر سازبکات.

بەپێی راگەیێندراوێکی پارێزگای هەولێر کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، پارێزگای هەولێر لە 13-10-2022 کۆنسێرتێک بۆ فەرهاد زیرەک، هونەرمەندی میللی سازدەکات و هاتن بۆ هەمووانە.

لە مانگی ئابی رابردوو، ڤیدیۆیەکی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ ئەو هونەرمەندە بڵاوکرایەوە، تێیدا بەڵێنی ئەوەی دا کۆنسێرتێک بۆ هەوادارانی سازبکات.

فەرهاد زیرەک، یەکێک لەو هونەرمەندانەیە کە هەوادارێکی زۆری هەیە، هەرچەند بەرهەمەکانی تەنیا لە ئاهەنگ و دانیشتنە تایبەتەکان گوتراون و تۆمارکراون، بەڵام لە رێگەیانەوە هەوادارێکی زۆری پەیدا کردووە.

فەرهاد زیرەک، ساڵانێکی زۆرە لە کاری هونەری دورکەوتووەتەوە و لە میدیاکانیش دەرناکەوێت، لەم چەند ساڵەی دواییدا چەند وێنە و ڤیدیۆیەکی نوێی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە.

بەشێکی زۆر لە هونەرمەندانی ئێستا گۆرانییەکانی ئەو هونەرمەندە دەڵێنەوە، یەکێک لەوانە هونەرمەند شاباز زەمانییە کە لە لایڤ میوزیک و بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکاندا گۆرانییەکانی دەڵێتەوە