پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2022/9/25 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ به‌ڕێز چۆ كیجۆنك كونسولى گشتیى نوێى كۆریاى باشوور له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

له‌ دیدارێكدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى وێڕاى به‌خێرهاتن و پیرۆزبایى بۆ ده‌ستبه‌كاربوون، هه‌موو پشتگیریه‌كى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى نیشان دا و سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هاوكاریى مرۆیى و بنیاتنانى توانسته‌كان و پشتگیریى كۆریاى باشوور دووپات كرده‌وه كه‌ له‌ ڕێگه‌ى تیمى سه‌ربازیى زه‌یتوون و ئاژانسى كۆیكاى كۆرییه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ هه‌رێمى كوردستانیان كردووه‌‌.

لاى خۆیه‌وه‌ كونسولى گشتیى كۆریاى باشوور دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان په‌یوه‌ندیى تایبه‌ته‌ و هیواى خواست بتوانن په‌یوه‌ندییه‌كان بۆ ئاستى به‌رزتر و فراوانتر ببه‌ن، هه‌روه‌ها پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى ئاماده‌یى و چالاكییه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له هه‌رێمى كوردستان و هاندانى كه‌رتى تایبه‌تى كۆرى و ده‌رفه‌تى وه‌ربه‌هێنان بۆ كۆمپانیا كۆرییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان خسته‌ ڕوو.

له‌ دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و فراوانكردنى كولتوورى و هه‌ماهه‌نگى و هاوكاریى به‌تایبه‌تى له‌ بوارى په‌روه‌رده‌یى و فێركردندا كرده‌وه، هه‌روه‌ها دۆخى سیاسیى عێراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرا.