ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 21ـی ئهیلوول/سێپتێمبه‌ری 2022) مەسرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، قوتابییە یەکەمەکانی پۆلی 12 ـی ئامادەیی خەڵات کرد.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له میانه‌ی گوتارێكدا رایگه‌یاند، دەسکەوتی قوتابییە یەکەمەکان، بەرهەمی شەونخوونییەکانە.
هه‌روه‌ها گوتی: ” قوتابییان دوو ساڵی رابردوویان بە سەختی تێپەڕاند، هیوادارم ببنە کەسانی کاریگەر بۆ کۆمەڵگە”.
جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، هەموو هەوڵێک بۆ رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خوێندن دەدەین، بەرزکردنەوەی ئاستی کەرتی پەروەردە بەشێکە لە چاکسازییەکان.داواشی لە قوتابییە یەکەمەکان كرد ببنه کەسانی داهێنەر.
مەسرور بارزانی گوتیشی: “بۆ خەڵاتکردنی قوتابییە یه‌كه‌مه‌كان، رێوڕەسمی واژووکردنی لێکتێگەیشتنی (هەولێر – واشنتن)م جێهێشت، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، سڵاویان بۆ قوتابییە یەکەمەکان هەبوو.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ھانی قوتابیانیدا، رێزگرتن لەیەكتر و له پێكھاتە جیاوازیەكانی ھەرێمی كوردستان بكەن بە بنەمای ژیانیان و درێژە پێدەری ئەو كوولتورە بن.
زیاتر لە 95 هەزار قوتابی پۆلی 12ی ئامادەیی لە سنووری پارێزگاكانی ھەولێر، سلێمانی، ھەڵەبجە و دھۆك ئەمساڵ بەشدارییان لە تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم کردبوو، كە بەگشتی بۆ ئەمساڵ نزیكەی 40 ھەزار قوتابی توانیان دەربچن.