جارێكی دیكە پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی لە یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان كردو  پشتیوانی خۆی بۆ زانایانی ئایینی لە كوردستان دەربڕی.
ڕۆژی چوارشەممە 21ـی ئەیلوولی 2022  سەرۆك مسعود بارزانی بەبۆنەی پەنجاو دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان لە هەولێر سەردانی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانی كرد،  لەلایەن دكتۆر عەبدوڵلا سەعید وەیسی، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان و دكتۆر پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی، و  ئەندامانی یەكێتی زانایانی ئیسلامی پێشوازی لێكرا.
سەرەتا سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بەناوی سەرجەم زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بەخێرهاتنی سەرۆك مسعود بارزانی كرد و كورتەیەكی لەبارەی مێژوو و كار و ئامانج و ئەركەكانی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان خستەڕوو، ئاماژەی بەوەدا ئەم سەردانەی سەرۆك بارزانی سەردانە بۆ ماڵی هەموو زانایانی ئایینی ئیسلامی لە كوردستان.
سەرۆك بارزانی جارێكی دیكە پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی لە یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان كرد، و  پشتیوانی خۆی بۆ زانایانی ئایینی لە كوردستان دەربڕی، هیوای خواست چۆن لە رابردوودا رۆڵی كاریگەریان لە بیری نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری و رەتكردنەوەی ژێردەستی و چەسپاندنی ئاشتی و پێكەوەژیان و دینداری هەبووە، ‌بەهەمان شێوەش‌ لە داهاتوودا لە خزمەتكردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و بەها پیرۆزەكان بەردەوام بن.