سەربەخۆیی له بڕیاردان .. خواكوڕك وەك نموونە

10

یونس حەمەد – ئۆسلۆ
لەو سەردەمەی کەوا هیچ ئومێد نەدەبینرا و ئاسۆیەك دیارنەبوو بەوەی گەلی کورد، دوای ئەوەی ڕاوەستانی جەنگی هەشت ساڵەی عێڕاق – ئێران لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری لەسەردرا، ئاخۆ چی بەسەر ئەو گەلە دێت، چونکه کاتەکه یەکجار ناسك و بێ هیوایی بوو، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچوون کە ئەمجارەشیان کوردستان بەرەو ئاسۆیەکی نادیار هەنگاو دەنێت، بۆیە گەلی کورد لەم کاتانەدا بەگومانەوە سەیری دیڤاکتۆی ئەو سەردەمی دەکرد، هەروەها زۆرێک له چاودێرانی سیاسیی هەرێمی هەتا وەکو جیهانییش پێیانوابوو کە دوای ڕاوەستانی جەنگی هەشت ساڵه کۆتایی به بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستان دەهێنرێت، بەو هۆکارەی ئەو سەردەم زۆربەی دەرگاکان بەڕووی کورد داخرابوون چ لەڕووی دیپلۆماسی و سیاسی یا ئەوەتا سەربازیدا، چونکه چەک و تەقەمەنی هێزەکانی کوردستان چەکی سەرەتایی بوون، دوژمن وای دەبینی بەوەی کورد توانای بەرەنگاری و مقاوەمەتی نییه، بەڵام پێچەوانەکەی ڕاست بوو، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەسەرکردایەتیی سەرۆك مەسعود بارزانی گەورەترین داستانی له “خواخوڕک”دا تۆمارکرد، بەمەش هەموو ئاماژە هەڵەکان پێچەوانە بوونەوە، پێشمەرگه بە گەورەترین دەستکەوت هاتەوە نێو گۆڕەپانی جەنگ بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان.

ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ مێژووی چەند ساڵێک بەر له کۆتایی هەشتاکانی سەدەی بیستەم، ڕژێم هەموو تواناکانی خستبووە گەڕ تاوەکو ژێرخانی کوردستان دابڕمێنێت، ئەگەرچی تاڕادەیەک به هۆی ئەنفال و زیندەبەچاڵ و کیمایاباران و ڕووخانی گوند و دێهاتەکان ڕژێم سەرکەوتنی کاتی بەدەستهێنا، بەڵام له خواکوڕكدا وڵامەکەی وەرگرتەوە، که تاهێزی پێشمەرگەی کوردستان مابێت پرس ودۆزی کورد به زیندوویی دەمێنێتەوە. هەشت ساڵ عێڕاق و ئێران شەڕێکی ماڵوێرانکەریان بەرپاکرد، به گوێرەی ژمارە و داتەکانی جەنگی له هەر دوو لادا ملیۆن کوژراو و بریندار و بێ سەروشوێن و دیل هەبوون، لەگەڵ ئەوەشدا زیانی ئابووری و بێ ورەیی باڵی بەسەر عێڕاقدا کێشابوو، وڵاتێک که هیچ هیوا و ئاواتێکی لێ نەدەبینرا.

لەم سۆنگەدا دووربینی سەرۆک مەسعود بارزانی که ڕاستەوخۆ له پێشەوەی بەرگری و فیداکاری بوو، ئاماژەی بەو خاڵەکرد که ڕژێم لەم جەنگەدا دوچاری دۆڕانێکی گەورە بۆتەوە، ماوەیەکی دیکە هەموو بابەتەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و ڕوون دەبنەوە، هەرواش دەرچوو، بابەتەکان زۆری پێنەچوو گۆڕانکاری گەورەیان بەسەردا هات، شەڕی بەرگریی خواکوڕک خاڵێکی گرینگ و وەچەرخانی سەلماند چ بۆ ناوخۆ چ وڵاتانی هەرێمی و هەروەها بۆ تێکڕای جیهان بەوەی کورد کاغەزی دەستی کەس نییه بۆ مۆرکردن، بەڵکو کورد خاوەن کێشەیە هەتاوەکو پرسەکەی چارەسەر نەکرێت لەخەبات وتێکۆشان ڕاناوەستێت، بەواتایەکی دیکە ئەو خەباتەی کورد له پێناوی دەجەنگێت پەیوەست نییه بەهیچ بابەتێکی دیکەوە، بەڵکو خەباتەکەی پەیوەستە بە دۆزەکەی، هەربۆیە له بڕیاردان سەربەخۆیه، جا خواکوڕک بەگشتی جەنگی کورد بوو دژ بە ڕژێم، ئەو جەنگە خۆڕاگرییە بڕیارێک بوو که گەلی کورد دایبوو که دەبێت ئەوە بسەلمێندرێت کە پرسی کورد بەهیچ شێوەیەک پەیوەست نییه به جەنگی عێڕاق و ئێران، یان بەهیچ کێشە و گرفتێکی دیکەوە، بەڵکو کورد بەردەوامه له ژیان تا زامنکردنی مافی خۆی، بۆیە جەنگی خواکوڕک نەوەک لەڕووی سەربازی، بگرە له گۆڕەپانی سیاسییشدا وانەیەکیان دایه ڕژێم که بینرا دواتر چۆن ڕەوش و بارودۆخەکە گۆڕانکاری بەسەردا هات، سەربەخۆیی بڕیاردان زەمانەتێکه بۆ هەر گەڵ و نیشتمانێک. جا کورد به ڕابەرایەتیی پارتی و بارزانی هەمیشە بڕیاری بەدەست خۆی بووە، لەم ڕوانگەیەوە گەل متمانەی تەواوی داوەتە دەست پارتی و سەرۆک بارزانی بۆ بەدەستهێنانی تەواوی مافەکانی گەلی کوردستان، جا لێرەدا خواکوڕک بۆتە دیرۆکێکی یەکجار مەزن له خەباتی ئەم گەلەدا، چونکه چاوەکان لەسەر ئەوەبوون که دوای تەواوبوونی جەنگی هەشت ساڵه ئیتر کورد و خەبات کردن لەم پێناوەدا کۆتایی دێت، بەڵام دواجار خواکوڕك ئاخافتنی خۆی لەمبارەیەوە بەجیهان نیشان دا که کورد گەلێکی چەند مەزن و خۆڕاگرە، چ له سەربازی یان له سەربەخۆیی له بڕیاردان.