سەرما و نەخۆشی زۆرینەی بەرهەمی ئەمساڵی دارگوێزەكانی هەورامانی تەخت و لهۆنی لەناوبردووە

9

خەبات: عەلی بانیشاری:- بۆ هەفتەیەك دەچێت تەكاندنی گوێز لە هەورامان دەستیپێكردووە و چاوەرێ دەكرێت لە 10 رۆژی داهاتوودا گوێزی وشكی ئەمساڵ بگاتە بازاڕەكانی باشووری كوردستان. خاوەن دارگوێزەكانی هەورامان دەڵێن: هیچ ساڵێك هێندەی ئەمساڵ بەرهەمی دارگوێزەكان خراپ نەبووە و كەم گوێز هەیە بەرهەمی باشی هەبێت. گوێزفرۆشێكیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بەهۆی كەمی بەرهەمی دارگوێزەكانەوە بەراورد ساڵی رابردوو نرخی گوێز زۆر زیاتر بەرزبووەتەوە.

عەباس مەولود، یەكێكە لە خاوەن باخەكانی شارۆچكەی تەوێڵەی ناوچەی هەورامان كە نزیكەی 15 دارگوێزی هەیە و دەڵێت: چاوەڕێمان دەكرد ئەمساڵ دارگوێزەكانمان بەرهەمێكی باشیان هەبێت، بەڵام بەداخەوە وا دەرنەچوو، پێم وابێت هیچ ساڵێك هێندەی ئەمساڵ بەرهەمی دارگوێزەكانی هەورامان خراپ نەبووە. دەشڵێت: بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كەڕوو و هەروەها بوونی ئەو بەفرە زۆرەی ئەمساڵ لە ناوچەكەدا باری، دوو هۆكاری سەرەكین بۆ ئەوەی زۆرینەی دارگوێزەكان بەرهەمیان بفەوتێت.

بەپێی ئەو سەرژمێرییەی ساڵی 2014 بەشی باخداری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە بۆ دارگوێزەكانی سنووری پارێزگاكەی كردووە، لە باخەكانی هەورامان و سەرگەت و ئەحمەدئاوا و هاوار و گریانە كە كەوتوونەتە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكە نزیكەی 110 هەزار دارگوێز هەن.
رزگار گەچێنەیی، نزیكەی 20 ساڵە لە بازاڕی شارۆچكەی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە كاری كڕین و فرۆشتنی گوێز دەكات. ئەو كە زۆر كەسی دەڤەرەكە دەیناسن و بۆ گوێز كڕین رووی لێ دەكەن بە (خەبات)ـی راگەیاند: پەیوەندیم بە خاوەن باخەكانی هەورامانی تەخت كردووە تا گوێزم بۆ دانێن، ئەوانیش پێیان راگەیاندووم بەهۆی ئەو سەرما بەهێزەی لە مانگی شوباتدا رووی لە هەورامانی تەخت كردووە ئەمساڵ بەشێكی زۆری دارگوێزەكان بەرهەمیان نییە.

دەشڵێت: بەهۆی كەمی بەرهەمی دارگوێزەكانەوە، نرخی هەزار دانە گوێز لە هەورامانی تەخت بۆ یەك ملیۆن و 500 هەزار تمەن بەرزبووەتەوە كە نزیكەی 80 هەزار دیناری عێراقی دەكات. ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی پەیڕەوكردنی سیستەمی رەسمی گومرگی، هەزار گوێز تا دەگاتە دەستی گوێزفرۆشەكان لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان نزیكەی 90 هەزار دینار دەكەوێت، ئەوەش بەراورد بە نرخی هەمان گوێز لە ساڵی رابردوودا 25-30 هەزار دیناری زیاترە.

ساڵی رابردوو نرخی هەزار گوێزی هەورامانی تەخت لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان لە نێوان 60-70 هەزار دیناردا بوو، بەڵام ئەمساڵ گوێزفرۆشەكان دەیانەوێت بە 95-100 هەزار دینار بیفرۆشنەوە بە كڕیارەكانیان. رزگار گەچێنەیی گوتیشی: هەركات گوێزی توركی و ئەمریكی و ئۆكرانی گەیشتە بازاڕ، نرخی گوێزی هەورامانیش دادەبەزێت، چونكە گوێزی دەرەوەش كڕیاری خۆی هەیە.

رزگاری گوێزفرۆش، ساڵانە گوێزی هەورامانی تەخت، هەماوەند، توسركان لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەكڕێت و لە دوكانە بچووكەیدا ساغی دەكاتەوە. وەكو خۆی دەڵێت: كڕیاری تایبەتم لە هەولێرەوە هەیە و بۆ 500 گوێز دێتە لام، لە سلێمانی و هەڵەبجە و دەربەندیخانیشەوە ساڵانە ژمارەیەك كەس گوێزم لێ دەكڕن، گەشتیارانیش كڕیاری سەرەكی گوێزەكانمن.

سەبارەت بە بەرهەمی ئەمساڵی دارگوێزەكانی هەورامانی لهۆن كە بیارە و تەوێڵە و چەند شوێنێكی دیكە دەكات؟ گوتی: ئەوەندەی زانیاریم بە دەست گەیشتووە، ئەمساڵ هەورامانی ئەم دیوو بەرهەمی دارگوێزەكانی نزیك بووەتەوە لە سفر و چاوەرێ ناكرێت خاوەن باخەكان ئەوەندە گوێزیان هەبێت كە بیفرۆشن.

پێشتر نەجمەدین عومەر، بەڕێوەبەری بەشی باخداری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە بە (خەبات)ـی راگەیاندبوو (( چەند ساڵێكە نەخۆشی كەڕوو لە نێو دارگوێزەكانی هەورامان بڵاوبووەتەوە و زیانی بە رەگی درەختەكان گەیاندووە و ئەوەش وایكردووە بڕی بەرهەمی ساڵانەی دارگوێزەكان كەم بكات)). باسیلەوەشكردبوو، ژمارەی ئەو دارگوێزانە ساڵانە تووشی نەخۆشییەكە دەبن روو لە زیادبوونە. نەجمەدین عومەر داواشیكردبوو، رێوشوێنی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەكە بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی زیانی زیاتر بەر خاوەن باخەكان نەكەوێت.