حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بووژانەوەی ژێرخانی پڕۆژەكان و وەبەرهێنان لە سلێمانی، چەندان پڕۆژەی گرنگی جێبەجێ كردووە و بەردەوامیش هەوڵ دەدات وەبەرهێنانی گەورە لەو شارە جێبەجێ بكرێت و ڕێگا سەرەكییەکانی شار و قەزاكان بەدووساید دەكات.

زیاد كاكە ڕەزا، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: “یەكێک لەو پڕۆژانەی جێبەجێكردنی بۆ سلێمانی زۆر گرنگە، پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانییە و خزمەتی گەورە بە خەڵكی دەكات، ئێستا كاركردن تێیدا بەردەوامە و لە ماوەیەكی نزیكدا كاركردن تێیدا خێرا دەكرێت”.

زیاد كاكە ڕەزا گوتیشی: “بەدڵنیایییەوە دەڵێین حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی بە سلێمانی دەدات و خستنە واری جێبەجێكردنی شەقامی دووسایدی سلێمانی-دەربەندیخان و دەربەندیخان-كەلار، پڕۆژەی گەورە و ستراتێژین”.

دەشڵێت: “بڕیاری دروستكردنی چەند بەنداوێك دراوە و دروستكردنی سایلۆ بۆ بەرهەمی گەنمی جووتیاران، تاكوو جووتیاران ساڵانە پەرە بدەن بە بەرهەمی كشتووكاڵییان و حكوومەت بڕیاریشی داوە سەرچاوەكانی داهات فرەچەشن بكات”.

گوتیشی: “لە ئیدارەی ڕاپەڕین چەندین پڕۆژەی گرنگ لە جێبەجێكردندان لە شسەقامی دووسایدی ناو ڕانیە و پردی دەرەبەندی ڕانیە و ڕێگای ئیدارەی ڕاپەرین و سلێمانی، لەگەڵ چەند پڕۆژەیەكی تری خزمەتگوزاری لەو ئیدارەیەدا”.

هێمای بۆ ئەوەش كرد: “حكوومەت دەیەوێت بووژانەوەیەكی گەورە بە سلێمانی بدات لە ڕووی وەبەرهێنانەوە، بە شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتی وەبەرهێنان لە هەولێرەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی وەبەرهێنان لە پارێزگاكان، كۆمەڵێک پڕۆژەی وەبەرهێنان لە سلێمانی جێبەجێ كراون و چەندان پڕۆژەش لە تەواوكردنی ڕێكارەكانی وەرگرتنی مۆڵەتی كاركردنن”.

”نۆژەنكردنەوەی ڕێگاكانی ناو شار لە سلێمانی و دەرەوەی شار بەردەوامە، لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی 9 بڕێكی زۆر پارە تەرخان كرا بۆ نۆژەنكردنەوەی ڕێگاوبانەكان.” زیاد كاكە ڕەزا وای گوت.

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی گوتیشی: “حكوومەت گرنگی بە سەوزاییی سلێمانی داوە و ساڵانە بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان كردووە، ئەمساڵ كەمترین گرفت هەبووە لە دابینكردنی ئاو بۆ باخچە و پاركەكان”.