دواى گه‌يشتنى به‌ به‌ريتانيا بۆ بەشدارى لە ڕێوڕەسمى ماڵئاواییکردن له‌ شاژنى كۆچكردوو ئێلێزابێسى دووەم، ئێواره‌ى ئەمڕۆ یەکشەممە 18ـی 09ـی 2022 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رميى خاوه‌نشكۆ شا چارلزى سێيه‌م، شاى شانشينى يه‌كگرتوو، له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ و ڕێبه‌رانى وڵاتانى جيهان له‌ كۆشكى شاهانه‌ى به‌كينگهام له‌ له‌نده‌ن، به‌ ياوه‌ريى باڵيۆزى عێراق له‌ به‌ريتانيا به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمى پێشوازى له‌ ميوانان كرد.

نێچيرڤان بارزانى، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشيى خۆى و گه‌ل و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى به‌ خاوه‌نشكۆ شا چارلزى سێيه‌م و خانه‌واده‌ى شاهانه‌ و گه‌ل و حكوومه‌تى شانيشنى يه‌كگرتوو و وڵاتانى كۆمۆنوێڵس گه‌ياند و هاوسۆزى و هاوخه‌مى له‌گه‌ڵياندا دووپات كرده‌وه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ خاوه‌نشكۆ شا چارلزى سێيه‌م سوپاس و پێزانينى بۆ نێچيرڤان بارزانى و به‌شدارييان له‌ پرسه و ڕێوڕه‌سمى ماڵئاوايى له‌ شاژن ئێلێزابێسى دووه‌مدا ده‌ربڕى.

نێچيرڤان بارزانى ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یەکشەممە له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رميى حكوومه‌تى به‌ريتانيا له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ و ڕێبه‌رانى وڵاتانى جيهان بۆ بەشدارى لە ڕێوڕەسمى ماڵئاواییکردن له‌ شاژنى کۆچکردووى شانشینى یەکگرتوودا گه‌يشتبووه‌ له‌نده‌ن و هه‌ر ئه‌مشه‌و له‌به‌رده‌م تابووته‌كه‌يدا له‌ په‌رله‌مانى شانشينى يه‌كگرتوو، به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمى ماڵئاوايى و نواندنى ڕێزدا بۆ شاژن ده‌كات.