سه‌ره‌تا هه‌مه‌ڕه‌نگ پێنج خوشكە جمكەكەی ئاگری بەیەكەوە دەچنە قوتابخانە

پێنج خوشكە جمكەكەی ئاگری بەیەكەوە دەچنە قوتابخانە

36

خەبات: لە شاری ئاگریی باكووری كوردستان، پێنج خوشك كە بە یەك سك لەدایكبوون، دوای ئەوەی تەمەنیان گەیشتە شەش ساڵ، بەیەكەوە چوونە بەر خوێندن، خەدیجە و فاتیح چیفتچی، دایك و باوكی ئەو پێنج خوشكەن لە قوتابخانەیەكی ئاگری هەر پێنج خوشكەكەیان بەیەكەوە ناونووس كردووە كە ناویان، تەنزیلە، رابیعە، حەوا، بەرفین و هیرانوورە. پێنج خوشكە جمكەكە بە جۆش و خرۆشێكی زۆرەوە خۆیان بۆ چوونە قوتابخانە، ئامادە كرد و لەگەڵ دایك و باوكیان چوونە قوتابخانە.

لە باخچەی قوتابخانەدا، پێنج خوشكەكە لەگەڵ قوتابییەكانی دیكە یەكتریان ناسی و پێكەوە دەستیان بە یاری كرد، دواتریش هەموویان چوونە ناو پۆلەكانیان.بەڕێوەبەری پەروەردەی پارێزگای ئاگری، حەسەن كۆكرەك سەردانی قوتابخانەكەیانی كرد لە لێدوانێكیشیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، باسی لەوە كرد كە ئەمساڵ لە پارێزگای ئاگری، 25 هەزار قوتابی دەچنە پۆلی یەكەمی سەرەتایی، گوتیشی: “بۆ ماوەی هەفتەیەك قۆناغی راهێنانی قوتابییەكان بەڕێوەدەچێت، لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا بەخێوكەری قوتابییەكان سەردانی قوتابخانەكان دەكەن و بەشەكانی ناوەوە و دەرەوەی قوتابخانەكان دەبینن. دەستكردن بە فێركردنی ئەم پێنج خوشكە، ئێمەی زۆر دڵخۆش كرد. لە نزیكەوە بە خۆیان و خێزانەكەیان، ئاشنا بووین.