پارێزگاری هەولێر لەمیانی پێشوازی لە ژمارەیەک قوتابى کورد کرد کە لە دەرەوەی وڵات لەدایکبوونە، ڕایگەیاند، هەولێرى پایتەخت، بۆتە شوێنى لەباوەشگرتن و خزمەتکردنى مرۆڤایەتى و پەناگەیەک بۆ لێقەوماوان.

ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی 09ـی 2022، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، پێشوازی لە ژمارەیەک قوتابى کورد کرد، کە لە دەرەوەی وڵات لەدایکبوونە و لەزانکۆکانى ئەڵمانیا و نەمسا و چەند وڵاتێکى ترى ئەوروپى دەخوێنن و بە مەبەستى لە نزیکەوە ئاشنابوون بوو بە کار و چالاکییە مرۆییەکان و پڕۆسەی خوێندن و پەروەردە بە شێوەیەکی گشتیی سەردانى هەولێرى پایتەختى هەرێمی کوردستانیان کردووە.

لەیدارەکەدا پارێزگاری هەولێر، باسى لە بەرنامەی کار و پلانی پارێزگا کرد بۆ ئەنجامدانى کارە مرۆییەکان و خزمەتکردنى هاووڵاتییان و گەیاندنى پڕۆژەخزمەتگوزاییەکان لە سێکتەرە جیاجیاکان، هەروەها تیشکى خستەسەر ڕەوشی ئاوارە و پەنابەران بە شێوەیەکى گشتیى لە هەرێمى کوردستان و پوختەیەکى لە بارەى دوایین پەرەسەندنەکانى ڕەوشى ژیانیان و پێشکەشکردنی ئەو هاوکاری و یارمەتی و خزمەتەى کە حکوومەتى هەرێم و پارێزگاى هەولێر پێشکەشی کردوون لە دابینکردنی پێداویستی و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانیان.

 ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند: سەرەڕای سەختى دۆخى دارایی و کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا، بەڵام لەڕووى مرۆیی و هاوکاریکردنى پەنابەران و لێقەوماوان، هەرێمى کوردستان بەگشتیى و هەولێرى پایتەخت بەتایبەتى بۆتە شوێنى لەباوەشگرتن و خزمەتکردنى مرۆڤایەتى و پەناگەیەک بۆ لێقەوماوان.

پارێزگارى هەولێر،  ئاماژەی بە ڕۆڵی زانکۆ و پەیمانگە و ناوەندە ئەکادیمی و زانستیەکاندا لە پێشختن و بەرەوپێشبردنى کۆمەڵگەدا و ئەرکی قوتابییانی وەک توێژێکی کارا لەو پرسەدا بە پێویست زانى و هیوای سەرکەوتنی بۆ قوتابییەکان خواست.

لەلایەن خۆیانەوە قوتابییان وێڕاى ئەوەى سوپاسى پارێزگارى هەولێریان کرد بۆ ئەو پیشوازییەى کە لێیانکرا، خۆشحاڵى خۆیان بەو پێشکەوتنە نیشاندا کە هەولێرى پایتەخت بەخۆیەوە بینیویەتى.