سه‌ره‌تا وه‌رزش پاڵەوانێتی تێنسی سەر زەوی بۆ کوران لە هەولێر بەرێوەچوو

پاڵەوانێتی تێنسی سەر زەوی بۆ کوران لە هەولێر بەرێوەچوو

81

خەبات:سولین سلێمان:- فیدراسیۆنی تێنسی کوردستان بە هەماهەنگی لقی هەولێری یەکێتی تێنسی کوردستان پاڵەوانیەتی کراوەی تێنسی کوردستانی بۆ ٦٧ یاریزانی تەمەن ٨ تا ١٨ ساڵان لە هەولێر بەرێوەچوو، بەمەبەستی هەماهەنگی زیاتر و بەهێزبوونی پاڵەوانیەتیەکە یاریزانانی تری شارەکانی عێڕاقیش بەشدارییان کردووە و پاڵەوانیەتیەکە ماوەی هەفتەیەک لە یاریگەکانی ئەکواپارک لە هەولێر بەردەوام بوو.

دکتۆر رۆستەم رەسول سەرۆکی یێکێتی تێنسی کوردستان لە لێدوانێکیدا تایبەت بۆ خەبات گوتی”ئەو پاڵەوانێتیە لەسەر ئاستی تاکە کەسی بوو بە شێوەی گروپات کە هەر گروپێک لە تەمەنی جیاواز پێکهاتبوون ، لە هەر ئاستێک دوو یاریزان بۆ قوناغی داهاتوو سەردەکەوتن دواتر لە یاری کۆتایی بەرامبەر یەکتری یەریان دەکردەوە.

گوتیشی جێگای خۆشحاڵیە کە زۆربەی ئەو یاریزانانەی کە توانیان پلەی یەکەم بەدەست بێنن خەڵکی شاری هەولێر بوون تەنها لە یێک ئاست یاریزانێکی شاری سلێمانی توانی پلەی یەکەم بەدەستبێنێت ئەویش تەمەنی 12ساڵ بوو.

دەربارەی شێوازی بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتیەکەیش سەرۆکی فیدراسیۆنی تێنسی کوردستان گووتی: بۆ ئەوەی دەرفەت زیاتر بە یاریزانان بدەین و زیاتر یاری بکەن، پاڵەوانیەتیەکەمان بەشێوازی ستانداردی جیهانی ئامادە کردووە و یارییەکان بەشێوازی کۆمەڵە بەڕێوەدەچێت، کە هەر کۆمەڵەیەک ١٢ یان ١٤ یاریزان لە خۆ دەگرێت و یەکەم و دووەمی کۆمەڵەکان لەگەڵ یەکتری یاریدەکەن، باسی کێشەو گرفتەکانی یاری تێنسیشی کرد و ئاماژەی بەوەدا کێشەی ئەوان پاڵپشتی مادییە، ئەگەر هاوکاریان بکەن پلانی زۆر باشیان هەیە و ئاستی تێنس لەوەی کە هەیە زۆر باشتر دەبێت، پێمان خۆش بوو چۆن لە هەولێر و دهۆک یاریگەی تێنس هەیە ئەوایش لە شارەکانی سلێمانی و کەرکووک یاریگەی باش و شایستە بە یاریزانان هەبوایە، کێشەیەکی تری ئێمە وەکو زۆربەی فیدراسیۆنەکانی تر نەبوونی بارەگایەکی تایبەتە بە خۆمان.

ڕۆستەم ڕەسوڵ لەبەشێکی تری قسەکانیدا باسی پلان و بەرنامەی فیدراسیۆنی تێنسی کوردستانی کردو گووتی: ئەگەر حکومەت هاوکاریمان بکات پلانمان زۆرە چاومان لەوەیە کە لەسەر ئاستی دەرەوەی کوردستان و عێڕاق هاوکاری یاریزانان و ناوبژیوانان و ڕاهێنەران بکەین بە بەشداری پێکردنیان لە خول و پاڵەوانیەتیە بەهێزەکان، یاخود کەمپی مەشق و ڕاهێنان بکەینەوە یاخود وانەبێژ و ڕاهێنەرانی دەرەوە بهێنین بۆ کوردستان سوود لە ئەزموونی دەرەوە وەربگرین، باسی ئەوەیشی کرد کە هەماهەنگی باشیان لەگەڵ فیدراسیۆنی تێنسی عێڕاق هەیە.