سه‌ره‌تا چاوپێكه‌وتن ئەربیل ئولا سەدەیەك قوتابخانە و ئێستایش مۆزەخانەیەكی شاری هەولێرە

ئەربیل ئولا سەدەیەك قوتابخانە و ئێستایش مۆزەخانەیەكی شاری هەولێرە

823

خەبات: هەولێر:- ئەربیل ئولا، یەكەم و كۆنترین قوتابخانە لە شاری هەولێر، دەكەوێتە سەنتەری شار و تەمەنی 100 ساڵە و ئێستایش بووەتە مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر و رۆژانە هاووڵاتییان و گەشتیاران سەردانی دەكەن. قوتابخانەی ئەربیل ئولا لە ساڵی 1926 لەسەر قەڵای هەولێر دادەمەزرێت، دوای ساڵێك لەناو بازاڕ و بەرامبەر شوێنی ئێستای بازاڕی نیشتمان لەسەر رووبەری 835 مەتر دروست دەكرێت، قوتابییانی كچ و كوڕ لە هەموو پێكهاتە جیاوازەكان كورد، توركمان، عەرەب، ئەرمەن و جوولەكە بەیەكەوە دەچنە هۆڵەكانی خوێندنەوە و ماوەی 80 ساڵ پڕۆسەی پێگەیاندن و خوێندنی تیایدا بەردەوام دەبێت، ماوەی 10 ساڵیشە بووەتە مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر و بەشێك لە كەلوپەل و دەستنووس و بەڵگەنامەی قوتابییان و مامۆستایانی تیادا نمایشكراوە كە بۆ 100 ساڵ لەمەوبەر دەگێڕیتەوە.

بەڕێوەبەری مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر، ئومێد بەرزنجی لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا، سەبارەت بە مێژووی قوتابخانەكە گوتی: “ئەربیل ئولا وەك یەكێك لە قوتابخانەكانی سەردەمی پادشایەتی لە عێراق، بیستەكانی سەدەی رابردوو دروست دەكرێت، هەرچەندە پێشتر هەولێر قوتابخانەی هەبووە وەكو قوتابخانەی ئایینی، بەڵام دوای ئەوەی هەست بە زۆربوونی رێژەی دانیشتووان لە هەولێر دەكرێت، بۆیە خەڵكی هەولێر نامەیەك بۆ مەلیكی یەكەمی عێراق، مەلیك فەیسەڵی یەكەم دەنێرن، بۆ ئەم مەبەستەش كەسایەتییەكی شاری هەولێر بەناوی ئەحمەد ناجی نامەكە دەنووسێت، دوای ماوەیەك لەلایەن وەزارەتی مەعاریفەوە وەڵام دەدرێتەوە كە پێویستە هەولێر بینایەكی تایبەت بە پەروەردە و خوێندنی هەبێت “

گوتیشی: “هەر بۆیە لە ساڵی 1926 قوتابخانەكە لەسەر قەڵا دادەمەزرێت و ناوی دەنێن ئەربیل ئولا، هەولێر لە كۆنەوە بەوە ناسراوە كە شاری پێكەوەژیانە، لەو سەردەمە خەڵكێكی زۆر لە شاری هەولێر لە نەتەوەكانی كورد، توركمان، عەرەب، كریستیان و جوولەكە هەموو ئەوانەش وەك چۆن لەناو گەڕەكەكان بەیەكەوەژیاون، ئەم پێكەوەژیانە رەنگدانەوەی لەناو قوتابخانەش هەبووە، رەنگە ئێستا لە وڵاتێكی وەكو ئەمریكا یان ئەورووپا هەست بە جیاوازی رەگەزیی و نەتەوەیی بكەی، بەڵام لێرە ئەو جیاوازییە نەبووە “.

بەڕێوەبەری مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر، مامۆستا ئومێد بەرزنجی ئاماژە بەوە دەكات كە یەك ساڵ دوای دروستكردنی قوتابخانەكە لەسەر قەڵا، داوا دەكرێت قوتابخانەكە لەخوارەوەی قەڵا و بە رووبەرێكی گەورەتر دروست بكرێت، هەر بۆیە دەوڵەت بوودجەیەكی بۆ تەرخان دەكات، بەڵام بوودجەكە بەشی تەواوكردنی ناكات و مامۆستا ئەحمەد ناجی لەسەر ئەركی خۆی تەواوی دەكات و گوتی: “ساڵی ١٩٢٦-١٩٢٧ بینای قوتابخانەكە لە خوارەوەی قەڵا و شوێنی ئێستا دروست دەكرێت، باڵەخانەیەكی دوو نهۆمی ١٣ پۆل، مامۆستا ئەحمەد ناجی پارچەیەك زەوی خۆی هەبووە لە گەڕەكی تەعجیل، ئەو پارچە زەوییە دەفرۆشێت و قوتابخانەكەی پێ تەواو دەكات و مامۆستا مەلا عەزیز وەك یەكەم بەڕێوەبەر دەستبەكاربووە، دواتر مامۆستا ئەحمەد ناجی دەبێتە بەڕێوەبەر و پاشان مامۆستا عەبدوڵا هەولێری كە پێیان دەگوت عەبە هەولێری دەبێتە بەڕێوەبەر و دەستەبژێرێكی سەركەوتوو لە قوتابییان پێدەگەیەنن كە تا ئێستاش كاریگەرییان لەسەر رەوتی پەروەردە لەم شارە هەیە “.

لەبارەی شێوازی خوێندن و دیراسەی قوتابییانەوە، مامۆستا ئومێد بەرزنجی دەڵێت “سەرەتای دروستبوونی قوتابخانەكە، دیراسە بە عەرەبی بووە، بەڵام وانەی كوردی هەر هەبووە، دواتر لە دوای ساڵانی ١٩٥٨ و دوای شۆڕش، دیراسە بووە كوردی و رەوتی پەروەردە و فێركردن لەم قوتابخانەیە بەردەوام دەبێت تا ساڵی ٢٠٠٣ و بۆ ماوەی حەوت ساڵ ئەم شوێنە چۆڵ دەبێت، دواتر نووسەر و مامۆستا ئیسماعیل بەرزنجی بیرۆكەیەك دەداتە وەزارەتی پەروەردە كە ئەم شوێنە ببێتە مۆزەخانە و ئەرشیفێكی پەروەردەیی كە تا ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگمەنە، بۆیە ئێرە دەبێتە یەكەم مۆزەخانە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان. “

دوای بوون بە مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەیی، دەست دەكرێت بە كۆكردنەوەی كەلوپەل و ئەرشیفی مامۆستا و قوتابییان و لەمبارەیەوە، مامۆستا ئومێد بەرزنجی گوتی: “لێرە ١٣ هۆڵ هەیە كە تایبەتە بە كەلوپەلی مێژوویی و بەناوی مامۆستا و بەڕێوەبەركان كراوە كە خزمەتێكی گەورەیان كردووە، سەرەتا مامۆستا ئیسماعیل بەرزنجی كەلوپەلەكانی خۆی هێنایە ئێرە و دواتر ئاگادارییەكیان بڵاوكردەوە و كوڕ و نەوەی كەسایەتییەكان وەفاداربوون و كەلوپەلەكانییان هێنا رادەستی ئەم مۆزەخانەیان كرد و ئێمەش بە ئەمانەتەوە هەڵمانگرتووە و دەیانپارێزین. “

ژوورەكان پڕن لە كەلوپەلی مێژوویی و سەرنجڕاكێشی وەك كتێب، ئاژەڵی مۆمیاكراو، كامێراكەی گیوی موكریانی و چەندان شتی دیكەی بەنرخ، ئەوەی زۆر سەرنجی سەردانیكاران رادەكێشێت، بۆن و عەتری مامۆستایانە كە لەپاڵ جلوبەرگ و بەڵگەنامە كۆنەكان، لەناو جامخانەكان نمایشكراون و دەرخەری پاك و خاوێنی و رێكپۆشی مامۆستایانە لەو سەردەمەدا، هاوكات رادیۆیەك نمایشكراوە كە كاتی خۆی مەلیك فەیسەڵ پێشكەیشی باخەوانەكەی ئەو قوتابخانەیەی كردووە.

ژوورێكی دیكە تایبەتە بەو كەسانەی لەو قوتابخانەیە خوێندوویانە و دواتر بوونە بە كەسایەتی سیاسیی، ئەدەبی و كاریگەرییان لەسەر كۆمەڵگا هەبووە وێنەی سەردەمی گەنجی و سەردەمی گەورەیی ئەو كەسایەتییانە لەو ژوورە هەڵواسراوە، لەبارەی ژووری كەسایەتییەكانیشەوە، مامۆستا ئومێد بەرزنجی گوتی: “بە سەیركردنی ژووری كەسایەتییەكان دەتوانین بیسەلمێنین كە رۆڵی پەروەردە و فێركردن چییە لە ژیانی تاك دا، زۆرن ئەوانەی دەچنە قوتابخانە، بەڵام ئایا چەندەن ئەوانەی دەبنە كەسایەتی، كەسایەتییەكان زۆرن كە وێنەی منداڵیی و گەورەیی تیاییدا دانراوە، لەم هۆڵەدا چەند كەسایەتییەك هەیە بۆ نموونە، شێخ خاڵس لێرە قوتابی بووە كە دواتر بووەتە یەكەم بەڕێوەبەری پەیمانگای پێگەیاندن، بەشێك لەوانەی لێرە قوتابی بوون و دواتر بوونەتە كەسایەتی گرنگ وەك نووسەرانی گەورە دكتۆر مارف خەزنەدار و مەحمود زامدار، یەكەم بێژەری كورد هاشم جەباری، هونەرمەندی گۆرانیبێژ محەمەد ئەحمەد ئەربیللی، هونەرمەند فوئاد ئەحمەد، سیاسەتمەدار ئایدن مەعروف و چەندان كەسی دیكە كە رۆڵ و كاریگەرییان هەبووە “.

ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان یەكێك لەو قوتابییانەی كە ماوەی شەش ساڵ قۆناغی سەرەتایی لەو قوتابخانەیە خوێندووە و بەچەندین پۆستی حزبی و حكوومییدا تێپەڕیووە و ئێستاش وەزیری هەرێمە بۆ كاروباری پێكهاتەكان و وێنەی سەردەمی منداڵی لە ژووری كەسایەتییەكان هەڵواسراوە، ئەو لەبارەی دەستپێكی خوێندنی لەم قوتابخانەیەدا، دەڵێت: “ئەم قوتابخانەیە مێژووە، رەمزی پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانە من لە ساڵی ١٩٧٦ وەكو قوتابی چوومە بەرخوێندن و ماوەی شەش ساڵ لەو قوتابخانەیە بووم و قۆناغی سەرەتاییم خوێند، ئێستا شوێنەكە بووەتە شوێنێكی مێژوویی، بێگومان ئەوكات شاری هەولێر بچووك بوو قوتابییان و خوێندكاران لە قەڵات و گەڕەكەكانی دەوروبەری وەك سەعدوناوە، تەیراوە، خانەقا و سەیداوە، زیاتر لەم قوتابخانەیە دەستیان دەكرد بە خوێندن “.

ئایدن مەعروف كە ئێستا وەزیری هەرێمە بۆ كاروباری پێكهاتەكان، باس لە پێكەوەژیانی نەتەوەكان دەكات لەو سەردەمەدا و دەڵێت “ئەوكات زیاتر گرنگی بە خوێندن دەدرا، مامۆستاكان زۆر بەجددی گرنگییان بە قوتابی و بواری خوێندن دەدا، مامۆستا رۆژانە ئەركی دەدا بە قوتابییەكان و دواتر بەدواداچوونی دەكرد، ئەگەر قوتابییەك ئەركەكەی جێبەجێ نەكردایە ئەوا مامۆستا پەیوەندی بەخێزانی قوتابییەكانەوە دەكرد، قوتابی لە هەموو پێكهاتەكان هەبوون، بەتایبەتی نەتەوەی كورد، توركمان و كریستیان كە هیچ جیاوازییەك نەبوو، ئەو پێكەوەژیانەی كە ئێستا باسی دەكەین، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ رابردوو “.
ئایدن مەعروف گوتیشی: “كاتێك من لەو قوتابخانەیە بووم ناوی ئیبن خەلەكان بوو، زۆر بیرەوەریمان هەیە لەگەڵ قوتابییەكان و مامۆستایان، هەرچەندە لەیەكتر دابڕاوین و نایانبینمەوە، رۆژانی سەختی خوێندنی ئێمە كاتی دەستپێكردنی شەڕی نێوان عێراق و ئێران بوو لە ساڵی ١٩٨٠ كە ماوەی چوار مانگێك پڕۆسەی خوێندن راگیرا و دواتر دەستمان پێ كردەوە “.

وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان ئایدن مەعروف كە وەك خۆی دەڵێت مانگانە سەردانی شوێنەكە دەكات، یان كاتێك بەبەردەم قوتابخانەكەدا دەڕوات هەستێكی تایبەتی هەیە بۆ یەكەم فێرگەی خوێندن و دەڵێت: “مانگانە سەردانی ئەو شوێنە دەكەم، هەست دەكەم كە شتێكمان بەڕێكردووە و دووبارە نابێتەوە، ئەو شوێنە یەكەم جێگای فێربوونمە و هەمیشە شانازی پێوە دەكەم “.

لە ساڵی ١٩٣٠، عەبدولجەبار ئاغای شاعیر كەناسراوە بە (كانی) شیعرێكی لەسەر ئەو قوتابخانەیە نووسیووە و، لەئێستادا شیعرەكە لە رووی دەرەوەی دیواری قوتابخانەكە نەخشێنراوە و بەمشێوەیە:
لەهەولێر مەدرەسەی یەكەم گوشابوو
هەموو مەكتەب لەحەژمەت مەحنەنابوو ..
لەشكلی قەسری ئیرەم هاتە مەوجوود
لە بۆیە لایقی مەدح و سەنا بوو ..
لەتیسە مەنزەرەی مەنزووری عالەم
بینایەكی عەجایب دڵگوشابوو ..
بەشادی مولك و میللەت بوو موعەمەد
حەقیقەت زۆر موزەیەن چاكرابوو ..
دەڵێ بێ «نۆ» و «دە»ش تاریخی كانی
لەلاشم هەر وەكو جەننەت سەرا بوو.

ئایدن مەعروف
ئومێد بەرزنجى