لە یادی 61 ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلولدا

43

سەلام عەبدوڵڵا

زۆرینەی گەلانی عێراق پێشوازییەکی گەرمیان لەو کۆدەتا سەربازییەی چواردەی تەموزی ساڵی 1958 کرد کە لەمەودوا بە شۆڕشی چواردەی تەموز ناوزەد کرا، بە گەلی کوردیشمانەوە ھەر زوو پشتیوانی کرد، بەو هیوایەی بارودۆخێکی لەبارتر بڕەخسێت بۆ بەدیهێنانی داوا ڕەواکانی گەلەکەمان و فەزایەکی ئازاد بۆ کاری سیاسی لە سەرانسەری عێراقدا فەراهەم بکات.

ئەگەرچی لە سەرەتادا، دەسەڵاتدارانی نوێی عێراق هەندێ بڕگەی لە دەستووری کاتیدا لە بەرژەوەندی گەلەکەمان چەسپاند کە مایەی پێشوازییەکی گەرم بوو، بەڵام هەر زوو ئەو ڕاستییە بۆ گەلی کوردمان دەرکەوت کە ئەوانە هەمووی مەرەکەبی سەر کاغەز بوون و لە بری ئەوە باڵی عەروبی و شۆڤێنییەت دەستی بە سەر سیاسەتی دەسەڵاتداراندا گرت و کەوتنەوە ـجارێکیترـ دژایەتی گەلەکەمان و دووبەرەکی نانەوە و پاشگەزبوونەوە لە پەیمانەکانیان، بۆیە ئیدی بەرانبەر ئەو سیاسەتە چەوتە لە دەستبردن بۆ چەک و بەرەنگاری ئەو هێرشە ناڕەوایە کە بە ئاگر و ئاسن دەستیپێکرد، چارەیەکی تر نەما.

بارزانیی نەمر کە بە هیوایەکی زۆرەوە لە دەربەدەری لە خاکی سۆڤییەت گەڕابووەوە و لەگەڵ هەوڵی بێوچانی بۆ ئاشتی و تەبایی و دەستپێشخەرییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، سوودی نەبوو بەرانبەر ئەو تەوژمە شۆڤێنییەی ئەوکات باڵادەست بوو، بۆیە گەلەکەشمان چەکی مەردایەتی کردە شان و لە یازدەی ئەیلوولی 1961 سەرەتای شۆڕشی ئەیلولی راگەیاند.

شۆڕشی مەزنی ئەیلول زیندووکردنەوەی هەستی نەتەوایەتی و بیناسازی شەخسییەتی کوردی و بڕوابەخۆبوون و دۆزە ڕەواکەی بوو، کە هەرزوو جێگەی خۆی لە دڵ و دەروونی تەواوی نیشتمانپەروەرانی گەلەکەماندا کردەوە و قۆناغێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشان و دامەزراندنی سیستەمی بەڕێوەبردن و پەروەردە و تەندروستی و یاسایی لە ناوچە رزگارکراوەکاندا دەستیپێکرد، ئەوە سەرەڕای دامەزراندنی هێزێکی سەربازیی تۆکمە کە ئەرکی داکۆکی لە گەلەکەمانی خستە سەرشانی و دەیان داستانی شکۆمەند و سەرکەوتوویی لەو جەنگە پیرۆزەدا بۆ گەلەکەمان تۆمار کرد و لەمەودواش حکوومەتی عێراقی ناچار کرد بە رێککەوتننامەی ناسراو بە یازدەی ئازار کە تا ئەمڕۆ بەڵگەنامەیەکی مێژوویی سەرکەوتنی خەباتی سیاسی چەکداری گەلەکەمانە.

بەرز و پیرۆز بێت ئەو یادە مەزنە و هەزاران چەپکە گوڵ بۆ سەر مەزاری شەهیدان.