كەوسەر جەبارە
چەندین جواننووسی كورد، بە جوان نووسینی عەرەبی لە عێراق و چەند وڵاتێكی دیكەی ئیسلامی ناسراون. چەندین لەو جواننووسانەش لەسەر ئاستی عەرەبی و جیهانیدا ناسراون، لەوانە جواننووس، بژار ئەربیلی، كەلەگەڵ جواننووسێكی دیكەی عەرەب (محەمەد دیب جەلول) بۆ نووسینەوەی قورئانی شێخ خەلیفەی كوڕی زاید ئال نهەیان دەست نیشان كران، هەردوو قورئانەكەش دوای دوو ساڵ و نیو كاركردن، خرانە بەردەم لیژنەیەك لە گەورە جواننووسان، ئەوانیش قورئانەكەی ئەربیلیان هەڵبژارد. چەندین ملیۆن دانە لەو قورئانە بە قەبارەی جیاواز چاپ كرا و بەسەر وڵاتاندا دابەش كرا. خالید ئەلجەلاف.
سەرۆكی كۆمەڵەی ئیمارات بۆ هونەری نووسینی عەرەبی و نەخشسازیی ئیسلامی، لەبارەی ڕۆڵی گرنگی جواننووسانی كورد لە پیشەكەدا دەڵێت:” جواننووسانی كورد هیچیان لە جواننووسانی عەرەب كەمتر نییە، ئەگەر لە پێش ئەوانیشەوە نەیەن” ئەلجەلاف، كە بێجگە لەوەی سەرۆكی كۆمەڵەی ناوبراوە، سەرنووسەری گۆڤاری (حوروف عەرەبی)یشە، لە بارەی ڕۆڵی جواننووسانی كورد و بوونیان لە بواری نووسینی عەرەبیدا دەڵێت:” جواننووسانی كورد شوێن پەنجەی تایبەتی خۆیان بەسەر نووسینی عەرەبیدا هەیە، بۆیە ئەمەش دەڵێم چونكە، چەندین ناوی ناسراوی وەكو سەباح ئەربیلی، بژار ئەربیلی و هی تریش هەن، كە خودان ئاستی هونەری بەرزن، كە شیاندوونی چەندین خەڵات لە نووسینی عەرەبیدا وەربگرن، قسەكردن لە سەر ڕۆڵی ئەو جواننووسانە، پێویستی بە گەڕان و پەیجۆری مێژوویی هەیە، بەڵام دەتوانم بڵێم، جواننووسانی كورد، هیچیان لە جواننووسانی عەرەب كەمتر نییە، ڕەنگە لە پێش ئەوانیشەوە بێن”.
ئەلجەلاف، لە بارەی قوتابیخانەی عێراقیش بۆ نووسینی عەرەبی دەڵێت: ئەمڕۆكە كە باسی قوتابیخانەی عێراقی دەكەین، دەبینی جواننووسانی كورد لە سەرووی لیستەكەوە دێن، نەخاسمە سەباح ئەربیلی، كە گەیشتووەتە ئاستی جیهانیی، چەندین ساڵ لە قەتەڕ ژیاوە و ئێستاش لە بریتانیا نیشتەجێیە، سەباح لە نیگاركێشان و نووسینی عەرەبیدا بلیمەتە و لەسەرووی لیستی جیهانی نووسینی عەربییەوە دێت، خۆیشی كوردە”.
بێجگە لە سەباح و بژار، چەندین جواننووسی كوردی دیكە هەن، كە ڕۆڵێكی بەرچاویان لە نووسینی عەرەبیدا هەیە، وەكو ئەحمەد عەبدولڕەحمان، زیاد ئەندازیار و چەندانی تر، لەگەڵ چەند خانمە جواننووسێك، وەكو چۆن، محەمەد ئەلنوری، جواننووسی عێراقی ئاكنجی لە ئیمارات، كە لە ناوەندی ئەلشاریقە بۆ نووسینی عەرەبیش لەوەتەی دامەزراوە، وانە دەڵێتەوە، ئەلنوری لە بارەی پەیوەندی نەتەوە بە هونەرەوە گوتی:”هونەر پەیوەندی بە نەتەوەوە نییە، یەكێ لە خراپترین چەمكە مێژووییە قووڵ بووەكان لە هۆشیاریی گەلاندا، مەسەلەی نەتەوەیە، كە وێرانكەری تاك و هونەرە، نووسینی عەرەبی، بووەتە هونەرێكی جیهانی و لە سنووری نەتەوایەتی ڕەتی داوە، كە كارێك پێشكەش دەكەین، وەكو هونەر پێشكەشی دەكەین، نەتەوایەتیش هیچ ڕۆڵێكی لە دەرخستنی هونەرێكی دیاری كراودا نییە، نەخاسمە جواننووسی، ڕەنگە هونەرەكانی تر، ڕۆڵیان لە دەرخستنی نەتەوە جیاوازەكاندا هەبێت، بەڵام نووسینی عەرەبی، نەخێر. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دەبینین زمانی كوردی بوونی لە تابلۆكانی نووسینی عەرەبیدا هەیە، چونكە چەندین جواننووس، هۆنراوەی كوردی،پەند و ئامۆژگارییان بە زمانی كوردی نووسیووە، بۆ ئەمەش پیتی عەرەبی و جوانییەكانیان تەوزیم كردووە، وەكو چۆن جواننووسانی توركیش، چەند كارێكیان بە زمانی عەرەبی پێشكەش كردووە، بەڵام بە زمانی توركی، بەڵام هیچ كارێكی جیاووكی ئەوانم لە خەیاڵدا نییە، كەچی ئاماژە بە كارەكانی جواننووسی كورد، بژار ئەربیلی دەكەم، ڕەنگە لە دیارترین ئەو ناوانە بێت، كە هۆنراوەی كوردی بە جوانییەكانی نووسینی عەرەبی پێشكەش كردووە. بژار، لەبەر جیاووكییەكەی، بۆ نووسینەوەی قورئانی شێخ خەلیفە لە ئیمارات دەست نیشان كرا، كە هەر خۆی نووسی، پاشان چاپ كرا و دابەشیش كرا، بۆیە پێویستە ببێتە مایەی شانازی جواننووسانی كورد و قوتابیخانەی عێراقی لە نووسینی عەرەبیدا”.
وەرگێڕانی: ڕەمزی میرەكانی
سەرچاوە: www.al-aalem.com