سهرهتا وتار ئایا میدیا دەتوانێت دەرمان بێت بۆ ئەم دەردەی ئێستای عێراق؟
پ.نەزاکەت حسێن
میدیا ئامرازێکی سنوردارو دیاریکراو بۆیەک مەبەستی ئیش کردن وکارکردن و یەک ئامانج بەرهەم نەهاتوە،تاکو کاریگەریەکەی دیاری کراوبێت، پسپۆڕێکی بواری میدیا دەڵێت” میدیا دەتوانێت ئاوێک بۆ کوژاندنەوەی ئاگرێک یان بەنزین بێت بۆ هەڵگیرساندنی” ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێت کە کاریگەری ئەم ئامرازەو ئیشەکەی سنوردارنیە، مێژووی بەکارهێنانی لەجەنگەکان وەک ئامرازی هێورکردنەوەی جەنگەکانیش ئەمەی سەلماندوە، جەنگی ناوخۆی ‘روەندا’ کە جەنگێکی ترسناکی یەکتر قڕکردنەوەی نێوان دوبەرەبوو ،کاتێک رۆژنامەنوسانی هەردوو بەرە هاتن ستۆدیۆیەکی هاوبەشیان دروست کردو زیانەکانی جەنگ و ئایندەی وڵاتیان بۆ دانیشتوان رونکردەوە وبەردەوام بەرهەمی ئەوەیان نمایش دەکرد زیانەکانی ئەم جەنگەچیە بۆ خەڵک و وڵات، بوە هۆی هێورکردنەوەو رۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبوو لەوەستانی جەنگەکە.
لەیەکێک لەجەنگەکانی جولەکەوعەرەبە فەلەستینیەکان رۆژنامەنوسێک وێنەی دوو دایکی لەسەرگۆڕی کورەکانیان گرت و گرتەیەکی ڤیدیۆیی لێ دروست کرد کە یەکێکیان دایکی جولەکە کوژاروەکەو ەئەویتریان دایکی عەرەبە فەلەستینیە کوژراوەکە بوو کە چۆن کوڕەکانیان دەلاواندەوە ،کاریگەری کردە سەر خەڵک لەهەردولاو جەنگەکە هێوربویەوە.رۆڵی میدیا لەجەنگی ڤێتنام ئێستاش بابەتی توێژینەوەو گفتوگۆ و نموونە هێنانەوەی پسپۆرانی بواری میدیایە،کە بە راپۆرتەکان رۆژنامەنوسەکان دەیانکرد لەسەر پیشاندانی لایەنی نەرێنی جەنگ و قوربانیەکانی، وایکرد خەڵک پشتگیری جەنگ نەکات،هەرکاتیش جەنگ پشتگیری خەڵکی لەدەستدا ،بێگومان سەرکردەکانیش ناتواننن بەردەوامی بەو جەنگە بدەن. واتەمیدیا رۆڵی ناشیرین کردنی جەنگ بوو لای خەڵک لەوجەنگەدا وهەواڵ و زانیاریەکانی جەنگیان روماڵ دەکرد ودەیانبرد وادایان دەڕشتەوە کە لای خەڵک جەنگ قێزەون و ناشیرین بکات.
لەولاشەوە رۆڵی وەک هەڵگیرسێنەرری جەنگ و بڵاوکردنەوەی ئایدیا توندوتیژی چیرۆک و مێژووی جەنگی هیتلەرو بڵاوکردنەوەی بیری نازیەت و توندڕەوی لەلایەن’گۆبڵز’ بەڵگەیە لەبەردەستمان و رۆڵی کاریگەری میدیامان بۆ دەگێڕیتەوە لە جەنگ و درێژەدان بەجەنگ، یۆڤاڵ نوح هەراری پرۆفیسۆری سەردەم دەڵێت’میدیا هێزە بەڵام هێزێکی مەعریفی لای هەرکەس ولایەنێک بێت وەک د ەسەڵات دەتوانێت بەکاری بهێنێت، خۆشمان دەزانین هێزی مەعریفی کار لەسەر ئەندێشەو فیکر دەکات وروئیا ورای گشتی دروست دەکات و دەتوانێت دەستکاری دیدگاو بۆچونمان بکات.
کەی دەتوانێت رۆڵی هێورکردنەوە بگێڕێت کە رۆڵی نێوەندگیری بگێرێت لەنێوان بەرەی نەیارەکان،نەک لای ئەم بەرە نەیارانە بێت و بەئاراستەی دژی لاکەی تربێت وشەرعیەت بەلایەک بدات دژی لاکەی تر،ئەمەش بەمیدیایەکی نیشتمانی وبەرپرس دەکرێت کەبوونی هەبێت لەوڵاتدا نەک ئەویش وەک هێزێک لای گروپ ومیلیشاو پارت وتاقمەکان بێت لەپاڵ هێزە مرۆیی و سەربازی و ئابوریەکەی تر بەکاریبهێنن،کەئەمە بەئاشکرا هەیە لە میدییا عێراقی، بەداخەوە میدیا نیشتمانی و بەرپرس لەعێراقدا بوونی یان هەرنیە یان زۆرکەمە،لەکاتێکدا عێراق وڵاتێکی فرەیی نەژادو ئاین و مەزهەب ونەتەوە زمانە.پسپۆرێکی بواری میدیای نیشتمانی دەڵێت’ بوونی میدیایەک بۆ نیشیتمان کاربکات و بەرپرسیاریەتی نیشتمانی هەبێت بۆ هەموو وڵاتێک گرنگە، بەڵام بۆ ئەو وڵاتانەی فرەیین و ململانێی پێشوو مێژویان هەیە نەبوونی وەک ئەستیرەیەک بەئاسمانی ساماڵەوە دیارە.” لەولاشەوە گراهام کە لەبواری پەخشی نیشتمانی چەندنی توێژینەوەی هەیە دەڵێت” ئەگەر بمانەوێت خەندە بۆسەرلێوی هاوڵاتیان بگێڕینەوە خاویان کەینەوە لەتوندوتیژی دەبێت دەستکاری سەردێڕی هەواڵەکان بکەین،چونکە سەردێڕی هەواڵەکان بەداخەوە زۆربەیان باسی کارەسات و توندوتیژیەکانن وەک لەدەست کەوتەکان وشتە خۆشەکان.
“لەئێستاشدا میدیا نوێ و سۆشیاڵ میدیا ئەوەندەی تر گۆمەکەی قوڵ کردەوە ،چونکە بێ فلتەرو دەرگاوان و بێ یاسایەکی تۆکمە و ئیتیکێک بۆ ریکخستنی کاردەکات بەداخەوە. بۆیە چەندین هەوڵ بدەین بۆ نزیک کردنەوەی لایەنەکان دروست کردنی لێک تیگەیشتن لەنێوانیان ناتوانین سەرکەوتوبین، تا میدیا و زمانی میدیا خاونەکەینەوە،ئەوەتا تویتی سەرکردەیەک بەرپرسێک یەک چرکە مەیدانەکە دوروژینێت ولەولاشەوە خاوی دەکاتەوە. میدیا ئەمڕۆ هێزە نەرم وشاراوەو کاریگەرەکەی لە هەڵکشان و داکشان کە بەداخەوە فەرامۆشمان کردوە نزیکی چارەکەسەدەیەک لە ئازادی ئەم وڵاتە بیر لە دامەزراندنی ئەمجۆرە لەمیدیا نەکرایەوە میدیا وەک چەک کەوتە دەستی پارت و گروپ و تاقمەکان کە نایانەوێت نەیەکتر قەبوڵ کەن نە بەدەسەڵات و حوکمڕانی ئەوی دی رازیببن.